ژیانی کاک جەلیل گادانی مەدرەسەیەکی باڵایە
هێمای خۆڕاگری و فێرگەی بەرزی ئەزموون و بڕوایە.

12/08/2020

عەزیز ماملێ

چەند کاتژمێر لەپاش کۆچی دوایی فڕانسوا میتێران، ژاک شیراک سەرۆک کۆماری ئەووەختی فەڕانسە ڕایگەیاند: "فڕانسوا میتێران بەرهەمێکی نەتەوەییە"
ماف و ئەركی ئێمەیشە کە بە سەربەرزی لە  كاك "جەلیل گادانی" وەک بەرهەمێکی نەتەوەیی كۆمەڵگای كوردستان یاد بکەین.
كەسێك بوو کە زیاتر لە حەفتا ساڵ بەبێ هەدادان و وەستان خزمەتی نەتەوە و نیشتمانی كرد و بەشداری شۆڕش و سەرهەڵدانەكانی كرد. تایبەتمەندییەکانی كاك جەلیل چەند ڕەهەندی بوو:

لە بواری سیاسی:
كەسایەتی سیاسیی كاك جەلیل لە كۆماری كوردستاندا فرچكی گرت و پتەو بوو، لە قوتابخانەی منداڵان و مەکتەبی فەرهەنگی – سیاسیە دامەزراوە كورتخایەنەکەی، فۆرماسیۆنی تێپەڕ كرد و پەروەردە بوو،  هەر ئەوەیش بوو بە بنچینەی باوەڕی بەهێزی كوردایەتی و بناوانی بەتوانا و درێژخایەنی ئیدیۆلۆژی سیاسی.
هیچ تەگەرە و لەمپەرێك ڕێگر نەبوو لە تێكۆشان و هەوڵدانی كاك جەلیل بۆ دووپات كردنەوەی ئەزموونەکان و گەیشتن بە ئامانجەكان؛ نە گوشاری ئەمنی، نە گرتن و ئەشکەنجە و تەنانەت حوكمی ئێعدام، نە ژیان لە ناو چیا و چۆڵ و شێو و دۆڵ، نە كوێرەوەری  و کوێندەبەری، نە كێشەی ناوخۆیی  و نە تەمەنی بەساڵداچوویی، نەیانتوانی دەوری نەرێنییان  ببێت لە سەر كاك جەلیل.
چرای ژیانی كاك جەلیل بە خەباتی سیاسی داگیرسابوو، ئەوەی کە زۆر گرینگ بوو ئەو بەشە بوو كە ئەو چاکسوارە شۆڕشگێرە بە وزە و توانا، بە پشوودرێژی، بە پاكی و پاقژی، بە ڕاستگۆیی و ئازایەتی، بە دروستی و دەستپاكی، بە دیسیپلین و مەتمانەبەخۆبوون ئەسپی خەباتی لە گشت ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تاو دا. كاك جەلیل خونكارێكی سیاسی مەزن بوو، دووری دەڕوانی، لە هەر دەرفەتێك كەڵكی وەردەگرت بۆ ئەوە کە دژ بە پەلهاوێژی داگیركەران و دەستدرێژی زۆرداران هەڵوێست بگرێت. ئامانجی پاك و ئاكاری چاكی ڕەچاو كرد، بە كەسی هەڵنەگوت، لە سازشی تێكدەرانە و پیلانی ڕیكخەرانە بێزار بوو، لە جێی خۆیدا و لە نێو دامەزراوەی سیاسیدا، ڕەخنەی ئاراستە دەکرد و ناڕەوایی لەقاو دەدا. هەوڵی زۆری دا بۆ یەکگرتوویی، نەك هەر لە نێو حیزب، بەڵكوو لە نێوان کۆی هێز و ڕێکخراوەکانی كوردستاندا؛ یەكێك لەو كەسانە بوو کە بیرۆکە ی كۆنگرەی نەتەوەیی بەهێز كرد و پاڵپشتی لێ كرد، كاتێك سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان-ڕێبەرایەتی شۆڕشگیر بوو، بۆ كۆبوونەوە سەرەتاییەکان بانگێشتن كرا و گەلێك پێشنیاری بەنرخی ئاراستە كرد و بۆ پێكگەیشتن و تێكگەیشتن هەوڵی زۆری دا.
هەر لەو سەردەمەدا وەك سكرتێری حیزب زۆر هەڵسووڕاو بوو و پێوەندیەكانی لەگەڵ ئەو لایەنانە دامەزراند كە بڕوایان بە پرسی كورد بوو و لە ناو میدیاكانی دەرەوە چالاكی بەرچاوی بوو . بە زەحمەت و خۆماندو كردنێكی زۆر لەگەڵ سمایلی ماملێ، كتێبی «شەهیدانی حیزبی دیموكراتی كوردستان»یان ئامادە كرد و لە چاپیان دا.
كاك جەلیل ئەندامێكی فرە بە دیسیپلینی حیزبی بوو،  ئەوین وخۆشەویستیی بۆ حیزبی دێموكڕات لە ڕادەبەدەر بوو؛ من هیچ كەسم نەدیت بەو شێوەیە و ئەوتۆ بە زمان و خامە، بە هەنگاو و دڵ و بە گیان ڕێز لە ڕێكخراوەکەی بگرێت. كاك جەلیل لە یەکەمین چاوپێكەوتنی لەگەڵ خومەینی، بەرنامە و پێڕەوی دیاریکراوی خستە بەردەست نێوبراو . هیچكاتێك ڕاسپاردە  و بڕیارەکانی حیزبی خۆشەویستی خۆی ڕەد نەکردەوە، نە ناڵەی هات و نە زاڵە؛ كاك جەلیل لەگەڵ بڕو بیانو و پاساو نامۆ بوو و هەروەها لەگەڵ بڕیاری پێشوەختە. لە نێو حیزب دا خۆی لە ململانێ و ناكۆكی دوور ڕادەگرت . زۆر هەوڵی دا کە دووبەرەكی لە نێو حیزب دا پێک نەیێت و هەرچەند ڕەخنەی زۆری بوو لە شێوەی بەڕێوەبردنی كۆنگرەی هەشتی حیزب،  بەڵام زۆر جاران بۆ منی گێڕاوەتەوە کە جیابوونەوەی بەسەردا سەپا.
بەڕێز كاك جەلیل سەرەڕای ئەوینداری بۆ حیزبی دێموكرات، هیچکات نەچووە ژێر باری بڕیارە نالەبارەکان و هەڵوێستە ناڕەواكان و بۆ لقاودانیان بە جەرگ و ئازایانە دەنگی ناڕزایەتی هەڵدەبڕی.  یەكێك لەو دەگمەن كەسانە بوو كە پێی وابوو  دانیشتن و وت‌ووێژ لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی لە ڕووی سیاسیەوە ماڵ ویرانكەرە؛
بەو هۆیەوە پێوەندیە ناڕەواکانی حیزبی لەگەڵیان ڕەد دەکردەوە و پێیوابوو کە ناكرێ دوژمنی دوێنێ دۆستی ئەوڕۆ بێت. ئەگەر بە هەڵە نەچووبم، بەرهەڵست كاری بەشداری خەڵکی كوردستان بوو لە تەواوی "هەڵبژاردنەکانی ئێران” لە دەورانی ڕژیمی ئیسلامی دا .
لەو دواییانەدا هەندێك ئەندامی تازە پێگەیشتوو لە بەڕێوەبەری حیزبی دێموکڕاتی كوردستان، بە بێ لەبەرچاوگرتنی مێژوو، بە پێچەوانەی ڕاستی ڕووداوەکان و بێ ئەوەی کە بۆ خۆیان بەشداری ئەو بەشە لە شۆڕشی كوردستاندا بووبن؛  واتە بە بێ ئاگاداری و زانیاری، ئاوی پاك بەسەر "موفتی‌زادە"دا دەکەن و حیزبی دێموکڕات، كۆمەڵە و مامۆستا شێخ عیزەددین و لایەنە سیاسیەكانی دیکە بە سووچدار دەزانن. بەو هۆیەوە شەوێك لە پاش بیستنی هەڵوێستێكی نالەباری ئەوتۆ،  تەلەفۆنم لە برای گەورەم كاك جەلیل كرد و ناڕەزایەتیەكانم لەو جۆرە بۆچوونانە پێ عەرز كرد، براگەورەم وڵامی ئەوە بوو: هەر ئێستا دەچم بۆ ڕێبەرایەتی و بۆخۆم دژ بە وهەڵویستانە ڕادەوەستم .
كاك جەلیل دەوری گرنگی بینی لە ناو شۆڕشی گەلانی ئێراندا .
لەگەڵ یادزیندوو كاك عەزیزی یۆسفی، ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی كوردستان کە ماوەی بیست و پێنج ساڵ لە گرتووخانەكانی رژیمی پاشایەتی دا حەبس كرابوو دۆستایەتی نزیكیان بوو. لەپاش ڕزگاربوونی، كاك عەزیز لە سەفەرەكانی بۆ تاران لە ماڵی كاك جەلیل دەماوە. لە كۆچی دوایی كاك عەزیزدا كاك جەلیل چالاكی زۆر بەرچاوی بوو بە تایبەت لە ڕۆژی ڕێ‌وڕەسمی ناشتنی لە شاری سابلاغ ، كاك جەلیل یەكێك لەو كەسانە بوو کە وتارێكی لە سەر كاك عەزیز ئاراستە كرد و خەڵكی دژ بە سیاسەتی رژێمی شاهان دا. لە ئاکامدا ساواكی حكومەت دەستی كرد بە گرتنی خەڵك و كاك جەلیل یەكێك لە گیراوەکان بوو لە گرتووخانەی ورمێ. من ئەو كات پارێزەر بووم لە شاری سەقز و چووم بۆ دادگای سەربازی ورمێ و پەروەندەی ٤٦ كەس لە حەبسكراوەكانم خوێندەوە. تەواوی بەندكراوەکان بە تایبەت چەند كەسێك، زۆر زۆر بوێرانە وڵامی پرسیارەكانی دادوەریان دابوەوە، یەكێك لەوانە كاك جەلیلی بەڕێز بوو کە بە گژ دام و دەزگای دەوڵەتدا هاتبۆوە.  سەردەمی شۆڕش بوو، ئەوكات سەرەڕای ئەوە کە حكوومەتی نیزامی ڕاگەیێندرابوو، خەڵکی مەهاباد بە تایبەت گەنجەكان هەموو ڕۆژ لە نێو شەقامەكانی شار خۆپێشاندانیان ڕێک دەخست و داوایان دەكرد :
" زیندانیەکانمان بۆ بەردەن "
٤٦ بەندكراوی سابڵاغی لە ورمێ، یەکەمین دەستەی بەندكراوە سیاسیەكانی ئێران بوون کە لە دەورانی شۆڕشدا ئازاد كران . لە پێشوازیە گەرمەکەی خەڵكی شار و دێ، كاك جەلیل و كاك حەسەنی ماوەڕانی و من لە ماشێنێك دا بووین؛ كاك جەلیل دەستی بۆ خەڵك هەڵدێنا و لەبە رخۆیەوە دەیگوت:
" ئەو خەڵکە هەر بۆ ئەوە دەبێ کە خۆی بۆ بەخت کەی"
كاك جەلیل  یەکەمین میتینگی سەدهەزار کەسیی حیزبی دێموكڕاتی لە ستادیۆمی مەهاباد بەڕێوە برد.  ئەو خەباتگێڕە ماندوویینەناسە لە سەرێک لە كوردستان كاری حیزبایەتی لە سەردەمی شۆڕشدا بەڕێوە دەبرد و لە بەرێک لە تاران ئەركەكانی تەشكیلاتی بەجێ دەگەیاند. دەگەڵ زیندوویاد بەڕێز سارمەدینی سادق وەزیری "ڕێكخراوی كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی تاران"یان دامەزراند کە خزمەتێكی یەگجار گەورە بوو بە بزووتنەوە و بەرخۆدانی كورد دژ بە كۆماری ئیسلامی .
ڕابردووی تێكۆشانی سیاسی و هەڵس‌وکەوتی كاك جەلیل ئەوەندە چڕوپڕ و دەوڵەمەند و بەربڵاوە کە ڕەنگە لە چەند كتێب دا بكرێت باسیان لێ بکرێت، وەک چالاکی و بەشداربوونەکانی.
تەنیا دەتوانم پەنجە بۆ ئەوە ڕابكێشم کە هەڵسووڕاویی كاك جەلیل،  تێوە گلانی لە سیاسەت دا، ئەندامەتی لە حیزب و بە دەستەوە گرتنی ئەركی ڕێبەرایەتی لەو پەڕی بەرپرسایەتی و دڵسۆزیدا، بە بێ دەمارگرژی و پاوانخوازی وەدی هاتن. كاك جەلیل جگە لە ڕەچاو كردنی ئوسوولی ئەخلاق لە سیاسەتدا، لە سۆنگەی ئیدیۆلۆژیشەوە كەسیکێ پێشكەوتوو بوو و باوەڕی قورسی بە سۆسیالیزم هەبوو و زۆر سوور و پێداگر بوو لە دەستەبەر كردنی دادوەریی كۆمەڵایەتی. بۆ داهاتووی ئێران و كوردستان داواكاری ڕژیمێكی لاییک بوو، باوەڕی بە یەکسانی مافەكانی ژن و پیاو هەبوو و تەواوی تەمەنی خۆی لە پێناو دیاری كردنی مافی چارەنووسی نەتەوەی كورددا تەرخان كرد.
كاك جەلیل بە هۆی لایەنە پێشكەوتنخوازەكانی، لەبەر سروشتی چاك و پاكی، لە ڕووی كردەوە و ڕەفتاری ڕەوایشەوە كەسایەتیێکی ناسراو، خۆشناو و باوەڕ پێكراو بوو؛ جێگەی ڕێز و متمانە بوو نەك هەر لە نێو  جوغرافیای كوردستان بەڵكوو، لە نێو ئێران و ڕیكخراوە سیاسیەكانی ئێرانی دا.
لە ئاستی کۆمەڵایەتی :
من ئەو شانسە گەورەم بوو کە هەر لە سەرەتای گەنجیمەوە بە خزمەت کاک جەلیلی گادانی گەیشتم.  ئەوکات، لە سەرەتای ساڵی ١٣٤٦ تازە لە گرتووخانەی ڕژیمی پاشایەتی ڕزگاری ببوو، کەش و ەەوای سیاسی و زەخت و زەبر و زەنگی ساواک هێندە زۆر بوو کە زۆر کەس نەیاندەوێرا خۆ لە بەندکراوە ئازاد کراوەکانی سیاسی بدەن . ئەگەر دۆستایەتی لەگەڵ کەسایەتیەکی گەورە و ئەوتۆی سیاسی بۆ من جێگەی شانازیی بوو، بۆ هێندێک کەس سەرسوڕ هێنەر بوو . زۆر جاران نەمر مامۆستا ماملێ کە دۆستی نزیکی کاک جەلیل بوو و گەلێک ڕێزی لێدەگرت، بۆی دەگێڕامەوە: "فڵانە کەس پێی گوتم بۆ چی دەهێڵی "خانە" هەستان و دانیشتنی کاک جەلیل بکات؟ منیش  پێمگوت: بۆچی نەیکات؟ "
کاک جەلیل قوتابخانەیێکی بۆ مناڵانی پێش سەرەتایی دامەزراند و گەڵێک سەرکەوتوو بوو بەڵام لە پاش چەند مانگێک ساواک دایخست و هێندەی پێ نەچوو کاک جەلیل لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ٤٦-٤٧، بەشی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیرا و ڕەوانەی گرتووخانەی (فلک الافلاک) لە (خرم‌ێ‌باد) کرا . لە پاش ئازاد بوونی لە تاران نیشتەجێ بوو و لە تاقی کردنەوەی فێرگەی زمانەکانی بێگانە لە "تاران"دا پلەی یەکەمی بە دەست هێنا و لیسانسی زمانی فەڕانسەی وەرگرت. کاک جەلیل هۆگری زمان و ئەدەبیات و شارستانیەتی فەڕانسە بوو و لە گرتووخانە توانیبووی دوو کتێب بە زمانی فارسی وەرگێڕێتەوە: اسیر فرشتە وش،  چگونە  انسان غول شد.
ماڵی کاک جەلیل و ئەسمەر خانم لە تاران کانگای ئازادیخوازان و لێ قەوماوان بوو. پێویستە ئاماژە بە زەحمەتەکانی ئەسمەر خانم بکەم کە شەو و ڕۆژ، بێ وچان و بەردەوام پێشوازی لە میوان دەکرد. کاک جەلیل ئەوەندە ناسراو و ناوخاس، ناو بەدەر و خۆشەویست بوو کە نەک هەر لە شاری سابلاغ بەڵکوو لە تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هات و چۆیان دەکرد. ڕووناکبیرانی کورد، هاوبیران و هاوڕێیان بۆ چاوپێکەوتنی دۆستی خۆشەویستیان سەردانیان دەکرد؛ بیر و ڕایان دەگۆڕیەوە و پرس و ڕایان پێ دەکرد . ماڵی کاک جەلیل لە تاران هەروەها شوێنی داڵدەهێنان بوو، خەڵکی بێ دەرەتان و داماو پەنایان بۆ کاک جەلیل دەهێنا، ئەویش یارمەتی دەدان و کەسی بە دڵناخۆشی بەڕێ نەدەکرد؛ ئەگەر بۆ خۆیشی هیچی لە دەست نەهاتبایە، دۆست و پێوەندی زۆر بوو لێر و لەوێ و داوای ئالیکاری لێ دەکردن.
کاک جەلیل لە ڕیزگرتن لە دۆستایەتی و وەفا و ئەمەگ بۆ دۆستانی خۆی کەسێکی بێ وێنە بوو، خۆپێوە ماندووکردن بۆ نەک هەر دۆستان بە ڵکووبۆ ناسراوان،  لە خەم و لە فکر دابوونی ئەم و ئەو تایبەتمەندییەکی زۆر بە نرخی کاک جەلێل بوو کە تەنیا بەو دەکرا و لە کەسی تر ناوەشێتەوە . لە ساڵەکانی ١٩٧٠ کاک جەلیل لە مەدرەسەی نابینایان بۆ ماوەی دوو مانگ لە تاران ناوی نووسی بۆ فێربوونی خوێندنەوە بە قامکەکانی دەست (بریل) بەو مەبەستە کە بتوانێ فێری دۆستێکی نابینای خۆی بکا بە ناوی (مەلا غەفووری دەبباغی) شاعیری بە ناوبانگ لە شاری مەهاباد کە بۆی نەبوو سەفەری تاران بکا. بە دەرد و مەرگی خەڵکەوە  ماندووبوون لەو دواییانەدا گەیشتە جێگایەک کە تەنانەت لەو دۆخە پڕ لە مەترسییەی کۆویدی ١٩، کاک جەلیل خۆپاراستن و ئاگالەخۆبوونی وەلا نا و فیدای دۆستایەتی کرد، سەردانی هاڤاڵەکانی کە تووشی ئەو نەخۆشییە ببوون ئەویشی تووشی کۆرۆنا ویرووس کرد و زۆر مەعسووم لەسەر تەختی نەخۆشخانەی سلێمانی لە کوردستان گیانی فیدای کوردستان و ئامانجه بەدی نەهاتووەکان و پڕەنسیپەکانی کرد.
کاک جەلیل گەڵیک خەڵک خۆشەویست بوو و پێوەندی بەرچاوی دەگەڵیان هەبوو  وەک باوک و برایێکی دڵسۆز چاوی لە گرفت و دژواری خەڵک دەکرد، کێشەی ئەوانی بە هی خۆی دەزانی، فرە بە دەرد و مەرگی کۆمەڵگای کوردی دانیشتووی تارانەوە ماندوو بوو.
کاک جەلیل برایێکی گەورە و دۆستێکی دڵسۆز و هاڤاڵێکی گەورەی لە مێژینە بوو بۆ من، ڕابردوویێکی نزیک بە ٥٦ ساڵ دۆستایەتی و نزیکایەتی . لە ڕی و ڕەسمی دەسپێکی ژیانی هاوبەشی سوهەیلا و من دا، کاک جەلیل نوێنەرایەتی ئێمەی بە جێ گەیاند.
گەورەترین یارمەتی کە ئەو بلیمەتەی مرۆڤدوستی و ئەخلاق بە منی کرد،  ئەوە بوو کە منی بە جەنابی سارم خانی سادق وەزیری، دۆستی نزیکی خۆی ناساند و سەرەتای ژیانێکی پڕ لە شانازی بۆ من چێ کرد .
ئەو چەند  ڕستەیە لە سەر کاک جەلیل "کەمێکە لە سەر زۆر و شەمێکە لە چاو خۆر". خۆزگە و بریا نەوەی داهاتووی کورد بتوانێ ڕەوشت و ئاکاری کاک جەلیل بگرێتە بەر و ڕچەی ئەو پیاوە مەزنە ڕەچاو بکات. ژیان، کردەوەکان و دۆسیەی سیاسی-کۆمەڵایەتی و ڕابردووی کاک جەلیل  بۆ خۆی فێرگەیێکی بەرزە.
کاک جەلیل بە لێشاوی ولێهاتوویی، دەستەچیلەی خۆی وەبەر ئاگری خەبات و بزاڤی کورد دا، ئەرکەکانی ڕێک و پێک و  بە بێ دامان و تاسان و بە دوور لە قڕە و گومان بەجێ گەیاند. سروشتییە کە بنەماڵەی بەڕێزی گادانی، دۆستان و هاوڕێیان، هاوخەباتیان و هاو حیزبیان چاویان کز و سیس و فرمێسکاوی بێت، بەڵام ڕامان لە کەسایەتی کاک جەلیل، لە خۆشەویستیی لە نێو خەڵکدا، لە پێشوازی کۆمەڵگا لەو کەسایەتیە پایەبەرزە، پێمان دەسەلمێنێت کە ئەو خەباتگێڕە پلە و پێگە و جێگەی تایبەتی لە نێو دیرۆکی کورد دا دەستەبەر کرد. کاک جەلیل نەڕۆیشت بۆ نەمان و نادیاری و ناکجا ێ‌باد، چوو بۆ ناو جەرگەی مێژووی کورد و کوردستان.
دڵی گەرمی کاک جەلیل هەتا دوا هەناسە بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لێیدەدا و گومان لەوەدا نیە کە دوایین شێعری مامۆستا هێمن "ناڵەی جودایی" لە مێشکی دا هات و چۆی کردووە:
 دێم هەتا هەمبێ بڕست و بیر و هۆش
گەر گلاشم کوردەواری و ئێوە خۆش
عەزیز ماملێ
فەرانسە
١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٩
٨ی مانگی ئووت ٢٠٢٠
 
 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی