تووندوتیژی خێزانی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک

48 خولەک پێش ئێستا

بەسمە بەدران جاف

خێزان وەک یەکەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگا و بناغەی دروستبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێت شوێنی ئارامی، پاراستن و دڵنیایی بێت. بەڵام کاتێک تووندوتیژی دەچێتە ناو پەیوەندییە خێزانییەکانەوە، ئەوا خێزان لە شوێنی ئارامییەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی ترس و نائارامی. ئەم دیاردەیە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تاک و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و دەروونی ئەندامانی خێزان دابنێت.

تووندوتیژی خێزانی تەنها لێدان و زیانگەیاندنی جەستەیی نییە، بەڵکو دەتوانێت بە شێوەی جۆراوجۆر دەربکەوێت؛ وەک تووندوتیژیی دەروونی، وشەیی و ئابووری، یان هەر کردارێک کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە جەستە، دەروون، کەرامەت و ئازادییەکانی تاک. لەبەر ئەوە نابێت ئەم دیاردەیە بە تەنها بە یەک ڕەگەزەوە پەیوەست بکرێت، چونکە تووندوتیژی خێزانی دەتوانێت لەلایەن پیاو یان ئافرەتەوە ڕووبدات و قوربانییەکەش دەتوانێت پیاو یان ئافرەت بێت. بۆیە گرنگە سەرنج لەسەر خودی کردار و پێشێلکردنی مافەکان بێت، نەک تەنها لەسەر ڕەگەزی ئەو کەسەی تووندوتیژییەکە ئەنجام دەدات.

لە هەندێک حاڵەتدا، کێشەیەکی بچووک دەتوانێت بەهۆی نەبوونی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی دروست، گەورەتر ببێت و تەنانەت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە خێزانییەکان دابنێت. بەڵام بوونی کێشە و ناکۆکی لە ناو خێزاندا بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی قبوڵکردنی تووندوتیژی و پێشێلکردنی کەرامەت و مافەکانی تاک. هەر کێشەیەک سنووری هەیە، و چارەسەرکردنی کێشە نابێت لە سنووری زیانگەیاندن و پێشێلکردنی مافەکانی کەسی بەرامبەر تێپەڕێت.

لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، هەر تاکێک مافی ژیان، ئازادی، پاراستنی جەستە و دەروون و ژیانکردن بەبێ ترس و تووندوتیژی هەیە. ئەم مافانە مافە بنەڕەتییەکانن و هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی بە خاوەنی ئەو مافانە دابنێت و کەسی بەرامبەر لە مافە سروشتی و بنەڕەتییەکانی بێبەش بکات و منەتباری بکات. بۆیە تووندوتیژی خێزانی تەنها کێشەیەکی تایبەتی و ناوخۆیی نێوان ئەندامانی خێزان نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.

لەبەر ئەمە، مامەڵەکردن لەگەڵ تووندوتیژی خێزانی پێویستی بە ڕوانگەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە. تەنها سزا دان بە کەسی تووندوتیژی‌کار بەس نییە، بەڵکو پێویستە سیستەمێکی پاراستن و پشتیوانی هەبێت کە بتوانێت قوربانی بپارێزێت، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تووندوتیژی بکات و ڕێگایەکی سەلامەت بۆ دەستگەیشتن بە دادپەروەری دابین بکات.

یاسا لەم بوارەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بۆ کردارە زیانبەخشەکان بەرپرسیارێتی یاسایی دیاری بکات و ڕێکارەکانی پاراستنی قوربانی دابین بکات. هەروەها دامەزراوە دادوەری و کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بە ڕێگەی ئاگادارکردنەوە، پشتیوانی و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ سکاڵاکردن و داواکردنی ماف، یارمەتی قوربانیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس مافەکانیان بەکاربهێنن.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسیارێتی تەنها لەسەر یاسا نییە؛ کۆمەڵگا و تاکەکانیش ڕۆڵێکی گرنگیان لە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە هەیە. پێویستە کەلتووری گفتوگۆ، ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەهێز بکرێت. چونکە بوونی ناکۆکی لە ژیانی خێزاندا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام چارەسەرکردنی ناکۆکی نابێت بە تووندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکان بێت.

لە کۆتاییدا، کۆمەڵگایەک کە بەڕاستی ماف و کەرامەتی تاک دەپارێزێت، دەبێت تووندوتیژی خێزانی بە کێشەیەکی جدیی یاسایی و کۆمەڵایەتی ببینێت، نەک تەنها بە کێشەیەکی ناوەخۆیی ببیندرێت و بێدەنگی بگیرێتە بەر.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی