ترەمپ لە کۆبونەوەیەکی لایەنگرەکانیدا ترسی خۆی لە جۆرێک لە کۆمۆنیزم لە ئەمریکادا نیشان دا کە داوای خانو و ژیانی باشتر بۆ خەڵک دەکەن. وتی ئەگەر من بمەوێ ئەم بەڵینانە بە خەڵک بفرۆشم گەورەترین کۆمۆنیست دەبم، بەڵام ئەمانە ئەمریکا وێران و هەژار دەکا.
ئەم ترسە لە بزوتنەوەی دیموکرات سۆشیالیستەکانی ئەمریکایە کە مەمدانیان کردە پارێزگاری نیۆرک و چەند ئەندام پەرلەمان و پارێزگاری تریان لە شارە گەورەکانی ئەمریکا بەدەست هێناوە. ئەوەی بورژوازیەکی وەک ترەمپ و حکومەتی کۆماریەکان لێی دەترسن ئەو بزوتنەوەیەیە کە لە چینی کرێکار و کەم دەرامەتی ئەمریکاوە دەستی پێکردوە و بەردەوام لە باری سیاسی و ڕێکخراوەیی و جەماوەریەوە گەشەدەکا و لە دەنگدانەکان و هەڵبژاردنەکانیشدا پشتی کۆماریەکان دەشکێنێ.
ترەمپ بەشێکی سەرکەوتنەکانی بە هەڵخەڵەتاندنی چینی کرێکار بەدەست هێناوە بەوەی کار و ئابوری لە ناوخۆی ئەمریکا بەهێزدەکا، بەڵام ئەمڕۆ بە پیچەوانەوە لەسایەی سیاسەت و شەڕەکانی ترەمپەوە گرانی و بێکاری زیاتری ڕوبەڕوی کرێکاران بوەتەوە. لە کاتێکدا تەنیا ترەمپ خۆی لە یەکەم ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا یەک ملیار دۆلار تەنیا لە بازاڕی پارەی دیجیتاڵ قازانجی کردوە و باقی هاوڕێ ملیاردێرەکانی تری خۆی کردۆتە خاوەن ترلیۆن دۆلار و سامانی ئەم ئۆلیگاریشیە پارەدارەی بە هیچ درۆیەک بۆ ناشاردرێتەوە.
لەسایەی ئیدارەی ترەمپدا سامانی ١٪ سەرمایەدارەکان بوەتە ٣١.٧ وە ئەو بەشەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی ئەمریکا کە لە شێوەی کرێ و قەرەبووکردنەوە بۆ کرێکاران تەرخانکراوە، بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی ٧٥ ساڵیدا دابەزیوە.، کە سەرجەمی نیوەی خوارەوەی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی ٢.٥٪ی سامانی ئەمریکان .
*١ ئەمە بەشێوە ئابوری پیتی K ناسراوە، واتە فڕینی ئاستی دەوڵەمەندبونی سەرمایەدارەکان و کەوتنە نشێوی کرێی کرێکاران.
هەربۆیە کرێکاران و چینە کەمدەرامەتەکان بە بینینی ئەم ڕاستیانە لە ترەمپ و حزبەکەی دوور دەکەونەوە و ڕوو دەکەنە خەباتی ڕادیکاڵ دژی سیاسەتەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەمریکا.
ئەم خەباتەی کرێکاران دژی کەڵەکەی سەرمایەی بێ شوماری چینی سەرمایەدار و دژی هەژارترکردنی کرێکارانە.
ترەمپ ترساوە کە داوای خاونوو و خۆراک و موچەی زیاتر ئەم بەهەشتەی ترەمپ و میلیاردێر و خاوەن ترلیۆن دۆلارەکان وێران دەکا و هەربۆیە تارمایی کۆمۆنیزمی تیا دەبینێ. کۆمۆنیزمێک کە لە خەباتی سەر جادە و کارگە و شوێنە گشتیەکانەوە دەستی پێکردوە و گیانی کردۆتەوە بەبەری یەکیتیە کرێکاریەکان و بزوتنەوەی سیاسی ناو جەماوەری کرێکاران، لە نمونەی دیموکرات سۆشیالیستەکانی ئەمریکا.
ئەمڕۆ ئەم بزوتنەوە جەماوەریە سیاسیە نوێ یەی لە ئەمریکا گەشەدەکا بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەیاییەکانی وەک خانو و کرێ و تەندروستی و پەنابەری لەمەیداندایە، بەڵام مەترسی کۆمۆنیزم بۆسەر دەسەڵاتی ڕەهای بورژوازی ئۆلیگارشی ئەمریکا لەم هێز نمایشکردنە ملیۆنیەیدا و لە هەر سەرکەوتنێکی بچوکدا نیشان دەدا.
ئەمە کۆمۆنیزمێکی نوێی زیندوە کە لە خوارەوە بە شێوەیەکی جەماوەری گەشەدەکا و خاوەن پەیامێکی ڕۆشنە کە ئەم سیستەمە چەوسێنەرانەی سەرمایەداری قبوڵ ناکا.
بیرورا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی