بۆ ئەوەی دۆخەكە لەئێستا خراپتر نەبێت!

05/08/2020

كەمال رەئوف

لەماوەی سی ساڵی رابردوودا، جگەلەوەی نەتوانراوە دەست بەشتە جوانییەكانی كۆمەڵگەی پێش راپەرینەوە بگیرێت، لەپاڵ ئەوەشدا زۆر شتی جوانی تریش ناشرین و قێزەون كران. 

حیزبایەتی، میدیا، بازرگانی و بازار، پەیوەندی كۆمەڵایەتی، متمانە و لەخۆبردن و خوێندن، تەنانەت ئەو جوانییەی، كە شارە كوردییەكان بۆ پێكەوە ژیانی ئاین و نەتەوە جیاوازەكان وەك بەشێك لەلكلتوری كوردەواری، كە لەرابردوو هەبوو، هەموو سەروژێر كران و ناشرین كران یان فەنا بوون و لەبیركران.

كوردایەتی و نیشتمان پەروەری، سەربەخۆیی و خەباتگێری، كە بەناو كرۆك و بنەما و حیكمەت و دروشمی سەرەكی و ستراتیژی دروستكردنی حیزبە كوردییەكانە، هەر لەسەر دەستی خۆیان، هێندە ناشرین كران، بوونەتە زەرەرمەندی یەكەم و بوونەتە چەمك گەلێكی گاڵتەجاری بێ ناوەرۆك، بەدوای ئەویشدا، پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵات وحوكمرانی و خۆبەرێوەبردن، لەسەر دەستی پارتی و یەكێتی شكستی هێناوەو هێندە ناشرین كراوە، كە بووەتە ئەو شتە ناشرینەی لای زۆرینەی خەڵك بووەتە مایەیی لاقرتی پێكردن.

كەمبوونەوەی متمانەی خەڵك بەهەڵبژاردنەكان و نەمانی حەماس بۆ بەشداریكردن، بەرێژەی بەشداریكردنی خەڵكەوە دیارە، رەتكردنەوەی بەشداریكردن، جۆرێكە لەبەشداریكردن بە نەخێر بەپرۆسەی سیاسی، لەدوو هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ رادەی نائومێد بوون بەشێوەیەك بوو بەشداری لەسەدا پەنجای تێنەپەراند، هەموو كەس تەنانەت ئەوانەش كە حەزیان بە سیاسەت و چاودێریكردن نییە، دەیانزانی كێ دەرئەچێت و رێژەی كورسیەكان چۆن دابەش دەكرێت، بەتایبەتی ئەو كورسیانەی بەناوی كۆتاوە، هەر لەسەرەتاوە تا ئەمرۆ یاری پێدەكرێت و خاوەنی ئەسلێان لێ مەحروم كردوە، ئاخۆ چەند دیمەنێكی جیاوازو جوان دەبوو گەر حزبەگەورەكان لێگەرانایە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی راستەقینەی خۆیان كەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەكان، لەپرۆسەی هەڵبژاردنێكی دور لەساختە، خۆیان لەنێو خۆیاندا كێبەركێیان بكردایە، چەند جێگەی دڵخۆشی هەمووان دەبوو، گەر حزبە گەورەكان، ئیدارەی هەڵبژاردنیان بدایەتە دەست كەسانی پسپۆرو سەربەخۆ و رادەی گزی و فزی و تەزویر بەو رێژە حەیابەرەیە نەبوایە، پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان چەند جێگای شانازی هەمووان دەبوو، ئێمە لەكوردستان پێچەوانەی عێراق و هەندێك لەوڵاتانی درواسێ، نمونەیەكی سەركەوتوو ترمان لەهەڵبژاردنەكان پیشانبدایە.

ئێستا كە تارادەیەكی زۆر متمانە لەدەستدراوە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و كۆی كایە سیاسییەكەشی خستۆتە ژێرپرسیاری جدییەوە، چیتر ناكرێت پارتی و یەكێتی بەمەزاجی خۆیان بەشێوازی پێشوو بیانەوێت خەڵك ببەنەوە بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان، راستە هەڵبژاردن لەهەرێم موفاجەئات دروست ناكات، هەر وەك ئەوەی كاك مەلا بەختیار وتی یەكێتی و پارتی هەرچەندێك بهێنن ئەوان هەر لەدەسەڵاتن، بەڵام دەكرا هەرێم لەنمونە هەرە ناشرینەكانی ناوچەكە نەچوایەو رێز لەخەبات و قورباتی و خوێنی هەموو ئەوانە بگیرایە كە بۆ دەسەڵاتێكی دادپەروەرو بۆ حوكمرانیەكی باش خۆینی خۆیان بەخشیوە، دەكرا دەست بەجوانیەكانەوە بگیرایەو كۆمەڵگا سیخناخ نەكرایە لە كەراهیەت و گزی و فزی و گەندەڵی، دەكرا، لە ویستگەیەكدا هەڵوێستەیەك بكرایە بۆ پیاچوونەوە وئاوردانەوە، تا وەك ئێستا هەمووی كەڵەكە نەبوایە تا خەڵك ناچار بكرێت چاو ببرنە فریادرەسێك لەدەرەوە.

ئەوەی لێرەدا جێگەی مەبەستە تیشكی زیاتری بخرێتە سەر، دوا پەیامی دكتۆر بەرهەم سەرۆك كۆمارە بۆ هەڵبژاردن، ئەو لەدوا پەیامیدا لەسەر هەڵبژاردن، فاكتێكی زۆر گرنگ دەخاتە روو كە هەقی هەڵوێستە لەسەر كردنە، دەڵێت: لەڕاستیدا هەڵبژاردنێكی پێشوەخەی ئازاد و پاك و بێگەرد، پێویستی بە هاریكاری و ھەماھەنگی نێودەوڵەتی هەیە، كە ھیوامان وایە لەلایەنی نێودەوڵەتیەوە ئەم ھاوكاری و دەسگرۆییە پێشكەش بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت، چونكە لەم پێناوەدا كۆمیسیۆن پێویستی بە سەرپەرشتی چاودێرە نێودەوڵەتییەكانیش ھەیە ھەتاوەكو ڕۆڵی نیشتمانی خۆی بە باشی بگێڕێت و پارێزراویش بێت لە دەستتێوەردانەكان و متمانەی هاووڵاتیانیش بە پڕۆسەی هەڵبژاردن قوڵتر بكاتەوە.

ئەم پەرەگرافەی سەرۆك كۆمار بەرۆشنی و راشكاوانە ئەوەی خستۆتە روو، كە بەبێ چاودێریكردنی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن سەركەوتوو نابێت، یان بەوشێوەیە نابێت كە ئومێدی گەورەی پێبكرێت، بۆیە داوای بەشداریپێكردنی چاودێری نێودەوڵەتی دەكات بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، هەرچەندە دیار نییە تا چەند پارتی و یەكێتی پشتیوانی ئەم داخوازیەی سەرۆك كۆمار دەكەن، بەڵام هەقە ئەمە ببێتە مەرجی بەشداریكردنی ئەو لایەنانەی كە بەردەوام دوای هەڵبژاردنەكان باسی كاری ساختەو گزی دەكەن و مەخدوریەتی خۆیان بەیان دەكەن، ئەمە فرسەتێكی باشە بۆ ئەو لایەنانەی كەدەیانەوێت بەشداریبكەن ومتمانە بۆ دەنگدەرەكانیان بگێرنەوە بۆ بەشداریكردن، خۆ گەر جاران لە پێگەیەكی بەرزو دیاری دەوڵەتەوە ئەم داخوازیە نەدەخرایە روو ئەوا ئێستا هەق وایە لەعێراق و كوردستان، ئەم داخوازییەی سەرۆك كۆمار ببێتە داخوایەكی مەرجدار بۆ بەشداریكردنی هەڵبژاردنی لایەنە مەغدورەكان و لەئێستاوە پێداگری لەسەر بكەن.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی