لەعێراق ململانێکە لەنێوان دوو بەرەی دژبەیەکدایە

06/08/2020

ئاکۆ ئاڵی

خراپی حوكمڕانی و زەلكاوی گەندەڵی لە كۆتاییدا عێراقی خستە سەر دووڕیانێكی مەترسیدار؛ یان هەستانەوە و خۆڕێكخستنەوە، یان گلان و وێرانەیی زیاتر، یەكلاییكردنەوەی ئەم دۆخەش بە پلەی یەكەم پەیوەستە بە ویست و كۆششی گەلی عێراق كە دۆخەكە بە چ لایەكدا دەخات و لە كام سەنگەردا مەتەرێزی خۆی لێدەدات و بەرەنگاری دەكات، بەو پێیەی ئەزموونی حوکمرانی پارتە سیاسییەکانی پێشوو ،  هیچ ئاسۆیەکیان بۆ گەلی عێراق نەهێشتۆتەوە كە ئومێدی لەسەر هەڵچنن.

لە ئێستادا ململانێكە لە گۆڕەپانی عێراقدا نێوان دوو بەرەی دژ بەیەکدایە كە دیدگا و دونیابینیان بۆ دۆخی ئیستا و ئایندەی وڵات تەواو پێچەوانەی یەكترە، یەكەمیان پارتە سیاییەكانن كە بە سەبەبکاری درووستبوونی ئەو دۆخەی ئێستا دەزانرێن ،  دووەمیشیان شەقامی ناڕازییە كە دوای گۆڕانكاری ڕیشەیی لە پڕۆسەی سیاسی و ئیداریدا دەکەن ، لەو پێناوەشدا ڕەنج و كۆشش و خوێنێكی زۆریان داوە و گۆڕانكارییەكی سەرەتاییان هێناوەتە ئاراوە و چاوەڕێی زیاتر دەكەن ، لەو نێوەندەشدا بەچاوی ئومێدەوە کە كابینەكەی مستەفا كازمی و جوڵەکانی دكتۆر بەرهەمی سەرۆک کۆمار دەروانن و ئومێدی گۆرانکاری و دەرچوون لەو دۆخە ناهەموارەیان لەسەر هەڵچنیون.

هەر چەندە لە ڕواڵەتدا زۆرینەی حزبە سیاسییەكان وای نیشان دەدەن كە لارییان لە مافە ڕەواكانی جەماوەر و داواكارییەكانیان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆرینەیان تا سەر ئێسقان دژ بە هەر گۆڕانكارییەكن بە ئاراستەی چاكسازی ڕاستەقینە، چونكە باش دەزانن كە گۆڕانكاری و چاكسازی ڕاستەقینە واتا کۆتاییهاتنی .ئەو سیستەم و دەسەڵاتەیە کە بەهەشتێکیان بۆخۆیان و دۆزەخیشیان بۆ گەلانی عێراق خوڵقاندووە .

لە هەرێمی كوردستانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوئاوازەكانی نەوەک هەر بە بەسەرکەوتنی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی خۆشحاڵ نابن، بەڵکو بە مەترسیشی دەزانن لەسەر ئایدنەی خۆیان و حوکمرانییەکەیان ، هەربۆیە دەبینین پارتی سەرمەشقی ئەو هەوڵانەیە کە کار بۆ بنکۆڵکردن و لادانی حکوومەتەکەی کازمی دەکەن ، چونكە دڵنیایە لەوەی سەركەوتنی چاکسازییەکانی كازمی و پشتیوانی سەرۆكایەتی كۆمار لەو چاكسازییانە هەر لە بەغدا کورتنابنەوە ، بەڵکو پڕیشكەكانی بەر هەرێمی كوردستانیش دەكەن،  دەشزانێت ناتوانێت وەكو جاران حكومەتی فیدڕاڵی بەغدا بۆ مەرامەكانی خۆی بەكاربێنێت، یان پەردەپۆشی زیاتری سیاسەتە داراییەكانی بكات، ئەمە جگە لەوەی كابینەكەی كازمی بەرە بەرە لە هەوڵی گێڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمدا، بەڵام بە هەواو دەستوری جاران نا، بۆیە یەكێك لە هەنگاوەكانی پیادەكردنی یاساكانی دەوڵەتی فیدڕاڵییە بەتایبەت لە پرسی ئیدارەدانی دەروازە سنوورییەکان کە دەسەڵاتدارانی هەرێم سالانە پارەیەکی زەبەلاحیان لێوەدەست دەکەوێت و لەخزمەتی خۆیان و پارتەکانیان بەکاریدەهێن  . 

لەولاشەوە گەلی عێراق لەمسەرەوە تا ئەوسەر، لە فەرمانڕەوایی گەندەڵی حزبە سیاسییەكان تێگەیشتووە و نایەوێت ئەزموونە شكستخواردووەكەیان دووبارە بكەنەوە كە لەسەر دوو كۆڵەكەی درۆینەی نەتەوەیی و ئاینی بەندە، بۆیە بەو ئاراستە فشار دەكەن كە هەنگاوە چاكسازییەكانی كابینەكەی كازمی و جوڵە و هەڵوێستە كاریگەرەكانی سەرۆك كۆماری عێراق بەردەوامبن و بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچن، ئەوان لە ئێستادا لە پاڵ هێز و بازووی خۆیان بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەكانیان، هەردوو سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی كۆمار بە پاڵپشت و یارمەتیدەری خۆیان دەزانن، چونكە لەو تەنگژەی گەلی تێكەوتووە، هەردوو سەرۆكایەتی بە یەك ئاراستە بەرەو گێرانەوەی سەروەری و بڕیاری نیشتمانی و شكۆی هاوڵاتیبوون ڕێدەكەن، كە ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانییەكی قوڵی پارتە سیاسییە گەندەڵكانی بەغدا و هەرێم، بۆیە دەبینین بە ڕاست و چەپ لە هەوڵی بەربەست و ئاستەنگ دروستكردنن لە بەرامبەر  هەنگاوەكانی حكومەت و سەرۆكایەتی كۆماردا، بە تایبەتیش دوای ئەویە هەردوو سەرۆكایەتی پشتیوانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە پیشاندا ، لەوەش زیاتر بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆمار بوو كە وێڕای پشتیوانی لەو داواكارییەی كازمی، داوای سەرپەرشتی و چاودێرییەكی نیودەوڵەتی كردووە بۆ مسۆگەركردنی پاك و بێگەردی هەڵبژاردنەكان.

بەشێکی زۆر لە پارتە سیاسییەکانی عێراق، بۆ شکستهێنان بەو نیازی چاکسازییەی سەرۆک وەزیران، وەك هەنگاوی یەكەم میدیا زەبەلاحەكانیان خستونەگەر ، تاوەکو گومان و دڵەڕاوكێ لە دڵ و دەروونی زۆرینەی خەڵكدا دروست بكەن، لە مەشیاندا یاری لەسەر پەتی جۆراوجۆر دەكەن كە دیارترینیان وەك چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق و لە هەرێمیش قەوانی مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم لێدەدەن، ئەم دوو پاساوەش تەنها چنراوی خەیاڵی خۆیانن و ئامانجەكەشی بەردەوامیدانە بە خراپەكاری حوكمڕانی چەندەها ساڵەیان.

لێرەوە ئەركی هەموو خەڵكی عێراق و دەستەبژێرە جۆراوجۆرەكانییەتی كە پشتیوانی لە هەنگاوە سەرەتاییە چاكسازییەكانی هەردوو سەرۆكایەتی حكومەت و كۆمار بكەن و پەرژین و مەتەرێزیان بن لە بەرامبەر پیلان و فرتوفێڵ و بەربەست و ئاستەنگەكانی پارتەكانی دەسەڵات كە لە ئێستادا لە میدیا چەواشەكارەكانییانەوە دەستیان داوەتێ. 

بەڵگەنەویستیشە كە زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی عێراق لە خەمی چاككردنی دۆخی عێراق و هەرێمدا نین، لە خەمی ئەوەشدا نین و دەستكەوتە سەرەتاییەكانی شەقام لەبارببرین یان بەلایەنی كەمەوە بوەستێندرێن، بۆیە دەبێت گەل بە دەست و مستی خۆی ئەو دەستكەوتە سەرەتاییانە بپارێزێت و داكۆكییان لێ بكات، ئەگەر پێویستیش بكات دووبارە بۆی بێنەوە نێو گۆرەپانی بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە