هێشتا نەچووە بچێت!

11/09/2020

نووری بێخاڵی

هاتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمی سەردانەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا و جووڵە دیبلۆماسییەکانی لە ناوچەکەدا، لەگەڵیشیاندا هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و شاندی دانوستانەکانییەتی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ چارەسەری کێشەکان.

وێدەچێت لایەنەکان و بەتایبەتیش بەڕێز مستەفا كازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتبنە ئەو باوەڕەی، کە ڕژدی و سووربوونی سەرۆک نێچيرڤان بارزانی لەسەر ئەوەی دەستوور سەنگی مەحەکی گفتوگۆکان و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان بێت. سیاسەتی دروست و باشترین ڕێگایەکە تا هەردوولا بگەنە ڕێککەوتنێک، کە ئاکامەکەی بە خزمەتی ماف و بەرژەوەندییەکانی تەواوی گەلانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە تەواو بێت.

ئەمەیان دیوێکی گرنگی هاوکێشەکەیە. دیوێکی دیکەی بایەخداری ئەم ستراتیژە ئەوەیە، کە هەر هەوڵ و هەنگاوێک بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن، دواجار خزمەتی ئاشتەوایی نێوخۆیی و یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان دەکات و بە قازانجی بەرژەوەندیی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، کە ئەمەش کرۆک و ناواخنی سیاسەت و ستراتیژی نیشتمانیی سەرۆک نێچیرڤانە. 

لەم گۆشەنیگایەوە، ڕژدی و پێداگری سەرۆکی هەرێم لەسەر گەڕاندنەوەی متمانە بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، ئەگەر کێشەکان بە تەواویش سفر نەکاتەوە، بەڵام تا ئاستێکی باش بەدحاڵیبوونەکانی نێوان هەردوولادا دەڕەوێنێتەوە، هاوکارە بۆ ئەوەی کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانیان بکەن و ناکۆکییەکان تا ئەوپەڕی کاڵ دەکاتەوە. دواجار ئەم بڕوا و تێڕوانینە سیاسییە دووربینە، دەروازەی زیاتر بۆ چارەسەری دەستوورییانەی کێشەکان دەخاتە سەر پشت. 

جموجۆڵە سیاسییە بەردەوامەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان هەولێر و بەغدا و دەرکەوتنی نیازپاکی و ئیرادەیەکی سیاسیی ڕۆشن لای هەردوولا بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتن، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی کە خەریکە لە ڕێککەوتن و چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکانیان نزیک دەبنەوە. ڕێککەوتنێک کە هاوسەنگیی ئەرک و دەسەڵاتەکان مسۆگەر دەکات، کە بە دەق لەناو دەستووردا هاتوون. 

تاکە شتێک لەو نێوەدا کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو و تا ئێستاش داخوازیی شەقامی عێراقی و کوردستانییە، نەهێشتنی ناکۆکی، وەلانانی ململانێ سیاسییەکان و دوورکەوتنەوەی لایەنەکانە لە دروستکردنی کێشە و قەیرانی نوێ لەپێناو هێنانەدی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و بەرجەستەکردنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون. بۆیە ئەگەر ویستێکی ڕاستەقینە و ئیرادەیەکی باوەڕمەندی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بۆ ڕێککەوتن و چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان هەبێت، ئەوا هێشتا نەچووە بچێت و ئاوەکە ڕێڕەوە ڕاستەکەی دەدۆزێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە