هۆشیاریی مرۆڤ تەنها
ئەوە نییە کە بزانێت لە دەوروبەری خۆیدا چی ڕوودەدات؛ بەڵکو ئەوەیە بتوانێت لە پشت
هاوکێشەکانەوە داهاتوو ببینێت، لە پشت قسەکانەوە ڕاستی بدۆزێتەوە و لە پشت بەرژەوەندییە
بچووکەکانەوە، ئاسۆیەکی گەورەتر بۆ خزمەتی چاکەی گشتی ببینێت، مرۆڤی هۆشیار تەنها
بیر لە ئەمڕۆ ناکاتەوە، بەڵکو پرسیار لە سبەینێ دەکات ،تەنها بیر لە بەرژەوەندیی خۆی
ناکاتەوە، بەڵکو چارەنووسی کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتووش لەبەرچاو دەگریت.
گۆڕینی جیهان بە
بیرکردنەوەی هۆشیارانە دەست پێ دەکات، نەک بە دروشم و قسەی بێ کردار؛ چونکە گەورەترین
شۆڕش، پێش ئەوەی لە کۆمەڵگادا ڕووبدات، دەبێت لە مێشکی مرۆڤەکاندا دەست پێ بکات ،
مرۆڤی هوشیار لەناو حیزبایەتیدا نابێتە کەرەستەو ئامرازی دەستی بەرپرسان و دورە لە
ستایش و گۆرانی گوتن بە باڵای بەرپرساندا ، کاتێکیش هەڵەیەک دەبینیت بوێریی ڕەخنەگرتنی
هەیە و هەر بڕیارێکیش زیانی بۆ کۆمەڵگا هەبێت، بەبێ ترس هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت ،
مرۆڤی هۆشیار نابێت بە شوێنکەوتەی بێمەرجی هیچ سەرکردە و حیزبێک بێت ،دڵسۆزی و ڕاستگۆی
لەناو حیزبدا ئەوە نییە کە هەمیشە بڵێت “بەڵێ”بەڵکو ئەوەیە بتوانێت کاتێک بڕیارێک
هەڵەیە بوێری ئەوەت هەبێت بڵێت “نەخێر”.
سیاسەت ئەوە نییە
کە چۆن دەسەڵات بەدەست بهێنیت، بەڵکو ئەوەیە چۆن لە دەسەڵاتدا ویژدانت لەدەست نەدەیت
، بەشداری سیاسی ئەوەیە مرۆڤ بە هۆشیاریی و دیدو ڕوانینێکی عەقڵانی دوور لە ڕق و کینەی
سیاسی بەشداری لە بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکاندا بکات ، لێکۆڵینەوە لە هەڵەکانی
ڕابردوو یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکانی مرۆڤی هوشیار و بەئاگا ،چونکە حیزبێک کە هەڵەکانی
خۆی نەبینێت و ئامادەی ڕاستکردنەوەیان نەبێت، ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت و لەئاست
داخوازی سەردەمی نوێدا بیت ، ڕەخنەکردن لە
حیزب خیانەت نییە؛ بێدەنگبوون لە بەرامبەر هەڵەکان، لەوانەیە گەورەترین خیانەت بێت
بەرامبەر بە ئایندەی کۆمەڵگا.
بەداخەوە سیاسەت
لە تێگەیشتنی زۆرینەی حیزبەکاندا لە ئامانجێکی باڵا و خزمەتکردنی گشتییەوە گۆڕاوە
بۆ ئامرازێک بۆ دەسەڵات لەکاتیکدا دەبێت سیاسەت وەک ئەرک و وەزیفەیەکی ئەخلاقی و
مرۆیی ببینین؛ ئەرکێک بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەی کە بەرژەوەندیخوازان و دەسەڵاتداران بە
ناوی بزنسی کوردایەتییەوە بۆ کۆمەڵگایان دروست کردووە ، سەنگی مرۆڤی هۆشیار و بەئاگا،
تەنها لەوەدا دەردەکەوێت کاتێک هەڵەیەکی سیاسی دەبینێت بێدەنگ نابێت و هەوڵ دەدات
بەشێک بێت لە چاکبوونەوەی هەڵەکان .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی