هەرێم بێدەنگ بێت چاكترە

12/08/2020

هیوا سەید سەلیم

تا دێت ئامانجەكانی دەوڵەتی توركیا لە داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان ئاشكراتر دەبێت، لە دوایین ئۆپڕاسیۆنی سوپای توركیا بە ئاشكرا باس لە پلانی ستراتیژی توركیا بۆ فراوانكردنی سنووری وڵاتەكەی لەسەر حسابی خاكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەكەی حەفتانین بنكە و قەرقۆڵی سەربازی تازە لەو شوێنانە دادەمەزرێن كە دەستی سوپای توركیای پێدەگات.

ئۆپراسیۆنەكەی ئەمجارەی سوپای توركیا بەدەرە لە چوارچێوەی  رێكەوتنی سنوورداری نێوان توركیا – عێراق،  كە لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكان لە نێوان هەردوو لا واژۆكراوە، بگرە لە زاخۆوە تا برادۆست و قەندیل و شارباژێر لە سلێمانی كراونەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا، لەو بۆردومانانەشدا سوپای توركیا  دەست لە ئامانجی سڤیل ناپارێزێت، ژن و منداڵ بە ئامانج دەگرێت، رووداوەكەی كونەماسێ بە نموونە.

لەبەرامبەر سیاسەتی داگیركاری و دووژمنكارانەی دەوڵەتی توركیا،  حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵویستێكی تەوفیقی وەرگرتووە، بۆیە زۆر جار لە پەنای ئیدانەكردنی بوونی هێزەكانی pkk هەڵویستەكانی حكومەت و لایەنە فەرمیەكانی هەرێمی كوردستان والێكدەدرێتەوە كە ڕەوایەتی دەداتە هێرش و پەلامارەكانی سوپای توركیا.

راستە لە هەرێمی كوردستان دەوڵەتی توركیا pkk  دەكاتە بیانوو، بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای توركیا و سیاسەتەكانی ئەو ولاتە بكەین ئەوا تێدەگەین توركیا نەك تەنیا لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان، بگرە لە تەواوی جیهان سیاسەتی فراوانخوازی پەیڕەو دەكات،  بەشێوەیەك كە دەیەوێت ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوو لە دوای دۆڕانی لە جەنگی جیهانی یەكەم و دواتریش لە چوارچیوەی ڕێكەوتنامەی لۆزان لەدەستی داوە ئێستا بۆخۆی بیگێڕێتەوە.

توركیا لەیەك كاتدا لە لیبیا تا دەریایی ناوەڕاست و ئەرمینیا و سوریا و ناوجەكە پەیرەو لەو سیاسەتە فراوانخوازیە دەكات.

بۆیە دەەپرسین ئایا  لە لیبیا هێزی pkk   بوونی هەیە كە توركیا هێزی بۆناردووە و كێشە لەو وڵاتە درووست دەكات؟ ئایا لە نێوانی ئەرمینیا و ئازرباینجان هیچ بنكە و بارەگایەكی pkk بوونی هەیە؟ یان لە رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست پاپۆڕی سەربازی pkk هەیە كە توركیا پەلاماری ئەو ناوچەی داوە؟! 

ئەوە هەر باسی رۆژئاوایی كوردستان ناكەین چونكە توركیا دەمێكە ڕایگەیاندووە لەهەر سوجێكی دونیا كورد ببێتە خاوەن دەستكەوت ئەوا ئەوان دژی دەوەستنەوە.

لیرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە توركیا لە باشوور و رۆژئاوایی كوردستان كێشەی لەگەڵ كورد هەیە،  و بۆیە چاوی بڕیوەتە خاكەكەی،  بۆیە دەبینین  بە ئاگر و ئاسن شەڕی كورد دەكات، لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەش ئەگەر لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و حكومەت و تەنانەت پەرلەمانیش ناتوانن هەڵوێستی داگیركارانەی دەوڵەتی توركیا ئیدانە بكەن با  بێ دەنگ بن چاكترە .

رووداوی شەهیدكردنی دوو فەرەماندەی پاسەوانی سنوور لە دەڤەری سیدەكان و هەڵوێستی وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو رووداوە،  ئەوەمان پێدەڵێت كە هەرێمی كوردستان تەنانەت لەبەرامبەر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەفسەركانیشی هەڵوێستێكی شەرمنانەی دەربڕیوە.

دواجار دەڵێین ئەگەر ئەو شەڕەتان پیناكرێت، لێگەڕێن با بەغدا شەڕە سیاسی و دبلۆماسیەكەتان بۆ بكات، هەڵوێستی ئێستای بەغدا لە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەزیری بەرگری توركیا بۆ بەغدا و هەولێر،  و ئیدانەكردنی شەهیدكردنی دوو ئەفسەری پاسەوانی سنوور لە لایەن سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان و حكومەت،  هەڵوێستێكی جیگای تەقدیرە دەبێت كورد لە بەغدا پشتیوانی لەو هەڵوێستە بكات، بە تایبەت كە پۆستی هەستیاری سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوە لای كوردە.

هیوا سەید سەلیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی