بەڕێزان لە سەرۆکایەتی حکومەت

07/08/2020

عەلى حەمە ساڵح

تکایە ئەم قاچاخی و تاڵانی و مافیا گەریە ڕابگرن

ئەمڕۆ لەگەڵ چەندین جوتیارو حەیواندار، کە ھەمویان تووشی زیانی گەورەبوون بەدواداچونمان کرد
بۆ ئەم قاچاخی و تاڵانیەی کە ھەیە.

ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەکرێت لە ١٩٩١ یش نەبوە.
بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەکەن.
ئەمڕۆ بەڕادێک خەیارو سێو و پیازو قۆخ بە ٤ ھەزار دۆلار داخڵدەکەن، ھێڵکە بە ١٢ ھەزار دۆلار، جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگەکەی و ھەرچی دیکەشت ھەبێت بۆت داخڵدەکرێت.

ئێستا تەنیا لە قاچاخی جگەرە مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار دەبرێت!
ئێستا لە شەقامی سەھۆڵەکەو بازاڕی دۆلارەکە با ئاشکرا نوسینگەی قاچاخی دانراوە چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەکرێت.

بڕیار بەدەست لە خاڵی سنوری وەلیدو خاپور لەگەڵ ڕۆژئاوا چی بڕوات و بێت تەنیا کۆمپانیایەکە، لە سحێلاوە دوو سەر حەیوان بە ٣٥ ھەزار داخڵدەکەن. زیانیان بە سەدان مەڕداڕ گەیاندوە.
ھەرچەندە ئەم قاچاخی و قۆرخکاریە واجھەکەی چەند کەسێکە، بەڵام بە دڵنیایی لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی و ئەمنی و حکومی لە پشتە ئەگەرنا ناکرێت.
من لە مانگی ١٢ ی پار ساڵەوە بەو پەڕی وردەکاریەوە چی لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان ڕودەدات، خستمە بەردەست جەنابتان، لەبری ئەوەی چاکبکرێت ئێستا تاڵانی زیادی کردوە...
ئەو بێشەرمیەی ئەوڕۆ من لەدزی و قاچاخی بینیم، سەیر بوو!
لە بازاڕدا نوسینگە دابنێیت و بڵێیت چیت دەوێ بێ گومرگ و پشکنین بۆت داخڵدەکەین و بە بازگەکانیشدا تێیدەپەڕێنین.

فەرموون ئەوە ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ھەرێم بەشێکن لەم قاچاخیە، بەیەک بڕیار ڕێگای لێدەگیرێت، لە ھەر سنورێک قاچاخی بکرێت، ئەو ھێزەی لەوێیە فەسڵی بکەن.
فەرمون من ناوی ھەرچی قاچاخچی و بەردەست و کۆمپانیایە پێتاندەڵێم، ڕایبگرن.

ئایا دەکرێت موچەخۆرێک ئەمە دۆخی موچەکەی بێت، بەڵام مانگانە بەرپرسان و دەڵاڵەکانیان لەسەر حسابی خەڵک دەیان ملیۆن دۆلاریان دەستبکەوێت.

تێبینی: قسەم لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کردو، دەڵێ: ئێمە ھێزمان نیە ڕێگری لەم مافیاکاریە بگرین، نوسراوم کردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و زیانی گەورە بەر جوتیاران کەوتوە.

ھیوادارم لە زووترین کاتدا بە کردار ڕایبگرن...
عەلی حەمە ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی