تەکەتول، چی بۆ کردین و چی پێکردین

16/10/2020

هەژار سدیق


پێویستە خەڵکی دڵسۆزو کادیری ژیرو ڕەوشت بەرزی هێزە سیاسیەکان ، تێبگەن کەتەکەتول ، لەهەموو ڤایرۆسە کوشندەکانی دنیا، بەکۆڕۆناشەوە، ناگەنە ئاستی ڤایرۆسی تەکەتول و کلك لێکگرێدانی ناو هێزە سیاسیەکان.
بێگومان ئەمە کاری زانکۆکانی کوردستان بووە، کەکوردەواری و هێزە سیاسیەکانی ، لەم ڤایرۆسە مەترسیدارە وشیار بکەنەوە، بەڵام بەناو زانکۆمان هەیە، بەڵام، لەبنەڕەتدا بێ ناوەڕۆك.
چونکە تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانکۆکانی کوردستان نەبۆتە سەردێڕی هەواڵی میدیاکان و قسەوباسی خەڵك، زانکۆکان تەنیا کاریان بەخشینەوەی بڕوانامەیە، بۆ دامەزراندن و فێرکردنی هەوەنتەخۆری.
دەبوایە، لەدوای توێژینەوەکانیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاو و خاك و خۆراك و پێشخستنی پیشەسازی و بوارەکانی دیکەی ژیان، دەبوایە زانکۆکانی کوردستان، هەڵوەستەیان لەسەر کلتوری قێزەوونی تەکەتولی ناو هێزە سیاسیەکان، بکردایەو مەترسیەکانیان، بەتوێژینەوە  بۆخەڵك و سیاسیەکان ڕوون کردبایەوە.
تەکەتول وەك ڤایرۆسێکی مەترسیدار، ئینتیمای نیشتمانیی و دیسپلین و ڕەوشتی حزبایەتی لەڕەگەوە هەڵتەکاندووە، پێشبڕکێیانە بۆ پڕکردنی گیرفانیان و بەدەستهێنانی زیاتری نانی چەور.
یەکەمجار ئەم ڤایرۆسە دووچاری حزبی شیوعی بووە، بەهەردوو باڵی عیراقی و کوردستانی، دوای هەڵتەکاندنی حزبی شیوعی، تەکەتولچیەکانی ئەم حزبە ، سەنگەرەکانیان گواستەوە ناو ڕیزەکانی ی.ن.ك و پ.د.ك، ڕۆڵی بەرچاویشیان گێڕا، لەهەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و جنێو و قسەی نەشیاویان خستەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان.
دوای حزبی شیوعی، ڤایرۆسی تەکەتول، دووچاری یەکێتیی بۆوە، ئەنجامی ململانێی تەکەتول، یەکێتیی کردە دوو پارچە، بەم هۆیەوە، بەڵانسی هێزی لەکوردستان تێکشکاندو پارتی کردە هێزی پلە یەك، بەڵام پارتی، نەیتوانی هەلی پەرتەوازەیی نێو یەکێتیی و حزبی شیوعی بۆ بەرژەوەندی خۆی و داهاتووی هەرێمی کوردستان بقۆزێتەوە، ئەوەندە لەخۆبایی بوو، جارێکیان پەرتەوازەیی حزبی شیوعی بۆ شەڕی ناوخۆ قۆستەوەو هی یەکێتییشی بۆ شەڕی نێوان شیعەو سوننەو قوماری ڕیفراندۆم بەکارهێنا.
ئێستا پارتیش تووشی هەمان ڤایرۆسی تەکەتول بووە، بەڵام تەکەتولی نێو پارتی لەهەموو تەکەتولەکانی دیکە مەترسیدارترو وێرانکەرترەو باجەکەشی بۆسەر ژیانی خەڵك قورستر دەبێت، چونکە لەسەر زاری ئاستەجیاجیاکانیاندا، نکۆڵی لەبوونی تەکەتول دەکەن. نکۆڵیکردن لەڤایرۆسی تەکەتول، واتا لەدەست دەرچووەو ناتوانن ڕێگە لەگەشەکردنی بگرن.
ئەوکاتەی پارتی دان بەبوونی تەکەتولی نێوخۆی دادەنێت، ڕاستکردنەوەی ئاسان نابێت ، لەساڵی 2012 ەوە نەفەسی هەردوو تەکەتولی نێو پارتی بەئاشکرا دیارەو هەستی پێدەکرێت، بەتایبەت لەدوای داخستنی پەرلەمان و تۆخکردنەوەی سنوری دێگەڵەو پردێ و ڕێگەگرتن لەکۆسرەت ڕەسول علی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، و چەند لێپرسراوێکی دیکەی یەکێتیی نیشانی دەدات کەتەکەتولێکی نێو پارتی هیچ باکی بەیەکڕیزی نێو ماڵی کوردی نیەو هەموو جارێکیش تەکەتولەکەی دیکە، کێشەکانی چارەکردووە.
بێگومان ئەم قەیرانی ئابوریەش، یەکێکە لەدەرهاوێشتەکانی نێو تەکەتولی پارتی، بۆیە هیچ ئاسۆیەك بەدی ناکرێت بۆ تێپەڕاندن و دەربازبوون لێی، هەروەها لەڕێکەوتن و ڕێککنەوتن لەگەڵ بەغداو دۆسیەی نەوت و گازیشدا، هۆکارەکەی تەکەتولە، کەمەترسیەکانی بەردەوام لەهەڵکشان دایە.
بەکوردی و بەکورتی تەکەتولی نێو پارتی مەترسیدارترینە، ئەگەر ململانێیەکان بەردەوام بن و دەرس و پەند لەهەڵەی تەکەتولچیەکانی حزبی شیوعی و یەکێتیی وەرنەگرن، تەکەتولی نێو پارتی کۆتایی بەقەوارەی هەرێمی کوردستان دێنێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە