ڕیفۆرمێکى پوخت

26/09/2020

موحەممەد گەڵاڵەیی

سەبارەت بەبڕیارى داخستنى بەشە زانستە مرۆییەکان لە زانکۆکانى کوردستان دا، ئەم سەرنجانەى خوارەوە دەخەینە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان:

یەکەم: کۆى سیستەمى کارگێڕى، قانوونى و زانستى وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى پلاندانان، پێویستیان بە داڕشتنەوە، نوێکردنەوەى ورد و درشتى ئەم سێ دامەزراوەیە هەیە و کارێکى هەنوکەیی و داواکارییەکى پێویستى ئەم قۆناغەیە.

دووەم: دواى ئەنجامدانى خاڵى یەکەم بەتەواوى و بەدەر لە هەڵاوێردکردنى هیچ پنتێک لە پنتەکانى ئەم سێ وەزارەتە گرنگە بەورد و درشتییەکانیەوە، ئینجا گۆڕانکارى ڕیشەیی لە پرۆگرامى خوێندن، لە کەمکردنەوە و زیادکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران بڕیارى پێویستى لەبارەوە وەربگیرێت، گرنگى بە کوالێتى و چۆنایەتى مامۆستایان و فەرمانبەران بدرێت، نەک ژمارە زۆرکردنێکى خێرا، کە هیچ سوودێکى نەبوە بۆ ئەم دوو وەزارەتە، بێجگەلە زیادکردنى کێشە نەبێت بۆ خودى ئەم دوو وەزارەتە، هەتا بەسەرۆک زانکۆکانیش بەدەست زۆرى مامۆستاى لێنەهاتوو دەناڵێنن، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک قانون و ئیعتیبار دەستیان بەستتراوە..!

سێیەم: دواى جێبەجێبوونى خاڵی یەکەم و دووەم بەتەواوى، نۆبەتى وەزارەتى پەروەردەیە، گۆڕانکارى ڕیشەیی ئەنجامبدات، بەتایبەتى لە قۆناغی بنەڕەتى، کە لە پۆلى نۆیەم، نمرەى لە سەدا حەفتا دیارى بکات بۆ پەڕینەوە یان وەرگیران لە قۆناغی ئامادەیی دا، لەگەڵ ئەم کارە گرنگە ئەو قوتابیانەى دەمێننەوە لەخوار نمرەى لە سەدا حەفتا ٧٠% ئەوا ڕەوانەى پەیمانگا پیشەییەکان بکرێن، بۆ ئەوەى لەگەڵ بازاڕى کارى ناوخۆیی و نیشتیمانى لە ئاستى کوردستان و عێراق دا، هەروەها لەداهاتوودا بژێوى ژیانیان دابین بکرێت.

چوارەم: وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ لە نمرەى ٧٠% بۆ بەشە زانستیە پراکتیکیەکان، پەتییەکان و سروشتیەکان بێت، هەروەها نمرەى ٧٥% بۆ بەشە زانستە مرۆییەکان بێت، ئەو خوێندکارانەى نمرەیان لەخوار ٧٠-٧٥% یە، دەتوانن پەیوەندى بە پەیمانگاکانى تەکنیکى بکەن لەسەرجەم شارەکانى کوردستان دا، گرنگە خوێندن و پڕۆگرامى سەرجەم پەیمانگا تەکنیکیەکان و پیشەییەکان بە قانون و سیستەمێکى نوێی سەردەم ڕێکبخرێنەوە و نوێبکرێنەوە، ئامادەیی تەواویان بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە هەبێت، بۆ ئەوەى ژمارەیەکى زۆر لە خوێندکار پێبگەێنن و ڕەوانەى بازاڕى کاریان بکەن.

پێنجەم: بەجێبەجێکردنى خاڵى چوارەم، خوێندکاران ئاستى زانستیان بەرزتر دەبێتەوە و چۆنایەتى خویندن، ئاستبەرزى فێربوون و زانست دەچێتە قۆناغێکى باڵاتر لەچاو دوو دەیەى ڕابردوودا واتە لەساڵانى ٢٠٠٠-٢٠٢٠، ئاستى زانستى لە بەشە جیاوازەکاندا لەسەر ئاستى مامۆستایان و خوێندکاران بەشێوەیەکى بەرچاو ساڵ بۆ ساڵ دابەزیوە و خراپتر بوە چاکتتر نەبوە..!

شەشەم: سەبارەت بەشە زانستییە دوبارەکان، وەک: (زمانى کوردى، زمانى عەەربی، زمانى ئینگلیزى، زانستى کیمیا و بایەلۆجى و ماتماتیک) کە لە زۆرێک لە زانکۆکانى کوردستان لە کۆلێژ و فاکەڵتیی جیاواز هەن و دووبارەن، گرنگە یەکبخرێن و هەمویان ببن بەیەک بەش، کە مامۆستاکانى لەلایەن لیژنەى هاوبەشى دڵنیایی جۆرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکان پاڵپشت بە پسپۆڕانى بێ لایەن هەڵبژێردرێن و جارێکى تر لەناو بەشى زانستەکەیان بەپێی پسپۆڕى و تایبەتمەندى دەستبەکارببنەوە، ئەو مامۆستایانەى دەمێننەوە، ڕەوانەى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى زانستى زانکۆکان بکرێن، هەتا ئاستى زانستى و مەعریفەیان لە پسپۆرییەکانیان دەگات بە ئاستى داواکراودا، ئەوەى داواى گواستنەوەى ڕاژەى دەکات بۆ سەر وەزارەتێکى تر هاوکارى بکرێت ئەگەر بەویست و داواکارى خۆى بێت.

حەوتەم: پێداچوونەوە بە پرۆسەى کردنەوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لەسەرجەم بەشە زانستییەکاندا، گرنگە بەپێی پسپۆڕى ورد و پێویستى بەشەکان ماستەر و دکتۆرا بکرێتەوە، بەتایبەتى لەبەشى زانستە مرۆییەکان لە ئێستاى بارودۆخى کوردستان زیاد لە پێویست هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا هەیە، نەک لەناو زانکۆکان، بەڵکو لە وەزارەتەکانى تریش ڕیژەیەکى بەرز هەیە، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆکارى هەڵاوسانێکى زانستى کە زۆر بەبەرنامە نەکراوە، بەڵکو لێکەوتەى ترى دەبێت کە ئێستا لەلاى سەرۆکایەتى زانکۆکانى کوردستان ئەو لێکەوتە نەرێنیانە بەتەواوى دەرکەوتون بەهەندێکیانەوە گیرۆدە بونە، هەروەها دەبێتە هۆى زیادبونى خەرجى دارایی لەسەر بودجەى گشتى و نەوەکانى داهاتوودا.

هەشتەم: داڕشتنەوەى بەشى زانستە مرۆییەکان لەسەرجەم زانکۆکانى کوردستان دا، کاتى ئەوە هاتوە هەندێک بەشى زانستى یەکبخرێن و بەهیزتر بکرێن لەڕووى ئاستى زانستى و ئەکادیمى، لەڕووى چۆنایەتى مامۆستا و خوێندکار، لەڕووى پڕۆگرام و دەسکەوتنى کار تەنها لە بازاڕەکانى کوردستان نا، بەڵکو لە بازاڕە هەرێمایەتیەکان و نێودەوڵەتییەکان، گرنگە سەرکردە ئەکادیمیەکان درک بەو خاڵە بکەن، بازاڕى کوردستان، بازارێکە لەڕووى ئابوورى و دارایی زیاتر لە بازاڕى ترانزێت دەچێت، بازارێکى جێگیر و سەربەخۆیی دارایی خۆى نییە، بۆیە پێویستە دەرچوانى زانکۆ بۆ بازاڕەکانى دەرەوەى هەریمى کوردستان بەرێژەیەکى زۆر بەرز ئامادە بکرێن.

نۆیەم: پێویستە لەسەر دایکان و باوکان، کە زۆرینەى زۆرى ئێستایان خوێندەوارن و بڕوانامەى زانکۆیان هەیە، هانى کوڕ و کچەکانیان بدەن چ بەشێک هەڵدەبژێرن، بەدواى ڕاوێژ و پرسارکردن لە دۆست، خزم و کەسانى شارەزا بگەڕێن بۆ ئەوەى باشترین بەشى زانستى بۆ کوڕ و کچەکانیان هەڵبژێرن.

دەیەم: گرنگە وەزارەتەکانى پلاندانان، پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان دەست وبرد بکەن لەم کارەدا، قۆڵ و دەستى قانوونى، زانستى و چاکسازى لێهەڵماڵن، ساڵانە ڕێژەى دەرچوان زیاتر دەبێت، لەهەمانکاتیشدا ڕێژەى بێکارى و دانەمەزران لەکەرتى گشتى و نەدۆزینەوەى کار لە کەرتى تایبەت زیاتر دەبێت، زیاتر بوونى بێکارى لەڕووى زانستى دەبێتە هۆى دابەزینى ئاستى زانستى دەرچوان، چونکە بێ هیوا دەبن لە دەسکەوتنى کار لەکاتێکدا کە خوێندکارى زانکۆن، لەلایەکى تریش لەڕووى ئاشتى کۆمەڵایەتى نائارامى دەروونى پەرەدەسەنێت و هەنگاو بۆ ئەنجامدانى تاوانى جۆراوجۆر دەنرێت، کە ئەمەش لەڕووى حوکمڕانى هەر زەرەرەکانى لە قازانج زیاترە، هەمیش لەڕووى کۆمەڵایەتى دا کارەساتى گەورە دەخوڵقێنێت.

بۆیە وەک کوردەوارى دەڵێت: با کارى ئەمرۆ، نەخەینە سبەینێ..

تێبینی: من داوای داخستنی ھیچ بەشێکم نەکردوە، دەڵێم یەکبخرێن و بەھێز بکرێن، چونکە بۆ داوای داخستنی بەشە زانستیەکان ناکەم، لەبەرئەوەی ئەو مامۆستایانەی لە بەشی زانستە مرۆییەکان وانە دەڵێنەوە، خزمەتێکی زۆریان ھەیە، لەھەمانکاتیشدا خەرجییەکی زۆریان بۆ ئەنجامدراوە تاوەکو پلە زانستیەکانیان بڕیوە بۆ ئەمرۆ ئامادە کراون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی