تەسلیمكردنەوەو چەواشە كردن

13/08/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەوەی حكومەتی هەرێم لە راگەیاندنەكەیدا ووتی ، جۆرێكە لە بەلاڕێدا بردن و چەواشە كردن ، تۆ چەند ساڵ لەمەوپێش وتت ، بای بای عیراق ، وتت بەغدا موفلیسە ، وتت هەرێم پەنجا ساڵ لە پێش بەغداوەیە، وتت تەیمان دروست دەكەین بۆ ئەوەی لە باو بۆران و دڕندە بمانپارێزێت ، كەچی ئێستا دێیت ئەڵێی بە پێی دەستور دەبێت پارەم بدەیتێ‌ ، دەڵێی دەبێ‌ سەرۆك كۆماریش بە رۆڵی خۆی هەستێ‌ ، ئەوە لە كاتێكا پێشتر دەتانگوت بۆ سەرۆك كۆمار نیە بێتە هەولێرەوە. 

من لەم یاریە سەرم دەرناچێت ،ئێمە تەنها هەقی جینۆسایدەكەمان لای بەغدایە ، ئەوەش مەگەر خوا بزانێ‌ بە چ دەردێكمان بردووە ، ئاخر كە بەغدا داوای گرتنی موستەشارەكانی كرد ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هەر وەڵامی نەدایەوە ، ئێمە كە وتمان بای بای بەغداو بڕیار بوو بە مەلەفێكی گەورەوە بڕۆین بۆ برۆكسل ، ئیتر داوای پارەی چی؟

لە لایەكەوە باسی رێكەوتن دەكەیت ، دەڵێیت ئامادەی هەموو رێكەوتنێكین ، لە لایەكی ترەوە لە سەر تاڵانی نەوت  و دزینی سامانی نیشتمان و چەوسانەوەی خەڵكەكەت بەردەوامی ، تەنانەت رێگری لە چوار ئەفەنی عیراقیش دەكەیت بچنە خاڵە گومرگیەكان ، من لە دڵەوە دەخوازم یەك چركە عیراقی نەبم ، بەڵام تۆ بەم یاریەت خەریكی هەموو دارو بەردی كوردستان لە نێوان تەسلیمكردن بە بەغداو تەسلیم كردن بە ئەنقەرەدا هەراج و پەڕاش پەڕاش دەكەیت ، ناتەوێ‌ وەڵامی بەغدا بدەیتەوە كە موچە بۆ هاونیشتمانیەكانت دەنێرێ‌ ، بەڵام بە تەقڵە دەچی بۆ لای ئەنكەرە كە بە ناپاڵم و تانك و فڕۆكە هاونیشتمانیەكانت دەكوژێ‌ .

ئەمەی تۆ دەیكەیت هەوڵدانە بۆ ناچار كردنی خەڵك بە ملدان و تەسلیمبوون بۆ ئەوەی دوایەش ئەوە بە خەڵك بفرۆشیتەوە كە خۆیان ئەوەیان ویست ، ئەمەی تۆ دەیكەیت لە كورت ترین رستەدا سوك كردنی مرۆڤی كوردە ، دوێنێ‌ لە خوت و خۆڕا چەند ئەفسەرێكی كوردت بە كوشتدا ، دوایەش بەیانێكت دەركردو وتت پەكەكەو توركیا بەرپرسن ، ئاخر خۆ فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان هی پەكەكە نین ، تۆ خەریكی یاریەكی مەترسیداری كە تەنها بۆنی ئاشبەتاڵی لێدێت ، یاریەك تێیدا هەموو جوانیەكان وردو خاش دەبن و تۆش بە ڕوویەكی سپیەوە لێی دەرناچی ، لە گەڵ تۆمە حكومەتی هەرێمی سێكوچكە چەوت و چێڵەكە .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی