ئێوارەی پێش ئاھەنگ

25/09/2020

د. دەرباز محەمەد


ئێوارەی رۆژی پێش ریفراندۆم بەناو شاری سلێمانی دەسوڕامەوە، ھەستم دەکرد ئەم شارە چاوەڕوانی ماتەمێکی قورسە، خەمێکی قووڵ روخساری خەڵکەکەی داگرتبو،  ھەرگیز لەوە نەدەچو سبەی ئاھەنگی سەربەخۆیی بێ، ھێندەی لەوە دەچو سبەی کۆستێکی گەورەیە وخوا خراپتر نەدا.

وەکچۆن ریفراندۆم کاتی نەبو، ئامادەباشی نەکرابو، ھەڵوێستی نێو دەوڵەتی لەگەڵ نەبو، ورەو ئامادەسازی ھێزی پێشمەرگە نەبو، ھەرواش ئامادەیی ھاوڵاتی نەبو. 
لەھەمان کاتدا ١٦ ی ئۆکتۆبەر نیشانی دا، شتێک نیە بەناوی خەمی نەتەوەیی، یەکێتی نەتەوەیی، ھەر کەس ولایەنە بۆ خۆی، لەپێناوی خۆی، رێکدەکەوێ و تەنانەت دۆستە نزیکەکانیشی، جەنگاوەرە شەڕکەرەکانیشی ئاگادار ناکاتەوە فریای ژیانی خۆیان بکەون.. 

ھەرچۆنێک بێ، ریفراندۆم دەرسێکە بۆ ھەمومان، کەس خۆی نەکا بە پاڵەوان کە ئەو نەبایە نەدەکرا، چونکە ئەنجامدانی دەستکەوت نیە، بەئەنجامگەیاندنی دەستکەوتە، رونیشە کە کەس نەیویست بەئەنجام بگا، یان نەیتوانی کار بە ئەنجامەکەی بکا. 

دەرسی ریفراندۆم بەردەوامە، وەکچۆن ئاسەوارە خراپەکانی (( نەمزانیوە ئاسەواری باشی ھەبوبێ!! )) تا دەیان ساڵی تر بەردەوام دەبێ. 
تۆمەتبەخشینەوە، دژایەتی تا ئاستی تەخوینکردن، ماڵوێرانی بۆ سەدان ھەزار کورد لە خانەقین تا شەنگال، لێکەوتەی ئەمنی وجێگێربونی داعش، لە بری پێشمەرگە، لە خاکی کوردستان، بەفیڕۆچونی خوێنی ھەزاران شەھید،  لەدەستدانی خاک بە دەیان ھەزار کیلۆمەتر، ماڵئاوایی لە کەرکوک، کەرکوکی تاڵان، کەرکوکی خەون وکەرکوکی خەیاڵ و کەرکوکی ... و .... 

لە گۆشەنیگای ریفراندۆم کارتی سەربەخۆییە، ھەر کاتێک بێ دەبێ ئەم کارتە بەکار بێ. راستیەکەی وھەر لەم راستیە زیاتریش ھیچ راستیەکی تر نیە، ھاوکێشەی بونی دەوڵەت بۆ کورد ھیچکات کێشەی ئەوەی نەبوە لێی بپرسی دەوڵەتت دەوێ یان نا؟! بەڵکو دەوڵەت بۆ کورد بەشەڕ دروست دەبێ وبەخوێن ئاودەدرێ، تەنانەت ئەگەر ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکەش تەواو پشتیوان بێ.

کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە، خوێندنەوەکان بۆ ریفراندۆم حزبیانەیە، بنەماڵەییانەیە، بەسۆزەوەیە، دابەشبونێک دروستکراوە ، دابەشبونی شەیتان و رەحمان، نیشتیمان دۆست و خائین، ئەگەر لەگەڵ نیت، یان نەبوی، ئیتر پیاوی بێگانەی، ئەگەریش لەگەڵی لەتۆ دڵسۆزتر نیە. باشە ئەگەر لێم دەپرسی، ئیتر بۆ راکەم بە خیانەت دەزانی، یان لێم مەپرسە وپەنا بەخوا رایبگەیەنە.

بۆیە ئێستا قسەکردن لەسەر ریفراندۆم لە سیاقە ئەکادیمی وسیاسیەکەی کارێکی ئاسان نیە، ئاسانیش نابێ، مەگەر نەوەیەکی تر لەم روداوە باشتر تێبگا، پاش ئەوەی لەبری راگەیاندنی دەوڵەت، تێدەگا دەوڵەتی ھەبوە و بەھۆی ئەم ریفراندۆمەوە لەدەستیداوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە