مێژووی ڕەخنەیی و مێژووی شەڕەکیی

16/09/2020

پەیكار عوسمان


هەمان شت، لە عەقڵی شەڕو لایەنگریدا شتێکەو لە عەقڵی ڕەخنەیی و ڕاستیخوازیدا شتێکی ترە. ئەوەشی کە بۆ ئێمە پێویستە، مێژووە لە عەقڵی ڕەخنەییدا، نەك مێژوو لە عەقڵی شەڕدا. مێژوو لە عەقڵی شەڕدا، هەر درێژکراوەی شەڕەکەیەو هێشتا خۆی شتێکی تر نیە. بەڵام مێژوو لە عەقڵی ڕەخنەییدا، کۆتایی شەڕو دەستپێکی شتێکی ترە، کە ئاییندەیە.

فەرقی ئەو دوو مێژووە تەنیا حزورو غیابی عەقڵە. ئامادەیی عەقڵیش لێکەوتەی خۆی هەیەو ئەخلاقیاتی خۆی ئەهێنێ، وەکچۆن غیابی عەقڵیش لێکەوتەو ئەخلاقیاتی خۆی هەیە.
لێکەوتەی "مێژووی شەڕەکیی" هێنانی شەڕەکانی دوێنێیە بۆ ناو ئێستاو لێکەوتەی "مێژووی ڕەخنەیی" ڕزگارکردنی ئێستاو داهاتووە لە شەڕەکانی دوێنێ. ئەخلاقی ئەمیان ئەوەیە کە حەقیقەت ئەکاتە وەسیلەو شەڕی پێئەکات، بۆیە ئاسایی ڕق و عوقدەو نیازی خۆی تێوە ئەپێچێ. ئەخلاقی ئەویان، ئەوەیە کە حەقیقەت خۆی ئامانجە، بۆیە تا بتوانێ لە ڕق و شتە شەخسییەکان دایئەماڵێ بۆئەوەی ڕاستی خۆی دەرکەوێ.

خۆ ئەشی مێژووی شەڕەکییش بڕێك لە ڕاستی تێدابێت، بەڵام شەڕ وزەی تاریکییەو کاتێ حەقیقەت ئەبەیتە ناو شەڕ، ڕێك ئەیبەیتە ناوچەی تاریك. ڕێك ئەیبەیتە ناو حەلەبەیەك کە بردنەوەو دۆڕان تیایدا ئامانجەو ڕاستی و ناڕاستی تیایدا شتێکی پلە دووە. حەقیقەتیش تەنیا لەوێدا ڕۆشن ئەبێتەوە، کە خۆی پلە یەك و سەنتەر بێت، عەقڵی ڕەخنەییش ڕێک ئەم دەرفەتەی بۆ ئەڕەخسێنێ!

مێژووی ڕەخنەیی بنیاتنەرە، چونکە لێرەداو لەپاڵ حەقیقەتا بنیاتنانیش ئامانجە. بەڵام مێژووی شەڕەکیی ڕوخێنەرەو هیچی لەسەر بینا ناکرێ، چونکە لێرەدا ئەوە هەر حەقیقەت نیە کە ئەبێتە شتێکی لاوەکی و پلەدوو، بەڵکو بنیاتنانیش. پێشتریش وتمان مێژووی شەڕەکی هەر درێژکراوەی شەڕە، دەی شەڕیش ڕوخێنەرەو ئێمە لێرەدا هێشتا لە ناوچەی ڕوخانداین.

عەقڵی ڕەخنەیی کۆکەرەوەیە، چونکە لە عەقڵی ڕەخنەییدا شەڕێك لەئارادانیەو ئەگەر ڕاستییەکەی من بەدڵی تۆش نەبێت، ئەمە ناکاتە ئەوەی کە من شەڕم لەگەڵ تۆ هەبێ. ئیتر کەمترین کاری دەروونیی منی تێدایەو کەمترین کاردانەوەی دەروونیی تۆشی لێئەکەوێتەوە، کە ئەمەش بناغەیەکی باشە بۆ ئاشتی و یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان. بەپێچەوانەوە عەقڵی شەڕەکی پەرتکەرە، چونکە خودی شەڕ پەرتبوونەو ئەویش درێژکراوەی شەڕە، کەواتە درێژکراوەی پەرتبوونیشە.

لە عەقڵی ڕەخنەییدا، تۆ هەر لەناو ڕووداودایت و بێلایەن نیت، بەڵام لێرەدا لایەنداری و حەزەکانت سنوری هەیەو سنورەکەش حەقیقەتەو ئیتر تۆ لەبەردەم ڕاستیداو لەبەردەم سودی گشتی و ئاییندەسازیدا ئەوەستیت. بەڵام لە عەقڵی شەڕەکیدا لایەنداری تۆ سنوری نیەو پێ بە حەقیقەت و هەر شتێکدا ئەنێیت لە پێناو بردنەوە.

هاوسەنگی و عەدل و ئینسافیش ناکاتە بێلایەنیی، کە ئەسڵەن بێلایەنیی پەتی هەر وجودی نیەو مرۆڤ بە سروشتی خۆی کارتێکەرو کاریگەرەو لەناو دنیاکەدایە نەک لە دەرەوەی،، بەڵکو عەدل و ئینسان هاوسەنگی، ستۆپ و وەستانی تۆی لایەنگرە، لەو شوێنەدا کە پێویستە بوەستیت و ئەو شوێنەش بەردەمی حەقیقەتە.

کورد ئەڵێ (لە هەر خەسارەتێ عەقڵێ) دەی ئەوە عەقڵی ڕەخنەییە کە ئەتوانێ خەسارەتمان بۆ بکات بە قازانج و بە عەقڵ. عەقڵی شەڕەکی خۆی خەسارەتەو کارەکەشی هەر ئەوەیە کە خەسارەتی دوێنێت بۆ بکات بە خەسارەتی ئێستا. لەڕاستیدا ئەگەر عەقڵی ڕەخنەیی، لە گشتا جارێك پێویست بێت، لە مێژوودا دووجار پێویستە،، چونکە پانتاییەکی گەورەی مێژوو شەڕەو ئەگەر عەقڵی ڕەخنەیی ئامادە نەبێت، شەڕەکە ئەپەڕێتەوە بۆ ئێستاو مێژووەکەش نابێ بە عەقڵ و بە قازانج، هەر ئەبێتەوە بە خەسارەت!

بۆ ئەوەشی عەقڵ ڕەخنەیی بێت، ئەبێ ئازادبێ لە زۆر شت، بەتایبەت لە ڕق و لە موقەدەس. ڕق ناتوانێ ڕەخنە دروسکات. موقەدەسیش ناتوانێ ڕەخنە قبوڵکات. ڕق ڕەخنە لەبارئەباو موقەدەس ڕەخنە لە خاچ ئەدا. ئەوەی لە ڕقەوە هاتبێ ناتوانێ ڕەخنەبێ و ئەوەی بەر موقەدەس ئەکەوێ، ناتوانرێ وەکو ڕەخنە وەرگیرێ. جا بۆ ئەوەی ڕەخنە بتوانێ هەبێ و بتوانێ بڕوات، ئەبێ دوو شت لە بەردەمیدا لابەین، ڕق و موقەدەس.

لەبەردەم ڕقدا، تۆ ئەبێ نەشتەرێکت پێبێ و کیم و جەراعەتەکان بتەقێنیت. لەبەردەم موقەدەسیشدا تۆ ئەبێ چەکوشێکت پێبێ و بتەکان بشکێنیت. ئەوەشی کە دوای ئەم تەقاندن و شکاندنە ئەمێنێتەوە، ئەشێ حەقیقەتەکە بێت. بەڵی ڕێگای حەقیقەت سەختە، چونکە ئەم دومەڵ تەقاندن و بت شکاندنەی تێدایە.
لەمدیوی ڕق و مەقودەسەوە، تەنیا شەڕو چەلەحانێ و دوێنێ هەیە. لەودیوی ڕق و موقەدەسەوە، گفتوگۆو ڕاستی و ئاییندە هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی