ئەخلاقیاتی گاڵتەکردن بە ژیانی مرۆڤ

27/09/2020

مەریوان وریا قانع

لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژانە لە ھەرێم نزیکەی ٣٠ کەسێک دەکوژێت و بڵاوبوونەوەشی نەک تەنھا بەردەوامە، بەڵکو لە دۆخێکی ھێجگار ترسناکدایە،  لەوکاتەدا ھەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتیی و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک، لەلایەن ئۆرگان و کەسایەتییە حیزبییەکانەوە، لە چڵەپۆپەدایە.

کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک بۆ یادکردنەوەی ڕیفراندۆم لە ھەولێر لەلایەن ڕێکخراو و ئۆرگانە حیزبیی و حکومییەکانەوە نیشاندەری ئەم ڕاستییە ترسناکەن. یادکردنەوەی یەکێک لە کارەساتە سیاسییە ھەرە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین، کارەساتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی بێپلان و بێستراتیژ و بێبیرکردنەوە، کە بناغە سەرەکییەکەی سایکۆلۆژیای شەخسیی سەرۆکی پارتی خۆی بوو. 

 وەکچۆن ڕیفراندۆم کردەیەکی سیاسیی پێشوەخت دۆڕاو و نابەرپرسیار بوو، پابەستبوو بە تێنەگەیشتن لە سادەترین پێدراوە سیاسیی و ئیقلیمیی و جیھانییەکان. بەھەمان شێوە یادکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەش بەو شێوەیەی لە ھەولێر بینیمان، لەناو ئەم پەتا ترسناک و بەربڵاوەی کۆرۆنادا، لەھەمان نابەرپرسیارێتیی و تێنەگەیشتنەوە سەرچاوەی گرتوە. ھەردووکیان دوو دەرکەوتی نابەرپرسیاری ئیشکردنی ھەمان عەقڵیەت و ھەمان تێنەگەیشتنی سیاسییە. 

کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی گەورەیە بەقەبارەی ھەڕەشەی ئەو عەقڵیەتە سیاسییە حوکمڕانەی لە ھەرێمدا دەستبەکارە و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک بەشێکی گرنگ و بنەڕەتیەتیی. یادکردنەوەی ھەڵە بە ھەڵە و نابەرپرسیارێتیی بە نابەرپرسیارێتیی ئەو ھەڵسوکەوتەیە  بەردەوام لەم فۆرمە لە حوکمڕانیی و لەم تایپە لە سیاسییەوە دەیبینین.  ڤلادیمێر لینینی سەرکردەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لە وتەیەکی زۆر بەناوبانگدا دەڵێت: "سیاسیی باش ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژیی ناکات". ھەم ڕیفراندۆمەکە خۆی و ھەم یادکردنەوەی لەناو ئەم پەتای کۆرۆنایەدا، ھەڵەی سادە و ئاسایی نین و نەبوون، بەڵکو ھەڵەی ستراتیژیی و زەبەلاحن. ھەڵەیەک کە تەنھا لە نەزانین و نەخوێندەوارییەوە نایەن، بەڵکو لە گاڵتەکردن بە ژیان و لە بێنرخ و بێبەھاکردنی ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکانەوە سەرچاوەدەگرێت. ھەر سیاسەتێک ڕێزی مرۆڤ و ڕێزی ژیانی لانەبێت، ئەو ھەڵانەی کە ئەنجامیان دەدات، ھەڵەی ستراتیژیی دەبن.

ئەم وێنانە لەناو ئەم پەتای کۆرۆنادایە حیکایەتی ئەو بێڕێزیی و بێنرخکردنەی مرۆڤ و ژیانمان نیشان دەدات. حیکایەتی دەسەڵاتێک خۆنمایشکردن و یادکرنەوەی ھەڵەکانی لە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان بەلاوە گرنگترە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە