شەنگال لەنێوان تەسلیمکردن و ڕێککەوتندا!

12/10/2020

none

دوای ساڵی ٢٠٠٣ شەنگال لەڕووی کارگێڕی و سیاسی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئیدارە دەدرا،بەتایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە،کە کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی ئەو قەزایەی کردبوو، وە قسەکەری یەکەم و کۆتایی ئێزیدیەکان بوو تاوەکو مانگی ئابی ٢٠١٤،بەڵام کە داعش پەلاماری ئەو قەزایەیدا بەبێ بەرگری لەلایەن پارتییەوە تەسلیمکرا!
ئێزیدیەکان لەکاتی پەلاماری دڕندانەی داعشدا تەنیا جێهێڵران و ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی خافڵگیرانەی بێ وێنەبوونەوە لەسەدەی بیست و یەکدا،کە خیانەتکی هێندە گەورەبوو کە هیچ بیانو دەلالەتێک هەڵناگرێ!

دوای ئازادکردنی ناوچە جێ ناکۆکەکان لەساڵی ٢٠١٦ ،لەناویشیاندا قەزای شەنگال و دەوروبەری،لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانو هێزە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردانی ئێزیدی،بەهەماهەنگی ڕاستەوخۆی سوپای عێڕاق و هاوپەیمانان،پارتی لەڕێگەی سەرۆکایەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی ناوەند ئەنجامدا ،کە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ڕادەستی حکومەتی عێڕاق بکاتەوە،ئەم ڕێککەوتنەش لە١٧ی ئۆکتۆبەردا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە،کەبووە هۆی ڕادەستکردنی لەسەدا ٥١ ی خاکی کوردستان،ئەمەش لەکاتێکدا کە ئەو ناوچانە بەخوێنی پیرۆزی ڕۆڵەکانی گەلی کورد کۆنتڕۆڵکرابوونەوە،کەبەداخەوە هەمووی بەفیڕۆدرا لەپێناو بەرژەوەندیە حیزبی و کەسیەکاندا!

هێزە شۆڕەشگێرەکانی کوردانی ئێزیدی توانییان ڕێگربن لەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێ ،کە ئامانج لێی ڕادەستکردنی شەنگال و ناوچەکانی تربوو، بەهۆکاری ئەوەی ڕۆڵ و خەبات و قوربانی و بۆچوونی ئەو هێزانە لەبەرچاو نەگیرابوو لەو ڕێککەوتنەدا،کەپارتی لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ ڕێگەنەماوە نەیگرێتەبەر تاوەکو تۆڵە لەو هێزانەبکاتەوە،بۆ ئەو مەبەستەش چەندان جار هەڵایەکی گەورەی سیاسی و ئیعلامی گەورەی لەسەر ئەو هێزانە دروست دەکرد،کە تۆمەتباری دەکردن کە لەلایەن پەکەکەوە ئیدارەدەدرێن و هاوکاری دەکرێن یا لەمپەرن لەبەردەم گەڕانەوەی کوردانی ئێزیدی بۆ ناوچەکانیان،بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەبوو،کە پارتی ڕێگربوو لەگەڕانەوەیان!

پرسیارەکە ئەوەیە،کە پێشتر ڕێککەوتنێک کراوە لەسەر تەسلیمکردنی ئەو ناوچەیە،جارێکی تر ڕێککەوتنی بۆچییە؟

وەک لەپێشەوە ئاماژەمان پێ کردووە،کە پارتی لەساڵی ٢٠١٦ تاوەکو ئێستا هەموو ڕێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ  دەرهێنانەوەی ئەم ناوچەیە لەدەست هێزە ڕەسەنەکانی کوردانی ئێزیدی،بەڵام لەبەرئەوەی لەڕابردوودا ڕۆڵ و بۆچوونەکانی ئەو هێزانە لەبەرچاو نەگیرا بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە،نەتوانرا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بەکرێ.

زۆر قورسە بەبێ ئەو هێزانە ناوچەکە ئیدارە بدرێ و هێمنی و سەقامگیری ئەمنی وسیاسی بۆ ئەو ناوچەیە بگێردرێتەوە،بۆیە باشتر بوو ئەم ڕێککەوتنە لەنێوان حکومەتی ناوەند و ئیدارەی فعلی شەنگال و حکومەتی هەرێم بکرێ،پەراوێزخستنیان لەهەر ڕێککەوتنێک،بەردەوامبوونی کێشەکانی ئەو ناوچەیەیە!

لەم ڕێککەوتنەدا بەڕوونی دیارە کە ئەمانج لێی ڕازیکردنی تورکیا و گێڕانەوەی ئەو ناوچەیەیە بۆ ژێر ڕکێفی حکومەتی ناوەند،لەهەمان کاتدا دەرپەڕاندنی هێزە ڕەسەنەکانی کوردانی ئێزیدی،کە دوورن لەسیاسەتی پارتی و دەوڵەتی تورکیا،بۆیە ناکرێ ئەمە ناوبنرێ ڕێککەوتن،بەڵکو جارێکی تر دووپاتکردنەوەی تەسلیمکردنەوەی ئەوناوچانە!

سەیرە پارتی لەگەڵ ئەو هێزانە ڕێککەوتن دەکات،کەدوێنی دوژمن و نایاربوونە،زۆریش بەلایەوە سەربەرزی و ئاساییە،بەڵام ڕێککەوتن بەقورس دەزانێ،لەگەڵ هێزە شۆڕەشگێرە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیە،کە هیچ هۆکارێک نییە،تەنیا ئەوەیە کە جیاواز بیردەکەنەوە،دەیانەوێت ناوچەکەی خۆیان،خۆیان ئیدارەی بدەن!

بەپێ دەستوری هەمیشەیی عێڕاق ساڵی ٢٠٠٥ ،شەنگال ناوچەی جێناکۆکە،دەبێت تا یەکلایکردنەوە،بەهاوبەشی ئیدارە بدرێ،ئەی خێرە ئێستا پارتی بە تەسلیمکردنێکی ڕووت ڕەزامەند دەبێ؟ لەکوێی ئەم زەمینەدا هەیە هێزێک واز لەناوچەیەک بهێنێت،کە بەدەستور هی خۆی بێت و بەدرێژایی شۆڕەشەکانی کوردیش قوربانی لەپێناودا درابێ،ئەگەر دڵ ڕازیکردنی ئەم لاو و ئەو لای لەپشت نەبێت؟؟
خراپتر لەوە ئەم تەسلیمکردنە بەهەنگاوێکی باش وەسف دەکرێ،کە لەخیانەتێک زیاتر هیچی تر نییە!!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی