ڕووداوی تاڵو جەرگبڕی گیانبەختکردنی یەکێک لەپێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (غەزاڵ) لەناوەندە پزیشکییەکانی شاری سلێمانی، لەدەرەوەی خەسارێکی مرۆیی، بوو بە پریشکێک بۆ دروستکردنی درزێک لە جەستەی بیروڕای گشتیدا، بەڵام لەنێوان هێرشە میدیاییەکان و سواربوون لەسەر شەپۆلی سیاسییەکاندا، ڕاستییەکی گەورەتر پشتگوێ خرا کە ئەویش تەمەنێک پێکەوەژیانە کە بە هیچ جۆرە گەردەلوولێک نالەرزێت.
ئەوانەی ئەمڕۆ بە دووبارە پەخشکردنەوەی قسەکانی بەڕێز مام جەلال، هەوڵی چاندنی نامیهرەبانی خەڵکی سلێمانی دەدەن، لەکاتێکدا ئەو قسانە ئاماژەن بۆ وەفا و پێزانین، پێدەچێت لەبیریان چووبێت کە ئەم پەیوەندییە هاوپەیمانییەکی سیاسی کاتی نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی 40 ساڵەی لانیکەم بۆ پێشمەرگەی رۆژهەڵات لە خاکی ئەم شارەدا هەیە و ئەمەش وایکردووە ئەم شارە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات نەک تەنیا پەناگە، بەڵکو ماڵ بووە.
چۆن دەتوانین باسی نامیهرەبانی بکەین، لە کاتێکد، منداڵەکانمان لە قوتابخانەکانی ئەم شارە فێری ئەلفوبێی ئازادی بوون و لە زانکۆکانیدا بڕوانامەی ئەکادیمییان بەدەستهێناوە. نەخۆشەکانمان ساڵانێک لە نەخۆشخانەکانی ئەم شارە چارەسەریان وەرگرتووە، پزیشک و پەرستارەکانیشی بە بەزەی و میهرەبانییەوە لە تەنیشتمان ئامادە بوون.
هاوڕێکانمان کە لەڕێگای باوەڕەکانیان گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ لە گۆڕستانەکانی ئەم شارەدا بە ئارامی پشوو دەدەن، خەڵکی سلێمانیش پارێزەری پیرۆزی گۆڕەکانیانن. پەیوەندی ئێمە لەگەڵ سلێمانی سنووری سیاسەتی بەزاندووە و گەیشتووەتە خوێن.
هەزاران هاوسەرگیری و پەیوەندیی خێزانی لەنێوان کوردانی ڕۆژهەڵات و دانیشتووانی سلێمانی پەیکەرێکی کۆمەڵایەتی جیانەکراوی دروستکردوە کە ناتوانرێت بەخراپکاریی پزیشکی و قسەی نابەرپرسانە بشکێنرێت.
هێرشکردنەسەر ناسنامەی سلێمانی بەبیانوی کەمکاريی و نابەرپرسیاریەتی ناوەندێکی پزیشکی، پڕۆژەیەکی مەترسیدارە کە تەنها دوو گروپ سودی لێ وەردەگرن: نەیارانی یەکڕیزيی نەتەوەیی، ئەوانەی مانەوەی خۆیان لەدڕاندنی پەیکەری کوردستان و دروستکردنی دیواری بێمتمانەیی لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشوردا دەبینن، چەن شیرین بوو مەرگی قارەمانانەی ئەم تێکۆشەرە بگۆڕدرێت بۆ دەرفەتی چاکسازيی نەک برین.
ئێمەو خەڵکی سلێمانی نان و خوێ، شادی و ماتەمینی، شەڕو ئاشتیمان هاوبەش کردوە. یادەوەری مێژویی ئێمە پڕە لەمیهرەبانی دراوسێیەک کە باوەشی بۆ براو خوشکە ئاوارەبوەکەی کردوەتەوە، ئەمڕۆ لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەیەکڕیزيی و وریایی بەرامبەر بەوکەسانە هەست پێدەکرێت کە سودمەندن لەدابەشبونەکەمان. با نەهێڵین تۆزی تێنەگەیشتن ڕوی درەوشاوەی تەمەنێک لەپێکەوەژیان و برایەتی داپۆشێت، ئێمە پێکەوەین و پێکەوە دەمێنینەوە.
تێبینی: ئەگەر ناوی سلێمانیم هێناوە، بەمانای دابڕانی لەجەستەی هەرێمەکە نییە، بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی ئەم شارە لەم چەند ڕۆژەدا هێرشێکی نابەرپرسانەی کراوەتەسەر، ئەگینا کێ نازانێت لەزاخۆوە تا هەڵەبجە، هەر بستێکی خاکی ئەم هەرێمە تێکەڵ بەخوێن و فرمێسکی براکان و خوشکەکانی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی