سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئایین لەدیدی سەلامە موساوە

30/09/2020

ئەردەڵان عەبدوڵڵا


میسر لەسەدەی نۆزدەو بیستدا، بووبوە مەڵبەندێکی گەورەی رۆشنگەری عەرەبیی‌و ئیسلامیش، دیارە ئەمەش بەهۆی بوونی کۆمەڵێک بیرمەندو روناکبیری گەورەوە بوو، کە رۆڵی سەرەکیان گێڕا لەبوژانەوەو پێشخستنی فکری پێشکەوتخوازی لەگێتی عەرەبی‌و ئیسلامیدا، یەکێکیش لەو روناکبیرە گەورانە « سەلامە موسا» بوو.

سەلامە موسا لەساڵی 1887 لەدایکبووەو لەساڵی 1958 کۆچی دوایی کردووە. ئەو رۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی، جگەلەوەش رووناکبیرو نووسەرێکی مەزنیش بوو، بەتایبەتی لەبواری پێشخستن‌و بڵاوکردنەوەی فکری پێشکەوتخوازیی‌و سۆسیالیزمدا، قەڵەمێکی بەتواناو پڕ بەرهەم بوو.

سەلامە موسا لەژیانیدا کۆمەڵێک کتێبی لەبواری فیکری چەپ‌و پێشکەوتنخوازیدا هەبووە، یەکێکیش لەو کتێبانەی (سەرهەڵدانی بیرۆکەی خودا)یە، ئەم کتێبە لەلایەن کاک سەرهەنگ سەرکەوت کراوەتە کوردیی‌و لەلایەن ناوەندی رەهەندەوە چاپ‌و بڵاوکراوەتەوە.

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە لەبارەی چۆنێتی دروستبوونی ئایینەکان لەجیهانداو کاریگەری ئەفسانەکان بەسەریانەوە، لەکۆتایشدا باسی چۆنێتی سەرهەڵدان‌و بڵاوبوونەوە گەشەسەندنی ئاینی مەسیحی دەکات لەجیهاندا.

ئایین
کرۆکی سەرەکی ئەم کتێبە شرۆڤەکردن‌و لێکۆڵینەوەیە لەبارەی ئایینەوە، نووسەر هەوڵیداوە بەدوای رەگوریشەو هۆکاری دروستبوونی ئایینەکان لەجیهاندا بگەڕێت، بۆ ئەمەش پشتی بەسەرچاوە مێژووییەکان‌و کارە زانستییەکان بەتایبەتی لەبواری ئەنترۆپۆلۆژیدا بەستووە.

نوسەر لەسەرەتای کتێبەکەیدا پێناسەیەکی تایبەت بۆ ئایین دەکات‌و دەڵێت: ئایین بریتییە لەهێزێکی لەڕادەبەری – میتافیزیکی – دەرەوەی یاساکانی سروشت کە مرۆڤ ڕێزی گرتووەو پەرستوویەتی.. ل21

ئایینەکان‌و ئەفسانە
زۆرێک لەمێژونوس‌و سۆسیۆلۆژی‌و نوسەرانی بواری میتۆلۆژی (ئایینزانی) لەو باوەڕەدان کە ئایینەکان سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان، لێ سەلامە موسا دژی ئەم بۆچونە دەوەستێتەوەو خاوەنی تێزی خۆیەتی.

لەمبارەیەوە دەڵێت: وتراوە ئایینەکان لەئەفسانەکانەوە سەریانهەڵداوە، بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە ئەفسانەکان تەنیا کۆمەڵە چیرۆکێکن، زیادەڕۆییان تێداکراوەو کۆمەڵێک گێڕانەوەن، لەبارەی ئەوکەسانەش کە مردون‌و گیانیان پەرستراوە، ئەفسانە هیچ ڕیشەیەکی لەناو ئاییندا نییە. ل 22

ئەو بەپێچەوانەوە پێیوایە ئایینەکان لەپەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئایین و پەرستنی گیانی مردووەکان
نووسەر پێیوایە سەرچاوەی ئایینەکان لەپەرستنی گیانی مردووەکانەوە بووە، لەوانەبێت مردووەکان کەسێکی ناودار یان دەستڕۆیشتوی ناو خێڵکان بووبێت، لێرەشەوە بیری قووربانی‌و پاشانیش ئایین سەرچاوەیگرتووە.

لەمبارەیەوە نوسەر دەڵێت: سادەترین شێوەی ئایینەکانی ئێستا لای وەحشییەکانن کە لەهەندێک نەریت زیاترنییەو مەبەستیان لێی رێزگرتنی کەسانی مردوە. ئەوان جیاوازی لەنێوان گیانی مردوو و خودایەکی دروستکەردا ناکەن.

هەندێك لەخێڵەکانی کۆمبامە لەئەفریقیا، لەشوێنێکدا گیانی مردوو دەپەرستن، کە خاوەن گیانەکە لەپێش مردنیدا تێیدا نیشتەجێ بووە، ئەگەر مردووەکە کەسێکی گەورەبووبێت، بیروباوەڕیان وابووە گیانەکە لەشاخێک یان لەپەڵە هەورێکدا نیشتەجێبوە، بەچەشنێک ئەگەر بەلایاندا رۆیشتبان، دەیانپەرست‌و داوای بارانیان لێدەکردن. بەقوربانیکردن‌و نوێژکردن لەسەر گۆڕەکەی، گیانی کەسە مردوەکەیان لەخۆیان ڕازیکردوە، لێرەشەوە لەقوربانیکردن‌و نوێژکردن تێدەگەیت. ل 21

نوسەر دواتر دەڵێت: پەرستنی گیانی پێشینان پێش پەرستنی خوداوەندەکان بووە. ل62

بتپەرستی
نوسەر پێیوایە کە فکرەی بتپەرستیش لەپەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەریهەڵداوە، سێ بەڵگەش دەهێنێتەوە بۆئەوەی کە ئایینەکان لەپەرستنی گیانی مردووەکانەوە پەیدابون، لەمبارەوە دەڵێت:

ـ ئەو پەرستگایانەی لەبنەڕەتدا گۆڕبوون‌و شوێنی پێشكەشكردنی خواردن بوون.

ـ ئەو بتانەی لەبنەڕەتدا، خودی مردووە مۆمیاکراوەکە بوون، کاتێک مۆمیاکردنی هەموو جەستە قوورس بوە، هەناوی مرۆڤیان دەرهێناوەو بەکۆمەڵێک شتی بێگیان کە بۆگەن ناکەن، پڕیانکردوەتەوە بۆئەوەی شێوەی روخساریشی بپارێزن، وەکو مورو بەردیان لەشوێنی چاوی داناوە، دواتر کە زانیویانە بەتەواوی جەستە ناپارێزرێت، کەوتنە کێشانی وێنەی مردووەکە لەسەر قاپی تابووت، یان بتێکیان لەسەر شێوەی مردووەکە دادەتاشی، لەوەش ئاسانتر نییە، بتە تایبەتییەکە ببێت بەبتێکی گشتی.

ـ پیاوی ئایینی لەبنەڕەتدا خودی سەرخێڵ بون، سەرخێڵیش کوڕی گیانی خوداوەندو کۆی خزمەتکارەکانیشن ئەوانە بون کە لای گۆڕەکەوە واتە پەرستگەگە قوربانیان پێشکەش بەگیانی دەکرد. ل42

نوسەر لەڕێگەی ئەم سێ بەڵگەیەوە، دەیەوێت بڵێت کە فکرەی ئایینەکان سەرچاوەیان لەفکرەی پەرستنی گیانی مردووەکانەوە بوە.

زیندوبونەوەی رۆحەکان
نووسەر باسی لایەنێکی گرنگی تری فکرەی ئایین دەکات، ئەوەش پەیوەندی بەفکرەی زیندووبونەوەی رۆح یان ژیانی ئەو دونیا دەکات، نوسەر لەمبارەیەوە پێیوایە:

ـ مرۆڤی سەرەتایی مردنی راستی‌و بورانەوەی کاتیی لێکجیانەکردۆتەوە، ئەگەر یەکێکیان لەهۆشچوبایە، هەناسەی بۆ نەدرایە، بەنوشتەو نزاکان، گیانیان رازیکردووە کە کەسە بووراوەکە هاتۆتەوە هۆش خۆی، لەوەوە تێبینی ئەوەیان کردوە کە گیان‌و جەستە دوو شتی جیان. ل 35

پاشان دەڵێت:

ـ مرۆڤی سەرەتایی وا گومانی بردووە، چۆن لەکاتی بوورانەوەدا مرۆڤ هەناسەی دەبڕێت‌و پاشان لەکاتی هۆشهاتنەوەشدا هەناسەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئاواش دوای مردنی، گیان بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە، ل 36

پاشان نوسەر باسی سووتاندنی مردووەکان دەکات، پێیوایە مرۆڤ لەترسی زیندووبونەوەی مردووەکان جەستەی مردووەکانین سووتاندوە، لێرەشەوە ژیانی ئەو دونیا پەیدابووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

ـ نەریتی سووتاندنی مردووان، بووەتە مایەی باوەڕهێنان بەجیابوونەوەی جەستە لەگیان بەتەواوەتی، لەخەیاڵگەی مرۆڤدا ئەوەی کە ناوی لێنراوە دووەم (دونیا) گیانە خەیاڵییەکە ، دروستبوو، ل 39

بەردپەرستن
پاشان نووسەر باسی قۆناغێكی تری مێژوویی ئایینەکان دەکات کە ئەویش چۆنێتی پەیدابوونی بەرپەرستنی بەردە پیرۆزەکانە.

نوسەر پێیوایە: سەرەتا مرۆڤ مردووەکانی پەرستووە، پاشان کاتێک مرۆڤ گەشەی زیاتردەکات، فێری ناشتنی مردووەکان بووە، ئەمەش لەشارستانی بابلییەوە پەیدابووە، مرۆڤ ترسی لەزیندووبونەوەی ئەو مرۆڤانە بووە کە پێشتر لێیان ترساوە، هەربۆیە بەشێک لەجەستەی مردوەکەی بڕیوە یان بەردێکی گەورەیان خستۆتەسەر گۆڕەکەی بۆ ئەوەی نەتوانێت لەگۆڕەکە بێتە دەرەوە، لەمەشەوە بەردخستنەسەر گۆڕی مردووەکان لای ئایینەکان پەیدا بووە.

سەلامە موسا دەڵێت:
ـ بتەکان لەمۆمیاکردنی کەسی مردوو، یان وێنەکێشانەوە پەیدابوون، بەپیرۆزڕاگرتنی بەردەکانیش، دەشێت لەبەردی سەر گۆڕەکانەوە بێتە ئاراوە، ئەوەی خواردنی پێشکەش بەبەرد کردووە، وای زانیووە سروشتی جەستەی هەیەو دەمی هەیە، خواردنەکەی دەخوات.

پاشان دەڵێت:
لەلای یۆناییە کۆنەکان لەسەرەتای مێژوویانەوە کۆمەڵێک بەردی شێوێنراویان پەرستووە، لەناو عەرەبیشدا «مەنات‌و لاتیان» پەرستووە، ڤینیقییەکانیش بەردی «بەعل» یان پەرستووە، بەردی کەعبەش لەپێشوودا زۆر لای عەرەبەکان پیرۆز بووە، تەنانەت پێغەمبەری رابەری یەکتاپەرستیش ناچاربوو بەردی کەعبە بخاتە ناو ئاینەکەیەوە. ل52

کشتوکاڵ‌و خوداپەرستی
خاڵێکی سەرنجراکێشی تر بەلای منەوە سەلامە موسا پێیوایە کە فکرەی کشتوکاڵکردن، سەرەتا فکرەیەکی ئایینی بووە، چونکە مرۆڤی سەرەتایی کاتێک خواردنی بردۆتە سەر گۆڕەکان بۆ نموونە گەنمی بردووە، پاش ماوەیەکی تر لەسەر گۆڕەکە گەنمەکە سەوز بووە، لێرەشەوە مرۆڤ فێری کشتوکاڵ کردن بووە. ل87/88

وەحشیەکان کۆمەڵێک خواردنی وەک گۆشت‌و دانەوێڵەو بەربوومیان لەگەڵ مردودا کە لەژیانیدا خواردویەتی، خستوەتە گۆڕەکەیەوە، ناشتنی مردووش پێویستی بەهەڵکەندنی گۆڕە، زەوییەکەیان هەڵدریوەو دواتریش زەوییە هەڵدراوەکە، بۆ چاندنی تۆوەکان ئامادەبون، چەند رۆژێک بەسەر ئەو رۆژەی مردوەکەیان تێدا ناشتووە تێپەڕیوە، پاشان بینیویانە تۆوە چێنراوەکان سەوز بووە، ئەمەش وا لێکرداوەتە، کە گیانی مردووەکە بەهۆی ئەوانەی کە پێشکەشیان کردووە، لێیان رازییە. ل 88.87.

مرۆڤ وەکو قوربانی
پاشان نووسەر باسی قۆناغێکی تری مێژووی مرۆڤایەتی دەکات کە لەزۆر شوێندا بەتایبەتی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار مرۆڤەکان لەکاتی جەنگدا یان لەکاتی کشتوکاڵکردندا، وەکو قوربانی پێشكەش بەزەوی کراون، بۆئەوەی خێرو بەرەکەت بەسەر ئەو زەویەدا ببارێت، لەکاتی جەنگەکانیشدا مرۆڤێکیان کوشتووە، تاوەکو شانسی گەورەیان هەبێت لەسەرکەوتن بەسەر دوژمنەکانیاندا.

پاشان نووسەر هاتووە باس لەپیرۆز ڕاگرتنی خوێن دەکات‌و چۆن دواتر خوێن وەکو شەراب وابووە، هەربۆیە لای مەسیحییەکانیش شەراب پیرۆزبوو، کە لای ئەوان وەکو خوێنی مەسیحی دادەنێن.

کاریگەری ئەفسانەی یۆنانی کۆن بەسەر ئایینی مەسیحیەوە
نووسەر لەلێکۆڵینەوەکەیدا باسی کاریگەری گەورەی ئەفسانەکانی یۆنان دەکات بەسەر ئاینی مەسیحییەوە، لەمەشدا پشت بەچەند بەڵگەیەک دەبەستێت، کە نزیکییەکی زۆر لەنێوان مەسیحی‌و ئەو ئەفسانەدا هەیە.

دەرئەنجام
لەکۆتاییدا سەلامە موسا دەگاتە دوا خاڵ‌و دەڵێت: بەکورتی دەڵێم، لەو باوەڕەدام پەرستنی جەستەکان، ڕیشەی هەموو پەرستنەکانی ئێستان، باوەڕیشم بەوەیە، گیانەکان ڕیشەی خوداوەنددەکانی ئێستان، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر دروستی دەرئەنجامەکانی سور نیم، دەشێت لەداهاتوودا توێژینەوەی پێچەوانەی لێ بێتە ئاراوە، ل125

چەند سەرنجێک
دیارە راستە سەلامە موسا یەکێکە لەرووناکبیرە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین‌و ئەم کتێبەشی یەکێکە لەکتێبە باشەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من چەند سەرنجێکم لا دروستبوو، پێمخۆشە لێرەدا بە کورتی باسیان لێوە بکەم.

1ـ نووسەر لەسەرەتادا  دەڵێت، ئایینەکان هیچ پەیوەندییەکیان بەئەفسانەکانەوە نییەو ئایین شتێکەو ئەفسانەش شتێکی ترە، کەچی لەدواییدا دەڵێت، ئایینی مەسیحی لەئەفسانەی یۆناییەوە هاتووە یان نزیکە .

2ـ کاریگەری گەورەی کتێبەکەی «بنەچەی خێزان»ی فریدریک ئەنجلسی بەسەرەوەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەفکرەی قوورباییەوە هەیە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە تیشێکی باشی خستۆتەسەر مێژووی ئایینەکان‌و بەرچاو روونییەک دەداتە خوێنەری کوردی، لەبارەی ئەو نیقاشانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەناو فکرو فەلسفەی جیهاندا لەبارەی ئەم مەسەلە گرنگەوە کراوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لەکاک سەرهەنگ سەرکەوت بکەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبەو هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازین.

سەرچاوە:
سەلامە موسا، سەرهەڵدانی بیرۆکەی خودا، وەرگێرانی سەرهەنگ سەرکەوت، چاپی یەکەم، ناوەندی رۆشنبیری ڕەهەند ـ سلێمانی 2019.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی