کۆرۆنا وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە

14/10/2020

مەریوان عەبدوڵا


 پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوان و گیان لەدەستدان ناکرێت وەک رووداو رۆژانێکی ئاسایی سەیر بکرێت، بەڵکو ئەمە پێشھاتێکی نوێیەو دەکرێت لە ئاستێکی باڵادا لە سەر ئاستی حکومەت و تاک بەرەنگاری ببینەوەو بە ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت،

دەربارەی تەشەنەسەندنەکانی ئەم دوایەی کۆرۆنا و ئەو دۆخە نوێیەی ھاتووەتە ئاراوە نامەوێت ترس و دڵەراوکێ  بڵاوبکەمەوە و خەڵک تووشی شەڵەژانی دەرونی ببێت و ترس لە کۆرۆنا  بمان رووخێنێت، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا بکەین، ئەوەی ئێستا بەدیدەکرێت مەترسی کۆرۆنا لە ئاستێکی گەورەدایەو ناکرێت چاو لەراستییەکان بپۆشین و رێگەبەین کەسە نزیکەکانمان لەدەست بدەین بێ ئەوەی ھیچمان پێ بکرێت بەبەرچاومانەوە گیان لەدەست بدەن، پەیوەست بەم دۆخە نوێیە بەپێویستم زانی دەربارەی دۆخ و مەترسیەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان ھەندێک راستی و بەرچاو روونیتان پێ بڵێم .

سەرەتا وەک ئەوەی پزیشکەکان دەڵێن باوەڕ بەخۆبون و نەشڵەژان و وورە بەرزی و ئارامی دەرونی و خۆپارێزی ھەنگاوی یەکەمە بۆ پارێزگاری لە تەندروستیمان و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی کۆرۆنا ، بەڵام ھەندێک راستی ھەن کە ناکرێت بشاردرێنەوە و نەوترێن, رەنگە شاردنەوەیان ببێتە مایەی خراپتر بونی دۆخەکە و گەیشتن بە قۆناغێکی مەترسیدارتر لە ئێستا ، ئامانجی ئێمە لەم بەرچاوروونی و ھۆشیارییە پاراستنی تەندروستی گشتی و بەرگرتنە لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورەی چاوەڕوان کراو لە وەرزی پایز و زستانی ئەمساڵدا ئەگەر پێشوەخت خۆمانی بۆ ئامادە نەکەین دور نیە بەرۆکمان بگرێت و قوربانی و باجی زیاتر بدەین .

 ھاوڵاتیانی ئازیز ئێستا بەگشتی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغ و دۆخێکی خراپی تەندروستیدایە بەھۆی دووبارە تەشەنەسەندن و بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھەڵکشانی ژمارەی تووشبوان و گیان لە دەستدان، ئەو ئامارانەی کە رۆژانە رادەگەیەندرێت لە ژمارەی تووشبوان و گیان لەدەستدان چەند ھێندە زیاترن بەداخەوە قەبارەکە لە ئاستێکی گەورەتردایە ، بە ھەزاران کەس لە کوردستان تووشبووی کۆرۆنان و بەشێکی کەمیان  دەچنە نەخۆشخانە حکومییەکان و بەشێکی تریان لە نەخۆشخانە و تاقیگەکانی کەرتی  تایبەت پشکنینیان کردووە و دوای دڵنیابوونەوە لە توشبونیان زۆرینەیان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن ،  جگە لەوەش خەڵکانێکی زۆر نیشانەیان ھەیە و بێ پشکنین خۆیان دڵنیان کە تووشبوون بەڵام ھەندێکیان بەھۆی کەمی دەرکەوتنی نیشانەکان و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر تەندروستیان ئامادەنین لەماڵەوە بمێننەوە خۆیان کەرەنتین بکەن بەڵکو رۆژانە ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێ دەکەن و لەناو کۆمەڵگەدا بەبێ دەمامک و خۆپارێزی دێن و دەچن، ئەو ئامارانەی کە رۆژانە بڵاو دەکرێنەوە تەنیا ئەوانەن کە سەردانی نەخۆشخانە  حکومییەکانیان کردووە بۆ چارەسەر و پشکنین ، بەپێی ھەڵسەنگاندنەکان  بەدوور نازانرێت نزیکەی ٥٠% ھاوڵاتیانی ھەرێم تووشبوو یان ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن ئێستا کەم ماڵ ھەیە تووشبووی تێدا نەبێت یان کەسێکی نزیکی لە دەست نەدابێت ، بەڵام لەو رێژەیە ھەندێکیان بە قورسی نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتووەو دۆخیان باخ نیە بەشی زۆریان نیشانەیان کەمە یان ھەر نیانە ھەندێکیان ھەر نازانن توشبوون، ھەرچی پەیوەستە بە ژمارەی گیان لەدەستدان بەھەمان شێوە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە کە بڵاو دەکرێتەوە چونکە بەشێک لەو کەسانەی تووشبوی ڤایرۆسەکەن نەچونەتە نەخۆشخانەکان  بەڵکو  لە ماڵەوە گیانیان لەدەست داوە و بەبێ دەنگی بەخاک دەسپێردرێن لەبەرئەوە لە ئاماری رەسمی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمار ناکرێن.

مەترسیەکە لێرەدایە، لە نزیکەوە ئاگادارم خاوەنی دوکان و مارکێت تووشبووی کۆرۆنان بەڵام بەردەوامن لە کارەکەیان و رۆژانە بەرکەوتنیان لەگەڵ سەدان کەس ھەیە، بە ھەمان شێوە فەرمانبەر و شۆفێری پاس و تاکسی و کرێکار و پیشەوەر بەگشتی خاوەن پیشە و کارە جیاکان تووشبون و بەھۆی کەمی نیشانە تێیاندا رۆژانە لە بازاڕی کار سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیانن ھەندێکیان بە بێ بەکارھێنانی دەمامک و خۆپارێزی دێن و دەچن، مەترسیە گەورەکە ئەوەیە رۆژانە بەریەککەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر خەڵک ھەیە بێگومان لەو ژمارەیە زۆرینەیان توشی ڤایرۆسەکە دەبن ، ئەمە وادەکات لە ھەفتەکانی داھاتوودا ژمارەی تووشبوان بۆ چەند ھێندە بەرزببێتەوە، ئەوەی کە ئێستا روودەدات بەشێکی زۆری پەیوەندی بە ھۆشیاری گشتییەوە ھەیە، دەبێت خەڵک ئەوەندە ھۆشیاری ھەبێت کەسێک کە تووشبووە یان ھەڵگری ڤایرۆسەکەیە رێگەبەخۆی نەدات تێکەڵی خەڵک ببێت و کەسانێکی زۆر تووشبکات کە بێگومان بەشێکیان خەڵکانی نەخۆش و بەتەمەنن و ئەگەری زۆرە ژیانیان رووبەرووی مەرگ ببێتەوە.

 لەم کاتەدا کە ڤایرۆسەکە وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە بڵاوبووەتەوە گرنگترین ھەنگاو کە پێویستە خەڵک لەبەرچاوی بگرێت ھۆشیاری گشتی تەندروستییە ئەویش چەند دەکرێت لەرێگەی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و بەریەککەوتن لەگەڵ کەسانی تر و کەمکردنەوەی سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتیەکان و بەکارھێنانی گواستنەوەی گشتی، چونکە دۆخەکە لەوە دەرچووە کە کۆرۆنا لەکوێ ھەیەو لە کوێ نیە ، ئێستا کۆرۆنا لەھەموو جێگەیەک ھەیە بەدڵنیاییەوە ئەچنە ھەر شوێنێک تووشبووی کۆرۆنای تێدایە، بۆ ئەوەی پارێزراو بن لەکاتی ناچاری چونەدەرەوەت بۆ شوێنی گشتی بەتەواوی پابەندی رێنماییەکان بن دەمامک لەبیر مەکەن پێش چونە نێو ماڵ و منداڵت چەند دەکرێت بە مەوادی پاککەرەوە خۆت پاکژبکەرەوە ئەمە دروسترین رێگەی خۆپارێزییە بۆ سەلامەتی خۆت و کەسانی دەوروبەرت وەک ئەوەی پزیشکەکان و ناوەندە تەندروستە جیھانییەکان دەیڵێن.

جگە لە مارکێت و بازاڕو شوێنە گشتیەکان ئێستا مەترسدارترین شوێن نەخۆشخانەو تاقیگەو نۆرینگە پزیشکییەکانن رۆژانە بەھەزاران تووشبوی کۆرۆنا بۆ چارەسەر و پشکنین دەچنە ئەو شوێنانە لەبەرئەوە ئەگەر گرفتێکی گەورەی تەندروستیت نیە مەچۆرە ئەو شوێنانە ، لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بەسەدان کەس نۆرەیان گرتووە بۆ  پشکنینی خوێن و تیشکی سنگ« سیتی سکان» زۆرینەیان تووشبون یان ئەوانەن کە گومانیان لە تووشبوونیان ھەیە ، ئەگەر تووشبووش نەبێت بەتەنیا چونت بۆ ئەو شوێنانە تەندروستی خۆت دەخەیتە مەترسیەوە و دوورنیە ببیت بەیەکێک لە توشبوانی کۆرۆنا.

لەم کاتەدا کە کۆرۆنا بەتەواوی تەشەنەی کردووە و ھەڕەشە لە ژیانی ھەزاران کەس دەکات لە ھەرێمی کوردستان بازاڕ و شوێنە گشتیەکان جمەیان دێت لە خەڵک، توشبونی نزیکەی ھەزار کەس و گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٣٠ کەس لە رۆژێکدا ئاماژەیەکی مەترسیدارەو پێویستە حکومەت بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی قوربانیانی کۆرۆنا رێکارەکانی خۆپارێزی توندتر بکات و بەکارھێنانی دەمامک بکات بەناچاری و لەپاڵ ئەوەدا رێگە لە قۆرخکاری بازاڕ  بگرێت کارێک بکرێت خەڵک بە نرخێکی گونجاو دەمامک و پێداویستیە پزیشکییەکانی دەست بکەوێت ، ئەمە وەک سادەترین و گرنگترین رێگەی خۆپارێزی لەم کاتەدا زۆر گرنگە. 

ئەوانەی کە بەتەنگ تەندروستی و  بەزیندو مانەوەی خۆیان و کەسە نزیکەکانیانن، ئێوە گوێ بەوانە مەدەن کە خەمساردن و ئامادەنین پابەندبن و رەنگە تا ئێستاش بڕوایان بە کۆرۆنا نەبێت ، ئەوەی کە پێویستە ھەموو تاکێک لەبەرچاوی بگرێت و کاری بۆ بکات ھۆشیاری گشتیە، گرنگە ئاستی ھۆشیاریمان ئەوەندە بەرزبێت ژیانی خۆمان و دەوروبەرمان بەتەواوی بپارێزین و ھێندەی گەورەی مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە لە ئاستێکی بەرزدا خۆمانی لێ بەدوور بگرین، ھەمیشە ئەوە بکەن کە سودی خۆتان و بەرژەوەندی گشتی تێدایە ، لەم کاتەدا کە دووبارە کۆرۆنا  بێ بەزەییانە دەستی ناوەتە ھەناوی خەڵک بەرپرسیارێتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە رێکارەکانی خۆپارێزی توندتر بکاتەوە و لە خەمی پاراستنی ژیان و تەندروستی گشتیدا بێت، خودا پشت و پەنا بێت و ھەموو لایەک پارێزراو بکات.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی