هەڵەبجە؛ ئەو تاوانە سیاسی و سەربازییەی بەئەنقسەت ئەنجام درا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

فازڵ میرانی


ئەگەر سەیری ململانێی نێوان هێزەکان بکەن، سەیری قوربانییەکان بکەن، بەدوای ئەو هەقەدا بگەڕێن کە نێژراوە و، حوکم بدەن بەسەر ئەو بکەرەی کە هەموو جۆرە پۆشاکێکی (ناو و نازناوێکی) لەبەر کردووە کە خۆی بە خۆی بەخشیبوو، پەنای بۆ هەموو جۆرە گوتارێک بردووە بۆ پاساودانی کار و ڕێبازەکەی؛ حوکمی ئەوەی بەسەردا بدەن کە «ناڕەوایە».
لە ناوچەیەکی جوگرافی وەک هەڵەبجەدا، ئەو شارە کوردییە ڕەسەنە، بەناهەق شەهیدکراوە، کە وەک هەموو بەشەکانی تری کوردستان باجی دەستدرێژی بۆ سەر مافە مرۆیی و سیاسی و مێژووییەکانمان دا؛ لە شارەکەدا زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی کورد شەهید کران و دوو ئەوەندەش بریندار بوون، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی هێرشێکدا لە چوارچێوەی پڕۆسەکانی ئەنفالدا
ئەو ناوەی «ئەنفال» کە گوزارشت لە عەقڵییەتێکی سیاسیی نەخۆش دەکات کە پیرۆزترین وشەکانی خوای گەورە بەکاردێنێت تا بیکاتە ناونیشان بۆ تاوانێکی بەئەنقەست و نەخشەبۆکێشراو، بە پێچەوانەی هەموو ڕێگرییە ئاسمانییە پیرۆزەکان و یاسا مرۆییە دادپەروەرەکان؛ کیمیایی لەگەڵ قورسترین چەکدا بەسەرماندا دەبارێنن، لە دژی بوونی نەتەوەکەمان.
یادەوەریی نەتەوەکەمان و گەلی کوردستان لێوانلێوەیە لەو تراژیدیایانەی کە هۆکارەکەی خولیای دەسەڵاتداران بووە بۆ فراوانکردنی ڕووبەر و خۆنواندن لە نێوان نەخشەکاندا، بێ ئەوەی ئەرکی ئەمانەت و بەرپرسیارێتی جێبەجێ بکەن. خولیای دەسەڵاتداران بۆ سەپاندنی ئایدۆلۆژیا و کۆنترۆڵکردنی خەڵک، بێ ئەوەی دان بە ئازادیی بیروباوەڕ و سنووری ئازادییەکاندا بنێن کە نابێت دەستی بۆ ببرێت.
خولیای کوشتن، سیاسەتی هەژارکردن، پەلەکردن لە خەرجکردنی سامان بۆ هەر شتێک کە وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، نەبوونی ژیری و هۆشیاری.

بکوژانی هەڵەبجە چییان دەستکەوت؟
چ مەدالیایەکی ڕێزلێگیراو هەیە کە بکوژی مرۆڤێکی بێتاوان هەڵیبگرێت یان پێی ببەخشرێت؟
یەکێک لە خراپییەکانی تاکڕەوی لە بڕیاردان، ئەو بازنە داخراوەیە کە بە ناوێکی شەرعی پارێزراوە و ڕێسا بۆ کوشتن دادەنێت لە پێناو پاراستنی ڕژێمێکی دیکتاتۆریدا؛ ئەو ڕێسایانەی کە عەقڵی داڕێژەر و جێبەجێکار و سوودمەندن لێی، ڕێگە نادەن بە پێوەری ڕاستی و هەق و دادپەروەری و شەرف و مەردایەتی تاقی بکرێنەوە.
سیستەمێکی سیاسیی فەرمانڕەوا کە فەرمان بە هێزە جێبەجێکارەکانی بدات بۆ بۆردومانکردنی گەلەکەی، سیستەمێکی تاوانبارە، هەر سیستەمێک بێت.
ئەو عەقڵەی پاسا بۆ تاوان بۆ خۆی دەهێنێتەوە، عەقڵێکی نەخۆش نییە؛ بەڵکو عەقڵێکی تاوانبارە. چونکە مرۆڤی نەخۆش (لە عەقڵیدا) ئەرکی لێ هەڵگیراوە و سزای نادرێت. هەروەها عەقڵێکیش نییە کە بشێت بکرێتە بەرپرسیار نەک بەسەر کەسانی ترەوە، بەڵکو بەسەر خۆشییەوە.
بەڵام ئەو عەقڵە سیاسییەی کە بۆردومانی کردین و کوشتینی و جەستەی سووتاندین و نەوەیەکی شێواند کە شێواوییەکان بۆ نەوەکانی دوای خۆی دەگوازێتەوە، عەقڵی حوکمڕانێکی تاوانبار و درۆزنە لە پڕوپاگەندەدا و ترسنۆکە لە ڕووبەڕووبوونەوەدا.
حکومەتی عێراق شارێکی سووتاند لەگەڵ مرۆڤ و کێڵگە و ئاژەڵ و باڵندەکانی؛ پاشان دوای بۆردومانەکە بە پڕۆسەی زەمینی ماڵەکانی تەقاندەوە. هەموو کردەوەیەکی خراپەکاریی نیشاندا کە مرۆڤ دەتوانێت تێی بکەوێت لە خراپترین قۆناغەکانی گەڕانەوە بۆ وەحشیگەرێتی.
لەگەڵ هەموو ئەو تاوانانەشدا، شارە شەهیدەکە هەستایەوە و جارێکی تر وانەی خۆڕاگری و ژیانەوە و سەرفرازیی پێشکەشی مرۆڤایەتی و ژیان کرد، وەک شایەتێک لەسەر بێتاوانیی خۆی و دڵڕەقیی ئەوانەی شایستەی پێگەی حاکمی ژیر نین.
درود و ڕەحمەت لە شەهیدە بێتاوان و بێبەرگرییەکانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بێت.

 

وەرگێرانی: سەردار پێنجوێنی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی