ئەركی ئەم قۆناغەی دەزگای ستاندەر...

10/08/2020

د. رعد رفعه

چەندین ساڵە دەزگای ستاندەر لەگەڵ لایەن وحزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەوڵی دروستکردنی بەرەیێكی نیشتمانی میللی دژی گەندەڵیان داوە، بەڵام بەداخەوە لایەنەكان بەقسە لەگەڵی بونە وبەكرداریش هەنگاوی جدیان بۆ نەناوە.

ئێستا کاتی ئەوەیە ستاندەر ئەو ئەرکە ئەخلاقی ومێژوییە سەرلەنوێ بگرێتە ئەستۆ ودیسان هەوڵی جدی بدات بۆ كۆكردنەوەی گشت لایەن وكەسایەتیە ناڕازی وخاوەن هەڵوێستەكان لەبەرەیەكی نیشتمانی گەل بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە گەندەڵ وناعەدالەتیە.
خۆ ئەگەر، حزب ولایەنەكانیش ئەمجارە نەهاتنە پێش بۆ ئەم دەستپێشخەریە، ئەوا نابێت ئەو ئامانجە پیرۆزە رابگیرێت بۆ بەرژەوەندی شەخسی وحزبی چەند كەس ولایەنێك، بەڵكو دەبێ كار بۆ ئەم بەرەیە بكات لەناو كەسایەتی وگروپ ورێكخراوە خاوەن هەڵوێستەكان.
بەڵام دەزگای ستاندەر بژاردەی دروستکردنی حزب رەتدەکاتەوە، چونکە باوەڕی بەزیادكردنی ژماریەكی بێ كەڵك وبارقورسی نیە وپێی وایە دەبێ باری لاری خەڵك سوك بكرێت نەك قورستر بكرێت بە حزبێكی نوێ.
بنەمای ئەم كارە نوێیەش دەبێت کەسانی بێ پشت و پەنا و سەربەخۆ و تەکنۆکرات وخاوەن هەڵوێست ورابردو پاك بێت.
دەزگای ستاندەر چەندین ساڵە لە شاری هەولێر خەبات دەکات، ئەندامە خۆبەخشەکانی بەردەوام تووشی ناڕەحەتی و هەرەشە و زیندان بوونەتەوە بەڵام هەرگێز کۆڵیان نەداوە وهەر لە بەرەی گەل ماوەتەوە.
لە كۆتاییشدا، دەبێ هەولێر پێگەی خۆی بەدەست بێنێتەوە، نەك تەنها بۆ هەولێریەكان، بەڵكو بۆ راستكردنەوەی تێكڕای پرۆسە سیاسیەكەی هەرێمی كوردستان وبنیانانی سیستەمێكی نوێی سیاسی وئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەیی بۆ خزمەتی خەڵك.
هەولێر
10/8/2020

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی