دەربارەی مووچە، دەسەڵاتدارانی عێراقیش ڕاست ناکەن!

10 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشیار عەبدوڵا

(ڕاستییەک وەکخۆی)
ئەو دیوەی کە پەیوەستە بە تاوانباریی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەیوەست بە کێشەی مووچە ڕوونە و زۆرمان لەبارەوە گوتووە و باسکردوە، ئەمەی خوارەوە دیوەکەی تری ئەو تاوانەیە کە بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.
ئەوەی لە ٢٠١٤ ەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی فێرکردووە، کە خۆیان بدزنەوە لە پابەند بوون بە رێکەوتنەکانەوە، دەسەڵاتدارانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بوون و هەمووشی لەسەر حسابی مووچە خۆرانی هەرێم.
چەند نمونەیەک (زۆر بەکورتی) باس دەکەم تا ڕوون بێت کە بەشێک لە ئۆباڵی ئەو تاوانەی دژی مووچە خۆرانی هەرێم دەکرێت سیاسیەکانی عێراقن بەتایبەتی بکەرە سیاسییە شیعییەکان کە سەرۆکی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقی فیدڕاڵ بوون، واتا تاوانەکە بە تەواوی هاوبەشە لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا:
📌سەردەمی عەبادی:
کە عەبادی حکومەتی وەرگرت ئەزمەی ئابوری و شەڕی داعش هەبوو، لەجیاتی ئەوەی پێداگیری لەسەر چارەسەری ریشەیی بکات، دەیگوت؛ «ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین و مووچە دەدەین ، ئێوەش نەوتی خۆتان بفرۆشن و مووچە بدەن!»
لە ئیعلام قسەی دژی فرۆشتنی نەوت دەکرد، سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد، بەڵام لە یاساکانی موازەنەدا بە فیعلی ئەوەی دەکرد کە لەسەرەوە باسمکردووە، هەرێم نەوتی نەئەدا، لەبری رێگری لە نەوتەکە بکات، مووچەی دەبڕی.
📌سەردەمی عادل عەبدوڵمەهدی:
ئەگەرچی ماوەی ئەو زۆر نەبوو ، نیەتی باشی زۆریشی نیشاندا بۆ چارەسەر، بەڵام بۆ یەکەمجار مەقاصە و لێبرین لە پشکی هەرێم بەرابەر ئەو بڕە لە نەوت کە هەرێم بڕیار بوو بینێرێ و نەیدەنارد ئەو قووڵی کردەوە و شەرعیەتی پێدا!
📌سەردەمی کازمی:
کازمی هەموو هەوڵی ئەوەبوو دەسەڵاتدارانی هەرێم لەخۆی ڕازیبکات، بۆیە نە مەرجی هەبوو نە هیچ شتێک ، لەبەر ئەوەی قۆناغەکەی دوای ڕوداوەکانی تشرین ڕاگوزەر بوو ، هێندەی خەریکی ئەجێنداکانی خۆی بوو، لای لە هیچ چارەیەکی ریشەیی نەکردەوە و هەوڵی دەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕازیبکات نەک چارەسەری گرفتەکە!
📌سەردەمی سودانی:
سودانی کە هات هەنگوینێکی زۆر کەوتە نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئەوەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم هێندەی وەصفی سودانیان کردووە وەصفی کەسیان نەکردووە، یاسایەکی موازەنەی پڕ ئیشکالی یەکجار بردە پەرلەمان بۆ چوار ساڵ و لەو کاتەوە ئیشکاڵ و ڕا جیای لەسەر دەقەکانی ئەو یاسایە پەیوەست بە پشکی هەرێم بە هەڵواسراوی هێشتەوە ، بە درێژایی چوار ساڵ چاوپۆشیکرد لە فرۆشتنی نەوتی قاچاغی هەرێم، بێدەنگ بوو لە نەگێڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بە تەواوەتی، لەم بەرە بەری هەڵبژاردنە پێویستی بە گۆڵ و سەرکەوتنێک هەیە بۆ شەقامی شیعی لە پەیوەست بە مەلەفی هەرێم، ئێستا عاسی بووە و هەمان ئەو نەرمییە نا نوێنێ کە خۆی لە سەرەتاوە فێری کردوون!
باشە لە چوار ساڵی ڕابردودا هەرێم نە داهاتی نەوتی ناردۆتەوە و نە داهاتی نانەوتی هەمان ئەو سودانییە و طەیفەکەی بەردەستی بۆ قبوڵیانکردوە و مێش میوانیان نەبووە؟! ئاخر پرسیارە یاخود نا؟!
دەیان ڕێوشوێنی یاسایی و دەوڵەتی هەیە کە حکومەتی عێراق دەتوانێ دەسەڵاتدارانی هەرێمی پێ ناچار بکات داهات بگێڕنەوە، بەڵام چونکە ڕاستگۆ نیە، نایکات! ئەصڵەن سودانی بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکات گوایە ئەو وەک ئەوانەی هەرێم لەسەروی یاساوە نییە؟!
کێ وایکردوە ئەوان لەسەروی یاساوە بن؟! دەی با ئەگەر راستگۆیە ماوەیەک مەنعی سەفەر لەو بەرپرسانەی هەرێم بکات کە داهات ناگێڕنەوە؟!
ئەویش ڕاست ناکات و تاکە شتێک دەرەقتی بێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێـــــــمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی