قسەکردن لەبارەی نەشیروان مستەفا، دوای نەوشیروان خۆی!

13/09/2020

جەعفەر عەلی


نەوشیروان مستەفا، وەک هەر سیاسییەکی دی هەڵەی کردوون، نە ئەو، نە هیچ سیاسییەکی دیکەش، فریشتە نەبوون و نین.

ئەو رۆژەی سیاسییەک، لە سەرەوە، خۆی بە فریشتە زانی و قبوڵی بوو ستایشی بە فریشتەبوونی بکەن، ئەوە رێک ئەو رۆژەیە، کە بە توندی باوەشی بە دیکتاتۆریەت و تاکڕەویدا کردووە. ئەو رۆژەش کە حیزبێک، ئەندام و هەوادارانی جوڵانەوەیەک، گەلێک، لە خوارەوە، وێنەی فریشتەیدا بە سیاسییەک و هالەیەکی پیرۆزی بە دەوردا کێشا، دیسان ئەوە رێک ئەو رۆژەیە، کە بە دەیان فرسەخ لە دیموکراسی و ئازادی دوورکەوتووینەوە و خەریکی دروستکردنی سەرکردەی شمولی و ستەمکارین. 

ئێمە پێویستیمان بە کارکردن بە دووانەی شوان و مێگەل، ئاغا و کۆیلە، فریشتە و شەیتان نییە، بەڵکو پێویستیمان بە عەقڵیەتێکە، خەریکی تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هۆشیارییە نێگەتیڤە بێت، کە لە پشتی تیۆریزەکردن بۆ ئەو تێزە دۆزەخییە وەستاوە، کە لە یەککاتدا، هەم ئازاری باوک، هەم ئازاری فەرزندەکانی دەدات.

ئێمە پێویستیمان بە هەڵتەکاندنی ئەو ژێرخانە فیکریەیە، کە رۆژانە خەریکی نوێکردنەوەی خشتەکانی ئەو تەلارەیە، کە فریشتەی باوک لە هەرەمی سەرەوەیدا و لە ژێر چاویلکەیەکەوە، بە بزەوە سەیری هاواری لایەنگرانی و چەپڵەی دەروێش و فەرزندەکانی دەکات. ژێرخانێک کە پێبزانین یان نا، دەسەڵات و باوکی سەرکردە، رۆڵی گرنگی لە دامەزراندن و بیناکردنیدا، گێڕاوە. 

مەبەستمە بڵێم؛ نەوشیروان مستەفا، وەک سیاسییەک، وەک رۆشنبیر و نوسەرێک، دەبێ بخرێتە دەرەوەی تەقدیسەوە، وەک هەر کەسێکی دیکە، ئاساییە قسەی لەبارەوە بکرێ، رەخنەی لێبگیرێ، چونکە بێماناییە پێمانوابێ، ئەوەی نەوشیروان مستەفا نوسیوویەتی و گوتوویەتی، هەمووی راستی رەهایە و دوای ئەو دەبێ گووتن و نوسین بوەستێنرێ، بەڵام لەوە بێماناتر ئەوەیە، کاتێک کینە و رق، مێژوو دەگێڕێتەوە. کاتێک مێژوو تێکەڵ بە شکستی سیاسی و نەخۆشی سایکۆلۆژی دەکرێت. 

بەشێکی گرنگ لەو قسانەی دوای کۆچی، لەبارەی نەوشیروان مستەفاوە کراون، تێکەڵ بەم نەخۆشییە سایکۆلۆژی و قینە مێژووییەیە. کاتێک قین و رق مێژوو دەگێڕێتەوە، واتە هیچمان نەگێڕاوەتەوە، کاتێک ژینگەی شکست و  سایکۆلۆژیای نەخۆش، مێژوو دەگێڕێتەوە، یان دەنوسێتەوە، ئەو کاتە نەک مێژوویەکمان دەستناکەوێ بۆ خوێندنەوە، گوێ لێگرتن و پەند لێوەرگرتن، بەڵکو دونیایەک وشە و رستەی ساختەی مەبەستدارمان دەست دەکەوێت، کە بێگومان مێژوو ئەوەشی تێدایە.

مێژوو وەکچۆن دەتوانرێ بابەتیانە بنوسرێتەوە، بە هەمانشێوە دەتوانرێ ساختە و چەواشەکارانەش بنوسرێتەوە، بەڵام بابەتیبوون دەتوانێ بمێنێتەوە و چەواشە و ساختەش تەمەن کورت و زوو ون دەبن. 

نەوشیروان مستەفا، خۆی حەزی دەکرد تا لە ژیاندا بوو، هەر کەسێک سەرنجێک، قسەیەک، رەخنەیەکی لە یاداشتەکانی رۆژانی پێشمەرگایەتی و دوای راپەڕینیش هەیە، وەکچۆن ئەو روون و ئاشکرا بڵاویکردۆتەوە، ئەوانیش بینوسن و بڵاویبکەنەوە. بەڵام تا لە ژیاندا بوو، چەند کەسێکی کەم نەبێت، کە یاداشتەکانیان شایستەی خوێندنەوەن، قسەیەکی ئەوتۆ نەگوترا و، رەخنەیەکی جدیش لە نوسین و گێڕانەوەکانی ئەو پیاوە نەگیرا، بەڵام دوای مردنی، هەرچی دەنوسێت، تەنانەت ئەگەر دوو رۆژیش لە پەناگەیەکی ئەم لادێیانە، مابێتەوە، چۆن دڵی بخوازێت، ئاوا بە ناوی ئەو پیاوەوە قسە دەکات و هەندێجاریش کێرڤی نەرگسییەت و قینی مێژووییان هێند هەڵدەکشێ، رۆڵێکی بچووکیشی بۆ ناهێڵنەوە، تەنانەت کاتێک لایەنە جوان و پۆزەتیڤەکانیشی دەگێڕنەوە، ناتوانن خۆیان لەو رقە شەخسی و مێژووییە دەرباز بکەن، بۆیە باشییەکانیش هەر لە گۆشەنیگای خراپییەوە تەفسیر و تەئویل دەکەن. 

ئیدی ئەوە مێژووە، هەر کەس چۆن بخوازێ، دەتوانێ ئاوا یاری پێبکات، بەڵام هەر کەس چۆن بخوازێ، ناتوانێ وشە و رستەکانی وەک راستییەک، وەک گێڕانەوەیەکی بابەتی، لە هۆشیاری خوێنەران و  زیهنیەتی مێژوویی میللەتەکەیدا بهێڵێتەوە.