لەكۆرۆناوە بۆ مرۆڤ!

09/08/2020

لوقمان حەوێز

 بابەت: چوار پەیامی گرنگ...
یەكەم: هەموو ژیان، هەموو زیندەوەران، هەموو ئێوەی مرۆڤەكان جارێ تەنیا یەك ماڵتان هەیە ئەویش ئەم هەسارە شین و جوانەیە كە ئێوە پێی دەڵێن هەسارەی زەوی، ئەم ماڵەش وەكو كەشتی نێو زەریایە، ئەگەر كونێك لەو كەشتیەدا دروست بێت هەموو سەرنشینەكانی توشی هەمان مەترسی دەبنەوە بەبێ جیاوازی..!

بیرتان نەچێت ئەو كۆمەڵە بەربەستەی ئێوە دروستتان كردوە و پێی دەڵێن سنورەكان ناتوانێت ڕێگری بكات لە بڵاوبونەوەی مەترسی و هەڕەشە سەرتاسەریەكان كە ڕوبەڕووی ژیان و ئێوەی مرۆڤ دەبنەوە، هەمووتان هەمان چارەنوستان هەیە..!

دووەم: ئەگەرچی نایەكسانی و نادادپەروەریەكی زۆر لەنێوان ئێوەی مرۆڤەكاندا هەیە، بەڵام ئەوە بزانن ئەگەر ڕەشپێست بن یان سپی پێست، ئاسیایی بن یان ئەوروپی و ئەمەریكی، هەڵگری هەر بۆچوون و ئایدیۆلۆژیایەك بن، هەمووتان لەدید و بینینی سروشتدا یەكسانن، ئەو هیچ جیاوازیەك ناكات لەنێوانتاندا..!

سێیەم: سروشت و سیستەمی ژینگەیی گۆی زەوی هی هەموو زیندەوەرانە نەوەك تەنیا هی ئێوە، هەر زیندەوەرێك چەندە بچوك بێت یان گەورە بەشی بەسەر ئەم سروشتەوە هەیە، ئێوە ناتوانن هەمووی بۆ خۆتان پاوان بكەن، كاتێك ئەوە دەكەن سیستەمی ژینگەیی كاردانەوەی دەبێت، لەو كاردانەوانەشدا ئێوە زەرەرمەندێكی سەرەكی دەبن..!

چوارەم: لەوانەیە بتوانن لاوازم بكەن یان لەناوم ببەن، بەڵام هیوادارم هەندێك وانە لەمنەوە فێربووبن، چونكە من یەكەم هەڕەشە و دوا هەڕەشە نەبووم و نابم بۆ سەر ژیانی ئێوە، پێكهاتەكانی سیستەمی ژینگەیی سەر هەسارەی زەوی هەمووی پێكەوە گرێدراون و هەموو ئەو پێكهاتانە بەردەوام هەڕەشەی سروشتیان لەسەر یەكتر دروستكردووە، بەڵام لە ئەنجامی پاوانخوازی، لەناوبردن هەروەها پچڕاندنە ناسروشتیەكان كە ئێوە ئەنجامی دەدەن لە نێو بازنەی سیستەمی ژینگەیی، ئێوە هەڕەشەی نوێتر و زۆر ترسناكتر بۆ خۆتان و ژینگەی هەسارەكەتان دروست دەكەن..!

لوقمان حەوێز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی