پێشنیار بۆ پارێزگای سلێمانی و بەرپرسیارانی یەكە ئیداریەكان

15/09/2020

سەیران بەرزنجى

پێشنیار بۆ پارێزگای سلێمانی و بەرپرسیارانی یەكە ئیداریەكان<br/>چۆن ژینگەی ناوچە گەشتیارەكان لە تێكدان و سووتاندنیان بپارێزین

سەبارەت بە ئاگر كەوتنەوە لە ناوچە شاخاوی وگەشتیارەكانی شارەكانی كوردستان وە بە تایبەتی لە سلێمانی و شاخی گۆیژە، كە ساڵانە دووبارە و دەبارە دەبێتەوە، بەهۆی نابەرپرسیارێتی و بێویژدانی ئەو كەسانەی كە تا درەنگانی شەو دەمێننەوە جا لەئەنجامی كەمتەرخەمی وەیان بە ئەنقەست بێت سەڕەڕای پیس كردن و كاوڵکاری ژینگەیی تاوانی لەم جۆرەش ئەنجام دەدەن، ئەم كارەساتانە دەتوانرێت بوەستێنرێت و ڕیگەی پێ نەدرێت وەچارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە  بە هاوكاری خەڵك و دەزگا پەیوەندیدارەكان لەڕێگەی كۆمەڵێك ڕێنمایی و رێكاری یاسایی توند بەرامبەر بە سەرپێچیكەران.
 لە هەموو ووڵاتانی دنیا شوێنە گەشتیاری و دارستانەكان گرنگی تایبەتی پێدەدرێت دەپارێزرێت و چاودێری دەكرێت وە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە ئاگر كردنەوەو گۆشت برژاندن نادرێت سزای توندی هەیە، زۆر بە دەگمەن و لە هەندێك شوێنی دیاری كراودا نەبێت كە بۆی دیاری كراوە .
لە هەموو دنیادا كەس ناتوانێت لە سەیرانگا و شوێنە گشتیەكاندا تا بەرەبەیان سەرخۆش بێت و بمێنێتەو تەنانەت لە باخچە گشتیەكانی ناوەندی شارەكان و ناوخۆی بلۆك و گەڕەكەكاندا كاتی كردنەوەو داخستنیان دیاری كراوە . 

شارەوانی سلیمانی دەتوانێت گروپی چاودێریان هەبێت و كارمەندی تایبەتیان بۆ تەرخان بكات، وە كامێرای چاودێری لەزۆربەی شەقامەكانی دەرەوەی شار وشوێنە گەشتیارەكاندا دابنرێت، چونكە ئاستی نابەرپرسیارێتی و بێویژادانی زۆربەی ئەو خەڵكانە (بە خوێندەوار و نەخوێندەوار) لە ئاستێكی باڵادایە، كە لە پاش خۆی ئاگر و خەڵووزی نەكوژاوە و هەرچی پاشەڕۆی خۆراكیە بەجێی دەهێڵێت و تەنانەت بە تاوانی دەزانێت ئەو پاشەڕۆیانەی خۆیان كۆبكەنەوە لە كیسەیەك لەگەڵ خۆیدا هەڵی بگرێت و فڕێ بدات لە شوێنی دیاریكراودا. وە كارەساتی لەوەش خراپتر كە كەسانی بێویژدان ڕۆژانە لە دەرەوەی شار بە پیكاب و سەیارەكانیان پڕ لە خاشاك كردووە لە شەقامەكانی دەرەوەی شار بێباكانە فرێیان دەدەن، گرنگ ئەوەیە كە بەردەرگا ی خۆی خاوێن بێت با شەقام و شار وێران بێت بۆیان گرنگ نیە . 

بەڵام لە هەمانكاتدا زۆربەی ئەم دیاردە ناشرینانە هۆكارەكەشی بۆ بێ پلانی شارەوانی قەزا و ناحیەكان دەگەڕێتەوە لە نەبوونی خزمەتگوزاری پێویستدا كە هاووڵاتیان ناچار نەبن خاشاك و پاشەڕۆكانیان بەدرێژایی قەراغی شەقامە گشتیەكاندا بەجێبهێڵن. پێویستە شارەوانی قەزا و ناحیەكان ڕێگا لە فڕێدانی كیسەی خاشاكی ڕەش بگرن لەبەردەم  باخەكان و بەدرێژایی شەقامەكان  كە لەبری ئینجانە و گوڵ دانراون؟  ئایا ناتوانرێت هەموو خاوەن باخەكان ناچار بكەن كە شوێنی تایبەت بە خاشاك لەبەردەم دەرگای فیلا و باخەكاندا بوونی هەبێت كە سەتڵ و عەرەبانەی تایبەت بە خۆڵی تێدا بێت، وە كۆمپانیای تایبەت بەرامبەر بە بڕێك پارەی دیاریكراو كۆكردنەوەی خۆڵ  ڕۆژانە لە ئەستۆ بگرێت.

 گرنگی نەدان بە سیمای خاوێنی دەرەوەی شارو شارۆچكەكان و شوێنە گەشتیارەكان هەستێکی ناخۆش و پڕ بە ئازار بۆ مرۆڤ دروست دەكات كە پیایاندا تێدەپەڕی. چەند ناخ هەژێنە كەهەست بەوە بكرێت كە بۆچی لەم شارەدا بەرپرس و كارمەندی دڵسۆزی تیدانیە؟ مرۆڤ سەرسام دەبێت كە چۆن ڕێگە بە شێواندن و تێكدانی ژینگەی دەدرێت، وە پرسیار دەكەین ئایا  لەناو شارەوانی قەزا و ناحیەكاندا ئەندازیاری تەلارسازی و نەخشەسازی تێدانیە، كە كار لەسەر جوانكردن و دیزاینی ناوچە گەشتیارەكان بكەن كە رۆڵێكی سەرەكیان دەبێت لە ڕاكێشانی گەشتیاراندا ، چونكە جوانی  وتایبەتمەندێتی سروشتی ئەو ناوچانە لە هیچ شوێنێكی گەشتیاری ئەوروپادا كەمتر نیە جگە لە ئەقڵی ئیدارەدان و دڵسۆزی بۆ خاك و بیركردنەوەی ژیرنەدا نەبێت .  

 سەرەڕای بەرپرسیارێتی وكەمتەرخەمی لایەنی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی شارەوانیە ناوخۆییەكان بەڵام  بەرپرسیارێتی سەرەكی لە ئەستۆی پارێزگا و ئیدارەی سلێمانیدا بە تەرخانكردنی بوودجە لە داهاتە ناوخۆییەكان و دەركردنی ڕێنماییەكان لە ئیدارەدان و بوونی پلانی تۆكمە، وە پێویست ناكات لە چاوەڕوانیدا بن تا بارودۆخ باشتر دەبێت یان حكوومەت بودجەیان بۆ بنێرێت؟ زۆر جار بوونی پلانی دروست وخێرا چارەسەری باشتر و ئاكامی ڕوونتری دەبێت. 

كە كاولكاری ژینگەیی و بێویژدانی و زۆربەی ئەو كەسانە دەبینین كە ڕۆژانە و هەفتانە دەستیان لە پیس كردنی دەشت ودەر و زیان گەیاندن بە خاكەكەی هەیە، دەگەینە ئەو بڕوایەی كە باشترە بەكارهێنان ودانیشتن لە شوێنە گەشتیارەكان بەرامبەر بە پارەیەكی ڕەمزی بێت، وە بەكارهێنانیان بۆ خزمەتكردنی ئەو شوێنانە بێت (نەك بۆ قاسەی حیزب و حكوومەت)وەك دروست كردنی شوێنی تایبەت بە دانیشتن ودانانی شوێنی تایبەت بەخاشاك لەنزیك شوێنی دانیشتنەكاندا بەژمارەیەكی زۆر وە پابەندكردن و تەرخانكردنی سەیارەی تایبەت بە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك كە بە بەردەوامی لە ڕۆژی پشووەكان بگەڕێت، دانانی توالێتە گشتیەكان وە بە بەردەوامی خاوێن ڕابگیرێت وە بەكارهێنانیان بە خۆرایی نەبێت. 

 وە لە هەمانكاتدا دانانی غەرامەی توند بۆ كە هەركەسێك  كە لق وپۆپی دارەكان دەشكینێت و چاو و خواردنی پێ ئامادەكەن، وە شووشەی خواردنەوە كحولیەكان و بوتڵی ئاو یان پاشەرۆی خواردنەكانیان بەجێدەهێڵن، وە پێویستە كاتی دیاری كراو هەبێت بۆ چۆڵ كردن و بەجێهێشتنی ئەو شوێنانە. وە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەكردنی خواردنەوەی سەر قەراغی شەقامەكان كە ناشارستانترین دیاردەیە و ڕێگەی پێدەدرێت لە سلێمانیدا، كە ئەمە نە ئازادی تاكە كەسە و بە پێشكەوتنە بەڵكو پێشێلكاری ئازادی  و حورمەتی كەسانی ترە.
وە لە هەمووی گرنگتر قەدەغەكردنی ڕاو و هەڵگرتنی هەموو جۆرە چەكێكی ڕاو كردن لەدەشت و ناوچە شاخەویەكاندا وە توندترین سزای بۆ دابنرێت جا هاووڵاتیانی ئاسایی بێت یان منداڵی بەرپرس و پاسەوانەكانیان بێت. 

 لە كۆتاییدا گرنگترین هەنگاوی چارەسەر بڵاوكردنەوەی ووشیاری ژینگەییە لەڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەكانەوە  بدرێت بەگوێی هەموو تاكێكی كوردا لەناو هەموو ماڵەكاندا
و بیر خستنەوەیان كە (پاك وخاوێنی لە ئیمانە ) كە بێگومان تەنها مەبەست لە پاك وخاوێنی جەستە نیە بەڵكو ڕۆح و عەقڵ و ویژدانە،  بەڵام مرۆڤە ئیماندار و بێ ئیمانەكانی ئێمە زۆر بێ بەزەیی وبێ ئیمانن لە كاولكردن و پیس كردنی ژینگەدا. لەبەرئەم هۆكارانە پێویستیمان بە میدیایە كە ڕۆژانە ناشیرینەكانی ژیانی ڕۆژانەمان بخاتە ڕوو كە ئەمانە دیاردەی قێزەون و ناشارستانین، چارەسەریان بە هەڵواسینی لافیتەی پڕ بە جنێو و ووتەی نەشیاو نابێت كە  لەلایەن هاووڵاتیانەوە پەنای بۆ دەبەن، بەڵكو لەڕێگەی دانانی پرۆگرام و بەرنامەی تایبەت پڕ بایەخ لەلایەن كەسانی پسپۆر و شارەزا و چالاكوانی ئەو بوارەدا دەبێت، لەبری ئەو ماڵوێرانییەی میدیای كوردی گرتۆتەوە لە تێكدانی  پەروەردەی دروست و گۆڕینی بە خزمەت كردنی فەرهەنگی  توركی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی