کازمی، هیوا بە هەڵبژاردنی پێشوەخت

08/08/2020

جەعفەر عەلی


ئەم مۆدێلە سیاسییەی لە دوای ٢٠٠٣وە حوکمی عیراق دەکات، لەسەر بنەمای تائیفی پێکهاتووە، واتە سیاسەت، ئیدارە، دەزگا ئەمنی و سوپاییەکان، سەرجەمیان هێز لە ململانێی تائیفی وەردەگرن، ئەوەی لە پشتی گوتاری سیاسییەکانەوە ئاراستەی گەلانی عیراق دەکرێت، گوتارێکە سەری لە ناو ئەو دۆزەخە تائیفییەدایە، کە چەندین ساڵە عیراقی شەکەت و ئیفلیج کردووە. دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هاتنی کازمیش، هێشتا ئەوەی بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا زاڵە، هەژمونی حیزبە سیاسییەکانە.
   کازمی هەوڵی زۆریدا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆ، هەوڵیدا جۆرێک لە پێچ و دەوران بە دەوری ئەو مۆدێلە لە پشک پشکێنەی سیاسی و تائیفیەدا بکات، کە حیزبە سیاسییەکانی عیراق چەسپاندوویانە، بەڵام سەرەنجام وێڕای دامەزراندنی ژمارەیەک لە کەسانی تەکنۆکرات، رەگەزی تائیفی و نەژادی لە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکاندا رۆڵی خۆی بینی.

بێگومان کارێکی ناعەقڵانی و چاوەڕوانییەکی سیاسی نالۆژیکیشە پێمانوابێ لەم ماوە کورتەدا، لە شەو و رۆژێکدا، حیزبە سیاسییەکان دەستبەرداری بەرژەوەندییە سیاسی و شەخسییەکانیان دەبن و لێدەگەڕێن کازمی بە کامی دڵی خۆی دەستکاری پەیکەرەی سیاسی و ئیداری و سوپایی و ئەمنی عیراق بکات. کازمی هەوڵەکانی دەستپێکردووە، بەڵام ئەم هەوڵانە رووبەڕووی گرفتی گەورە و عینادی بەشێکی گرنگ لە هێزە سیاسییەکان دەبێتەوە. لێرەوە کازمی دەست بۆ کارتی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبات و گەرەکییەتی لە کورتترین ماوەدا ئەنجام بدرێت. بۆ کازمی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو خاڵە بەهێزە دەبێت، کە ئومێدی داهاتووی سیاسی خۆی و پشتیوانەکانی تێدا دەبینێتەوە. هەر وەکچۆن بە دوور نازانرێت کە هەڵبژاردن ئەو خاڵە بنەڕەتییە بێت، کازمی نەک لە شکستێکی سیاسی چاوەڕوانکراو رزگار بکات، بەڵکو ویلایەتێکی نوێشی بۆ مسۆگەر بکاتەوە.

هەڵبژاردن هیوایەکی گەورەیە، بەڵام قەیرانەکانی عیراق بە کۆتا ناگەیەنێت، تایبەت بوونی میلیشیا و سەرچاوەکانی گەندەڵی، کە هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی سیاسیدا رێدەکەن. بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە، کە ئومێد بە دیوە پۆزەتیڤەکانی هەڵبژاردن یەکسانە بە سفر. هەڵبژاردن هەمووان دەخاتەوە بەردەم جەماوەر، جەماوەرێکی بێزار و توڕە لە کۆی ئەو ئیلیتە سیاسییەی لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە عیراق بەڕێوەدەبەن، جەماوەرێک ئەگەر بە ژمارەی کەمیش لە شەقام بووبێت، بەڵام لە رووی رەمزییەوە تا ئەندازەیەکی گەورە، هەست بە ئامادەبوونی گوتارە نیشتیمانییەکانی دەکرێ لە نێو هەر ماڵێکی عیراق و پرۆسەی سیاسیدا، تایبەت کازمی لە هەر کەسێکی دیکە زیاتر گەرەکییەتی کۆدە شاراوەکانی گوتاری خۆپێشاندەرانی شەقام بە دروستی بخوێنێتەوە و وەک یەکێک لە بەهێزترین کارتی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە قازانجی خۆی و ئەو لیستەی کە ئەگەر زۆرە دروستیبکات، ململانێ و رکابەری نەیارەکانی پێبکات. بۆیە ئاساییە هاوپەیمانێتی و گردبوونەوەی کەسایەتی و هێزە سیاسییەکان لە عیراق، هەمان ئەو هاوپەیمانێتی و گردبوونەوانە نەبن، کە پێشتر دروستبوون و ئێستا هەن. بە ئەگەرێکی زۆر هەڵبژاردن، بەشی هەرە زۆری ئەم هاوپەیمانێتییانە هەڵدەگێڕێتەوە و دەیانخاتە بەردەم گۆڕانکاری گەورەوە، تایبەت هەمووان هەست بەو راستییە دەکەن، کە لە نە لە رووی جەماوەرییەوە حیزبی پێشووترن، نە قورسایی گەورە و متمانەی پێشتریان لە شەقامی عیراقیدا ماوە. 

لێرەوە کازمی وەک سیاسییەکی دەرەوەی حیزب، وەک سیاسییەکی بێ فراکسیۆنی پەرلەمانی، وەک سیاسییەکی بێ حیزبی سیاسی، باشترین دەرفەتی لەبەردەمدا دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لە هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە بەگوێرەی هەر پێوەرێکی عەقڵانی، هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هێزە کلاسیکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عیراقدا نابێت، بەڵکو لە بەرژەوەندی گوتاری تازەی سیاسی و ئاراستەی نوێدا دەبێت. بە هەموو ئەگەرەکانیش کازمی دەبێتە پیاوی سەرکردایەتی ئەم گوتار و ئاراستە تازەیە لە عیراق و دوورنییە رێژەیەکی چاوەڕواننەکراو لە دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بۆ خۆی و لیستەکەی بچنێتەوە، چونکە گوتاری فەرمی کازمی و گوتاری شەقامی عیراقی، هەوڵەکانی کازمی و دروشمەکانی خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازی، تا رادەیەکی زۆر نەک لە یەکدی نزیکن، بەڵکو تەواو چوونیەکن و لە یەکدی دەچن. بۆیە کازمی، کە ئێستا چ لە ئاستی گوتار و، چ لە ئاستی رەفتار و جوڵەی سیاسیدا، لە هەر سیاسییەکی دیکە زیاتر لە ناخی خۆپێشاندەرانی عیراقی و خەڵکانی ناڕازییەوە نزیکە، دەتوانێ لە هەر سیاسییەکی دیکەش زیاتر وەبەرهێنان لەم ناڕەزایەتییانەدا بکات و وەک دەرفەتێکیش هەلەکە بقۆزێتەوە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی جوڵەی شەقام بە ئاراستەی کاری سیاسی و ئامانجی گۆڕانی سیاسی.

روونە سیاسەت لە عیراق، جگە لە مستەفا کازمی، هیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، ئەوەی نوێیە لە عیراق، مستەفا کازمییە، باقی شتەکانی دیکە وەک خۆیانن. ئەم نوێیە لەبەردەم ململانێ و کێبڕکێی هەموو کێشە کۆنەکانی پێش خۆیدایە، راستە جۆرێک لە کۆدەنگی عیراقی، ناوچەیی، ئەمریکا، روسیا، سەبارەت بە مامەڵە لەگەڵ کازمی هەیە، بەڵام گرفت و قەیرانە زۆر و بونیادییەکانی عیراق وەک خۆیان ماون و ئێستا بەشێکن لە کێشەی سەردەمی دەسەڵاتەکەی ئەو فیگەرە نوێیەشدا. 

ئەو کاتەی عیراقییەکان هێشتا دەنگی گوتارەکەی کازمی سەبارەت بە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت لە گوێیاندا دەزرنگایەوە، سوکایەتی بە (حامد سەعید)ی مێردمنداڵ وەک بۆمب لە بن پێی کازمیدا تەقێنرایەوە. هەواڵی سوکایەتییەکە بە خێرایی بە عیراق و جیهاندا بڵاوبوویەوە و هەمووانی توشی شۆک کرد. دوای تیرۆری (هیشام هاشمی)، رۆژنامەنووس، توێژەری بواری ئەمنی و ستراتیژی، پسپۆڕ لە دۆسیەی گروپ و رێکخراوە توندڕەوەکان، لە ٦ تەموزی ئەمساڵدا، رەنگە ئەو سوکایەتییەی پیاوانی ئەمنی بەغدا بە جلوبەرگی سەربازییەوە، بەم مێردمنداڵەیان کردووە، دووەمین بۆمبی سیاسی بن پێی کازمی بێت، بەڵام کازمی زیرەکانە کەیسەکەی (حامد سەعید)ی بەسەر نەیارەکانیدا هەڵگێڕایەوە، کاتێک رۆژی ٢ شەممە ٣ ئاب پێشوازی لێکرد و بەڵێنی پێدا لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە دەستیان لە سوکایەتی پێکردنەکەدا هەبووە و رووبەڕووی دادگایان بکاتەوە، هەروەها هاوکاری مادی و قانونی پێشکەش بکات. کازمی وەک خۆی گووتی: هەوڵدەدات ئەوەی رووبەڕووی (حامد سەعید) بووەتەوە بگۆڕێت بۆ رەگەزێکی هێز لە پێناو خزمەت بە کۆمەڵگەی عیراقی.

لەم دۆسیەیەدا، کازمی بە خێرایی فرمانی دوورخستنەوەی لیوا (سەعد خەڵەف) بەرپرسی هێزەکانی پاراستنی قانونی لە پۆستەکەیدا و رایگەیاند، کە ئامانج لە پێکهێنانی ئەم هێزانە بریتییە لە پاراستنی هاوڵاتیان، نەک سوکایەتی پێکردنیان، هەروەها چاو بە پێکهاتەی ئەم هێزانەدا دەخشێننەوە.

جوڵە و کردەوەکانی کازمی ئەوە پێشاندەدەن، کە هەوڵدەدات تا بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، زۆرترین هەنگاو بە ئاراستەی چاکسازی و خزمەتی گشتی بنێت و مەودای دووری نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی ئاساییش کەمبکاتەوە. سەردانە مەیدانییەکانی بۆ لای خۆپێشاندەران، پێشوازیکردن لێیان، لە نزیکەوە گوێگرتن و گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا، گەڕان بە نێو دامودەزگا و دامەزراوەکانی تەندروستی و ئیداری و بەسەرکردنەوەی خاڵە سنورییەکان و زیندانەکان، دەکرێ وەک بەشێک لەم هەوڵانەی کازمی بخوێنرێتەوە. جگە لەمانە، سەردان و بەسەرکردنەوەی شار و ناوچە جیا جیاکانی عیراق، جۆرێک لە هەست لای هاوڵاتی ئەو ناوچانە دروستدەکات، کە حکومەت نوێنەرایەتی کۆی هاوڵاتیان و تەواوی شار و ناوچە جیاوازەکان دەکات، هەر وەک پەیامێکیشە بۆ ئەو ئاراستە سیاسییانەی لەبری نیشتیمانسازی، خەریکی تۆخکردنەوەی هێڵەکانی تائیفە و مەزهەب و نەژاد و ناوچەگەرێتین، بۆیە دەشێ ئەم هەوڵانەی کازمی بەو ئاراستەیەشدا بخوێنرێتەوە، کە جوڵە و هەوڵن بە ئاراستەی توانەوەی دیدگا بچووکەکانی بەر لە پرۆسەی نیشتیمانسازی و باوەشکردنەوەی هاوڵاتی عیراقی بە نیشتیماندا، واتە رایەڵەی پەیوەندی و ئینتیمای هاوڵاتی عیراقی لە تائیفە و دین و نەژاد و ناوچەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی و ئینتیمای نیشتیمانی. کازمی چەند نیەتی باش بێت، چەند توانا و هێزی ئەنجامدانی چاکسازی و کاری مەیدانی و نزیکبوونەوە لە خەڵک و شەقامی هەبێت، گومان لەوەدا نییە، کە گەڕانەوەی متمانە بە حکومەت، هەم کاری زۆر زیاتر، هەم کاتی زۆر لەوە درێژتری پێویست دەبێت، کە ئێستا لەبەردەستی مستەفا کازمیدایە.

کازمی باش لەوە تێگەیشتووە، کە گەورەترین گرفتی بەردەمی سەرکەوتنی دەسەڵاتەکەی، بوونی گروپ وهێزە میلیشیا جیا جیاکانە لە عیراق، بۆیە لە رۆژی دەستبەکاربوونییەوە بەردەوام جەخت لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و گەڕانەوەی  شکۆ بۆ دەوڵەت دەکات، چونکە روونە لە دەرەوەی پرسێکی وەهادا، هەر هەوڵێک سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی ئاراستە سیاسییەکانی گەندەڵی و چەسپاندنی سەروەری یاسا و سەروەری خاکی عیراق، هەرگیز لە قسەوە ناگۆڕێ بۆ کردار. بێگومان مەسەلەی بێکاری و قەیرانی دارایی و نەبوونی ژینگەیەکی بەرهەمهێن و زۆر کێشەی قوڵ و ژیانی دیکە، گرفتی گەورەی بەردەم حکومەتەکەی کازمی دەبن. 

کازمی بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختی داوە، زۆرترین ئومێدە سیاسییەکانی خۆشی بەم هەڵبژاردنەوە هەڵواسیوە. لە مانەوەی عیراق لە دۆخی ئێستایدا، دوور نییە چارەنوسی کازمی دووبارەبوونەوەی هەمان جارەنوسی سیاسی عەبدولمەهدی بێت، چونکە ململانێ و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان لە بەغداو بوونی میلیشیا و بەردەوامی قەیرانە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەکان، ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوو بەرەو کاڵکردنەوەی نەبات، دوور نییە شکست و دوورخستنەوەی کازمیش بکاتە بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی عیراق.

هەڵبژاردن ئەگەر بە دیوێکیدا دەرفەتێکی گرنگ بۆ گەنجانی عیراق دەهێنێتە پێش، ئەوانەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە خەریکی خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتین لە شەقامدا. کازمی دەتوانێ بۆ قۆناغی داهاتوو سوودێکی زۆر لەو کەرەستە جەماوەرییە وەربگرێ و بەشێوەیەکی باش وەبەرهێنانیان تێدا بکات و ئامادەیان بکات. لە ناوەندی جەماوەری و تایبەت لە ناو توێژی گەنجان و ملیۆنان خەڵکی بێکاردا سۆز و پشتگیرییەکی جەماوەری فراوان بۆ ئەو جوڵە و ناڕەزایەتییەی شەقام هەیە، ئەمانەش ئەو سەرەتایەن، کە دەتوانن مژدەی گۆڕانێکی گەورە لە نەخشەی سیاسی هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا بدەن و کازمی بکەنە براوەی یەکەم، یان لانیکەم ژمارەیەکی گەورەی سیاسی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا. بەڵام لە دیوەکەی دیکەیدا، لە کایەی سیاسی عیراقدا، نەیارێکی زۆری خاوەن دەسەڵات و نفوز و سامانی زۆر، خاوەن میلیشیای چەکدار و پشتیوانی دەرەکی دەبینرێن. بۆیە پێویستە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو دەستانە کورت بکرێنە وە و ئەو هێزانە لە رووی سیاسی وسەربازی و داراییەوە تا رادەیەک بێهێز بکرێن، یان لانیکەم کەلەپچە بکرێن، ئەگینا هەڵبژاردنی پێشوەختیش ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە ناهێنێت، کە کازمی و پشتیوانانی کازمی ئومێدی بۆ دەخوازن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی