لەسەر شەقامێکی سەرەکی نیویۆرک، سواڵکەرێک لەسەر پارچە مقەبایەک ئەم دێڕەی نوسیوەو سەرنجی خەڵکی بۆخۆی ڕاکێشاوە (ئەگەر پارەم پێنەدەی، دەنگ بەدۆناڵد ترامپ دەدەم)، ئەم وێنەیە ڕەنگە لەناوەڕۆکدا سادەو ئاسایی دەربکەوێ، بەڵام لەناوەخدا جۆێک لەڕاستی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووەو حیکمەتێک لەنوسینی ئەم دروشمەدا هەیە.
یەکەم: بەو مانایە دێت زۆرینەی خەڵک لەوشارەو زۆرینەی ئەوانەی بەشەقامەکەدا دەڕۆن دەنگدەری ترامپ نینو دەیەوێ زۆرترین پارە بەوە پەیدا بکا کە سۆزی ئەو خەڵکە بۆلای خۆی ڕابکێشێ کە دەنگ بەدۆناڵد ترامپ نادەن.
دوەم: دەسەڵاتی ئەمریکا لەماوەی ئەم چوارساڵەدا ئیشکالی گەورەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوەو دۆتاڵد ترامپ مۆدێلێکی خراپی حوکمڕانی بوو لەسەر ئاستی ئەمریکاو جیهان. ئەم چوارساڵەی ترامپ سومعەی ئەمریکای وەک گەورەترین بلۆکی سیاسی لەجیهاندا بەجۆرێک لەکەدارکرد کە لەمێژووی سەرکردەکانی ئەمریکا سەرکردەی وەک ترامپ گاڵتەجاڕی بەخۆوە نەبینیوە.
مۆدێلی حوکمڕانی ترامپ لەم چوارساڵەدا چەندین قەیرانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو چەندین تێبینی لەسەر ترامپ دروستبوو کە لەماوەی ئەم چوارساڵەدا بۆ گەلی ئەمریکا جۆرێک سەریەشەی دروستکرد لەوانە:
یەکەم: لەسەر ئاستی ناوخۆیی قەیرانی ئابوریو هەلی کارو کێشەی بێکاریو باج زۆر زیادیکردو ئەم چوارساڵە بۆ ئەمریکیەکان زۆر سەختبوو.
دووەم: هاتنی نەخۆشی کۆرۆنا بۆ ئەو وڵاتەو چارەسەرنەکردنی بۆ ئەمریکیەکان سەخت بوو زۆرێک بەلاوازی دەسەڵاتی ترامپی دەدەنە قەڵەم.
سێیەم: وێنەی ترامپ لەکۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکانداو جیاوازی قسەکانیو ڕەفتاری لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان بۆ خەڵکی ئەمریکا سەختبوو بەوەی کە ناکرێ کەلتوری ئەمریکی ئەمجۆرە لەسەرکردە بەرهەمبێنێ.
چوارەم: کوشتنی جۆرج فلۆید وەک ڕەشپێستێکی ئەمریکی لەلایەن پۆلیسێکەوە لەمساڵدا، ناڕەزایی گەورەی بەدوای خۆیداهێناو ئەمەش بەتۆخکردنەوەی ڕەگەزپەرستی لەئەمریکا نیشاندراو دەسەڵاتی ترامپ وەک سەرکۆکی ئەمریکا لەم نێوەندەدا بەلاواز بینرا.
پێنجەم: مەسەلەی پەنابەرانو ڕۆڵی ترامپ لەم نێوەندەدا شایەنی ڕەخنەو لەسەر وەستان بوو.
بۆیە چوارساڵی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ تەواو سەختبوو بۆ ئەمریکیەکانو هەر چۆنێک بێت پڕبوو لەهەڵبەزو دابەزو پڕبوو لەناڕەزایی، کەلتوری ترامپ بۆ ئەمریکیەکان گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا چۆن لەسەر ئەم کەلتورە بەردەوامدەبن یان دەنگی ترو مۆدێلی ترو کەلتورێکی تر تاقیدەکەنەوە کە ئەویش سەرکردەیەکی ترە بۆ ئەمریکا.
عەزیز ڕەئووف
ڕۆژنامەنوسی فریلانسو هەڵبژدراوی The Foreign Press Centers بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی