ئەگەر سەروەر نەبوونی دوێنێی یاسا بەرئەنجامی سەربەخۆنەبوونی دەستەڵاتی دادوەریی بووبێت، ئەوا بێدادی ئەمڕۆی میدیا و پاشاگەردانیی میدیاوان و پێشێلکردنی رێسا پیشەییەکانی کارکردن، لەھۆکارە بنچینەییەکانی پشێویی دەربڕین، پێنەگەیشتوویی رۆژنامەگەریی و لەدەستدانی مافی گشتیی ھاووڵاتیان بووە؛ لەوەی بەئاسانیی دەستیان بەسەرچاوەکانی زانیاریی نەگات.
وێڕای جیاکردنەوەی لاوەکیی دەستەڵاتی دادوەریی لە دەستەڵاتەکانی یاسادانان و راپەڕاندن، بەڵام ھێشتا ناپیشەییبوونی کرداریی لە یەکلاییکردنەوەی دۆز و دۆسییەکاندا وایکردووە بەرپرسانی حزب و مەکتەبەکانی؛ ھێز و ھەژموونیان لەبڕگە و ماددەکانی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان زۆرتر بێت. ئەوەش دۆخێکی وەھای دروستکردووە؛ لەسایەییدا دەستەگەریی میدیایی و وابەستەبوونی میدیاوانی لێبکەوێتەوە، بەجۆرێک ئێستا ھیچ زانیاریی و ھەواڵ و پرۆگرام و بەرھەمێکی دیکەی میدیایی وەکخۆی رووماڵ و پەخش و بڵاوناکرێتەوە، تاوەکو سادەترین بابەتی رۆژنامەوانییش لەلای وەرگر وەکخۆی ھەزم بکرێت!
لێپێچینەوەی یاسایی میدیا و میدیاوان لەبیرکردنەوەی دەستەڵاتی دادوەریی ھەرێمی کوردستاندا، ھێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووی ئەوتۆ کە رۆژنامەگەریی کوردی، وەک پیشەیەکی رێزلێگیراوی شکۆدار سەیر بکرێت. واتە ھێشتا لەم ھەرێمە راگوزەرەی سیستمی دیموکراسیی پاش ململانێکاندا، ئەو دەقە یاساییە ھەر مرەکەبی سەر کاغەزە کە دەڵێت: "تۆمەتبار بێتاوانە، تا ئەوکاتەی تۆمەتەکەی بەسەردا ساغدەبێتەوە."
ئەوەش وایکردووە، ژینگەیەکی سەوزی یاسایی درووست نەبێت کە رێگەبدات بە ئاسانی تۆمەتبار و تاوانبار لێکجیابکرێنەوەو بە مافی شایستەی خۆیان بگەن یاخود ئەو سزایانەیان بەسەردا بسەپێنرێن کە یاسا بۆی دەستنیشانکردوون و پارێزگاریشی لێکردوون، نەک ئەو حوکمە پێشوەختانەی کەس و شوێن و لایەنی دیکەی نایاسایی سەپاندونی، بەبێئەوەی ھیچ جۆرە سنورێک بۆ پارێزبەندی تاوانباران (Immunity to criminals) دابنێن!
یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی کوردستان - عێراق، ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧؛ لە ٧١ ماددە و ھۆیە پێویستەکانی دەرچوواندنی پێکھاتووە، لەماددەی نۆیەمیدا، چەند جۆرێکی دادگا دەستنیشانکراون کە بریتیین لە دادگا مەدەنییەکانی پێداچوونەوە، تێھەڵچوونەوە، تاوان، بەرایی، نەوجەوانان، باری کەسایەتی، کەتن، کار، لێکۆڵینەوە، لەگەڵ دادگاکانی ماددەکانی کەسایەتی بۆ مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان و ئایینەکانی تر، ئەوەی لەم ریزبەندییەدا کەم و ونە، نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەندە بە دۆز و دۆسییەکانی میدیا و میدیاوانان کە بۆ ئەمڕۆ پێویستییەکی یاساییە، زۆر گرنگە ئەو دادگایە بەزوویی لەھەر چوار پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە دابمەزرێت تاوەکو چیدیکە تۆمەتبار و تاوانبارانی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری، ھاوشێوەی دز و سیخوڕ و تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت و لەیەک ھۆڵی چاوەڕوانییدا رانەگیرێن یاخود زیندانیی نەکرێن.
لەچەند ساڵی رابردوودا، چیرۆکی تیرۆرکردنی ھەریەک لە ویداد حسێن، کاوە گەرمیانی، عەبدولستار تاھیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان، بەچەشنێک «دیزە بەدەرخۆنە» کران، ئێستاش و ئەوساش بەشێوەیەکی فەرمیی ئاشکرانەبوو کە کێ ھاندەر و تۆمەتبارە و کێ جێبەجێکار و تاوانبار یاخود بۆچی دەستەڵاتی دادوەریی و داواکاری گشتیی نەیانتوانی رۆڵی پیشەیی خۆیان ببینن و ئەو دۆسیانە بەشێوەیەکی سەبەرخۆ یەکلایی بکەنەوە!
ناکارایی «سیستمی دادوەریی ھەرێمی کوردستان» لەکاتێکدایە کە لە بڕگەی نۆیەمی ماددەی ٣٥ی بەشی دووەمی یاسای ژمارە ٢٣ و لەمەرجەکانی دامەزراندنی دادوەراندا ھاتووە کە دادوەر؛ «دەبێ بەڵێن بدات دوای دامەزراندنی کاری حزبی نەکات.» ھاوکات لەبڕگەی دووەمی ماددەی ٣٦ی ھەمان یاسادا ئاماژە بە دەقی سوێندخواردنی دادوەر لەبەردەم سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی دەکات و تیاییدا ھاتووە، (سوێند دەخۆم بەخودا کە دادپەروەرانە لەنێوان خەڵکدا دادوەری بکەم و یاساکان بە ئەمانەت و دەست پاکی و بێ لایەنی پیادە بکەم.)
سەرباری ئەو دەقە جوانانە، ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا دادگا و دادوەر و داواکاری گشتیی و ئەنجومەنی دادوەری؛ یاسایەکیان ھەیە کە کۆن و بەسەرچووەو پێویستیی بە ھەموارکردنەوەیە تاوەکو لەگەڵ واقیعی ئێستادا بگونجێنرێت و سەربەخۆیی و بێلایەنیی زیاتریان بۆ مسۆگەر بکات یاخود پرسەکە لەوە واوەترە و دەستەڵاتێکی گەورەتر لەدەستەڵاتی دادوەریی رێگە لە سەروەربوونی یاسا و جێبەجێکردنی دەگرێت و بەبەرنامە کار لەسەر ئەوە دەکات کە ھەمووان لەبەردەم یاسادا ملکەچ نەبن؟!
ئەزموونی وڵاتانی ھاوشێوەی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەلماندوویانە کە دەرئەنجامی ھەرجۆرە بێدەنگکردنێک یاخود شکاندنێکی شکۆی دادگا و دادوەران بە زەبری ھێز و ھەژموونی پارە و پۆست و پلەبەندی کۆمەڵایەتی نایاسایی، جگە لە ملکەچکردنی زیاتری دەستەڵاتی دادوەریی و سەربەخۆنەبوونی میدیایی و دەستەگەری ناپیشەیی، ھیچیدیکەی لێ سەوز نەبووە، ھەربۆیە پێویستە ھەم دەستەڵاتەکان وردتر لەیەکتری جیابکرێنەوە، ھەم پیشەییترییش سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی