ڕۆحی پاکی سنەوبەرەکان

21/09/2020

پەیکار عوسمان

ئینسان دوو منە، منێکیان پێت ئەڵێ (هەموو شتێك بۆ من)، منێکیان پێت ئەڵێ (پێکەوەژیان لەگەڵ هەموو شتێك).
منی یەکەم هێزی مەرگەو ئەگەر ناوەوەت کۆنترۆڵکات، ئیتر تۆ دەرەوەی خۆت کاول ئەکەیت، منی دووەمیان هێزی ژیانەو ئەگەر لەناو تۆدا باڵادەستبێ، ئیتر دەرەوەی خۆت جوان و ئاوەدان ئەکەیتەوە.

کێشەی ئێمە ناوەکییەو ئەوەیە کە لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، منی یەکەم قسە ئەکات کە منی یەکەمیش حازربوو، ئیتر منی دووەم غایبە کە منی دووەمیش غایب بوو، ئیتر سیاسییەکان لەسەر کورسی، شەڕ هەڵئەگیرشێنن و بازرگانەکان بۆ دەستخستنی زەوی، دارستان ئەسوتێنن و برایەکیش لەسەر هەمان ئەو نامەیەی کە خۆی بۆ کچێکی ئەنێرێ، خوشکەکەی خۆی ئەکوژێ!.

لەڕاستیدا ئینسان بۆئەوەی بکوژی ئەوانیتر نەبێت، ئەبێ بکوژی خۆی بێت، تۆ تا دەستت نەچێتە خۆت، ناتوانی دەس لەسەری ئەوانی تر هەڵگریت، بەدیاریکراوی، تا منی یەکەمی خۆت نەکوژیت، ناتوانی مرۆڤ بیت و بەمنەکەی تر بکەویتە پەیوەندییەکی مرۆڤانەوە لەگەڵ ئەوانی تردا، دەی بەمنی یەکەمیش هەر وەحشیەت و هەر لەپەیوەندی جەنگەڵیدایت لەگەڵیان.

پەیوەندی مرۆڤانەش پەیوەندی پێکەوەژیانەو پەیوەندی جەنگەڵییانەش پەیوەندی زاڵێتییە، لەمرۆڤبووندا ژیان خۆی ئامانجەو درەختێکیش وەکو تۆ بەشێکە لەژیان و پێکەوەژیانی لەگەڵ ئەکەیت، بەمەش سەوزایی درەختەکان ئەگاتە ناو ڕۆحی تۆ، بەڵام لەجەنگەڵیبووندا ژیان وەسیلەیەو قازانج ئامانجە، ئیتر تۆش بەپێی قازانجی خۆت ئەو ئەسوتێنی و ڕەشایی ناوەوەی تۆ ئەگاتە گیانی درەختەکان!.

مرۆڤ لەمنی یەکەمدا لە گەردوون ئەپچڕێ و لەمنی دووەمدا ئەتوانێ خۆی گرێداتەوە، منی ڕاستەقینەی تۆ، هەر خۆت نیت، بەڵکو تۆیت لەناو پێکەوەژیاندا، پێکەوەژیان لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵ و دارو بەردو هەواو ئاو، لەگەڵ شتی سروشتی و دەستکرد، لەگەڵ گیان و بێ گیان، لەگەڵ دیارو نادیار.

بەڵێ مەفهومی پێکەوەژیان گشتییەو لەگەڵ هەموو وجودە، نەك تەنها لەگەڵ مرۆڤدا، ئەگەر دابەشتکردو کورتتکردەوە لەمرۆڤدا، یەعنی مرۆڤەکان هێشتا عەقڵی زاڵێتییان تێنەپەڕاندوەو پێکەوەژیانی خۆیان لەسەر داگیرکردنی سروشت و شتەکانی تر بیناکردوە، دەی هەر لەسەر ئەو داگیرکردنە بەرئەبنەوە یەکترو ئەکەونەوە ناو پەیوەندی زاڵێتی!.

یەعنی لەڕاستیدا تۆ هەتا لەگەڵ دارو بەردو سەگ و پشیلەو خۆرو مانگ و گەردیلەو مەجەڕە.. نەکەویتە پێکەوەژیان، لەگەڵ مرۆڤیش ناکەویت و هەمووی یەك پاکێجە.

یەعنی ڕۆحی تۆ هەر لەناو خۆتدانییە، بەڵکو لەناو شتەکانی تریشدایەو سنەوبەرێك جگە لەڕۆحی خۆی، ڕۆحی تۆشی تیایەو کاتێ کە ئەیسوتێنی ڕۆحی خۆت ئەسوتێنی و کاتێ کە ئاوی ئەدەی ڕۆحی خۆت ئاو ئەدەیت.

لەڕاستیدا ئەوەی کە سنەوبەرێك ئەمانداتێ، تەنیا جوانی و سێبەرو ئۆکسجین نییە، کە ئەمە دیوە مادییەکەیە، بەڵکو پەیوەندی ئێمەو سنەوبەر، لەوە قووڵترەو ئەوەیە کە پارچەیەکی ڕۆحی تۆی لایەو ئەتوانی خۆتی لەگەڵ گرێدەیتەوە!.

پەیوەندی تۆو جادەیەك، تەنیا پیاسە نییە، کە وەرزشێکی مادی و جەستەییە، بەڵکو ئەگەر لەو ڕێگەیە، دوو دەبەش هەڵگریتەوەو بیخەیتە تەنەکە خۆڵەکەوە، ئیتر پیاسەکە لە پیاسەیەکی فیزیکییەوە ئەبێتە پیاسەیەکی ئەخلاقی و جگە لەجەستە، ڕۆحیش تەندروستیی بۆ دێت!.

لەڕاستیدا ئەو کاغەزە ڕۆحی تۆیە لەویا کەوتووەو ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی هەڵیگریتەوە یان پێی پیانێیت، ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی لەگەڵ جادەیەکا پەیوەندییەکی ڕۆحیت هەبێ یان تەنیا جەستەیی، کاتێکیش بڕیار ئەدەی پەیوەندییەکەتان ڕۆحیی بێت، ئیتر زبڵ لەشتێکی پیسەوە ئەبێتە ئەو دۆستەی کە ڕۆحی تۆو شەقامێك بەیەك ئەناسێنێ!.

کاتێ نەمامێك ئەچێنیت، تۆ لەڕۆحی خۆتدا چاندوتە نەك لەخاکدا، شتەکە ئەبێ ڕۆحی و خۆشەویستی بێت، نەك چاڵینج و چاولێکەری!.

کاتێ دەبەیەك هەڵئەگریتەوە، تۆ ڕۆحی خۆت پاكئەکەیتەوە نەك جادەیەك، بۆیە بەخۆشەویستییەوە هەڵیگرەوە نەك بەتووڕەیی و بەجنێودانەوە بەوەی کە فڕەیداوە!.

کاتێ پارەیەکیش ئەبەخشیت، تۆ بارێك لەسەر ڕۆحی خۆت لائەبەیت، نەك لەسەر شانی ئەو، یەعنی لەناخەوە ئەبێ تۆ سوپاسی ئەو بکەیت، نەك ئەوەی ئەو منەتباری خۆت بکەیت، ئەو سوپاسەش تەنیا بەشاردنەوەی شتەکە ئەکرێ!.

ڕۆحی تۆ خۆشەویستییەو خۆشەویستیش لەناو شتەکانی تردایە، کاتێ شتەکانت خۆشئەوێ، تۆ ڕۆحی خۆتت دۆزیوەتەوەو پارچەکانی ڕۆحی خۆت کۆئەکەیتەوە.

دواجار ئەو مافیایەی کە بۆ کەسبی سیاسی نەمام ئەچێنێ و ئەو مافیایەی کە بۆ کەسبی تیجاری نەمام ئەسوتێنێ، هەردوکیان هەمان مەعدەنن، هەردوکیان خودی نەمامەکەیان لا مەبەست نییەو تەنیا بەکاریئەهێنن بۆ ئامانجێکی تر، لەکاتێکا نەمامەکە، خۆی ژیانەو خۆی ئامانجە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە