داگیرکاری لە بەرگی دەستووردا و مێژوویەک کە خۆی تەسلیم ناکات

22 خولەک پێش ئێستا

فوئاد سدیق


   ستەمکاری لە مێژوودا هەرگیز بۆ ماوەیەکی درێژ بە رووتی نامێنێتەوە. زەبر کە دەیەوێت بەردەوام بێت، ناچارە خۆی وەربگێڕێتە سەر زمانی یاساو، شمشێر کە دەیەوێت ببێتە سیستەم، ناچارە بچێتە ناو دەق. لێرەوە هزری سیاسی لە هۆبزەوە تا والتەر بنیامین، ئەو راستییەی ئاشکرا کردووە کە توندوتیژی تەنها لە ساتی شەڕدا ئامادە نییە، بەڵکو لە ناو خودی یاسادا نیشتەجێ دەبێت، جارێک وەک زەبرێک کە یاسا دادەنێت و، جارێکی دیکە وەک زەبرێک کە یاسا دەپارێزێت. دەوڵەتی ناوەندگەرا بە تایبەتی لە قۆناخی گوازتنەوەدا، کاتێک هێشتا نە توانای سڕینەوەی ئاشکرای هەیە و نە ئامادەیە دان بە هاوبەشیی راستەقینەدا بنێت، روو لە پۆشاکی یاسایی و دامەزراوەیی دەکات تا زەبری سیاسی وەک جێبەجێکردنی یاساو، داپڵۆسین وەک پاراستنی سەروەری نیشان بدات. ئەمە ئەو ساتەیە کە ستەمکاری لە سەربازگەوە دەگوازرێتەوە بۆ دادگاو، لە فەرمانی سەربازییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بڕیاری دەستووری، بێ ئەوەی جەوهەرەکەی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا بێت.
  ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەقڵیەتی دەسەڵاتداریی بەغدادا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەبینرێت، دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو درێژکراوەی هەمان مێژووی ناوەندگەرایییە کە تەنها بیانوو و ئامرازەکانی دەگۆڕێت و، ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی دەهێڵێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٧دا ریفراندۆم کرایە بیانووی سزادانی بەکۆمەڵ و سەپاندنی هێز و، ئەمڕۆ چەمکی جێبەجێکردنی دەستوور کراوەتە داپۆشینێکی تیۆری بۆ هەمان گورزی سیاسی. بیانووەکە دەگۆڕێت، بەڵام رەگەکە هەمان ئەو رەگەیە کە دەڵێت: ناوەند بوونی کورد حاڵەتێکی نائاساییە کە دەبێت کۆنترۆڵ بکرێت، نەک هاوبەشێک کە دەبێت دانی پێدا بنرێت. ئەوەی لە نێوان ٢٠١٧ و ئەمڕۆدا گۆڕاوە، شێوازی دەربڕینی ستەمە، نەک ستەم خۆی، چونکە ئەقڵیەتێک کە دوێنێ بە تانک قسەی دەکرد، ئەمڕۆ بە مادەی دەستووری قسە دەکات و، هەردوو زمانەکەش یەک رستە دەڵێن: سەروەری تەنها بۆ ناوەندە.
   لە رووی تیۆری یاساییەوە، دەستوور پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر و یەکپارچەیە و، ناکرێت وەک خوانێکی کراوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە هەر لایەنێک ئەوەی پێی خۆشە لێی هەڵبگرێت. لە هزری لۆک و رۆسۆدا، پەیمان بەشبەش ناکرێت، ئەوەی بەندێکی پەیمان دەشکێنێت، تەواوی پەیمانەکە دەشکێنێت و، ئەوەی تەنها ئەو بەندانە هەڵدەبژێرێت کە دەسەڵاتی فراوان دەکەن و ئەوانەی پشتگوێ دەخات کە مافی پێکهاتەکان دەپارێزن، پەیمان جێبەجێ ناکات، بەڵکو لەتوپەتی دەکات. لێرەدا دەستوور لە پێوەری دادپەروەرییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازی هەژموون و، ئەمەیە ئەوەی دەتوانین ناوی بنێین دەستووربژێری: هەڵبژاردنی دەق بە پێی بەرژەوەندی، نەک ملکەچبوون بۆ دەق بە پێی ئەرک. کارل شمیت دەڵێت سەروەر ئەو کەسەیە کە لەسەر حاڵەتی نائاسایی بڕیار دەدات و، بەغدا ئەمڕۆ ئەو کەسەیە کە بڕیار دەدات کام مادە زیندوو بێت و کام مادە بمرێت، واتە خۆی لە سەرووی دەستوورەوە دادەنێت، نەک لە ژێریدا. ئەو دەسەڵاتەی ئەمە دەکات، جێبەجێکاری دەستوور نییە، بەڵکو دانەری حاڵەتی نائاسایییە بە ناوی دەستوورەوە.
  نە حکومەتی هەرێم و نە هیچ هێزێکی سیاسیی کوردستانی دژی جێبەجێکردنی دەستوور نەبوون و، کورد خۆی یەکێک بوو لە نووسەرانی ئەو پەیمانە و، دەنگی بۆ دا بە هیوای ئەوەی ببێتە کۆتایی سەدەیەک لە سڕینەوە. بەڵام دژیەکییە ئەقڵانییەکە لێرەدایە: چۆن دەکرێت دەسەڵاتێکی ناوەندی کە ئەمڕۆ عەلی زەیدی نوێنەرایەتیی دەکات، لە پەراوێزی سەرۆک کۆمارێکی بێدەسەڵات و لاوازدا، داوای جێبەجێکردنی دەستوور بکات، لە کاتێکدا خۆی کرۆکی پەیمانە دەستوورییەکەی لەکارخستووە؟ لە ئەخلاقی پەیماندا، ئەوەی پەیمان دەشکێنێت، مافی داواکردنی جێبەجێکردنی لە دەست دەدات و، داواکاریی جێبەجێکردن لە زاری پەیمانشکێنەوە، داواکاری نییە، بەڵکو فەرمانە.  ئاخر کاتێک عێراقی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەسەر کەلاوەکانی رژێمی بەعس دامەزرایەوە، بنەمای شەرعییەتی ئەم دەوڵەتە لەسەر نکۆڵیکردن لە ستەمی رابردوو و، قەرەبووکردنەوەی جینۆساید و، هەڵوەشاندنەوەی گۆڕینی دیمۆگرافی بونیاد نرا. دەوڵەتێک کە لەسەر پچڕانی مێژوویی دادەمەزرێت، دەبێت ئەو پچڕانە لە واقیعدا بسەلمێنێت، نەک تەنها لە دەقداو، شوێنی سەلماندنیشی خاکە، کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانە، ئەو شوێنانەی کە بەعس تێیاندا مرۆڤی لە زەوی هەڵکەند و زەویشی لە مێژوو هەڵکەند. لەو چوارچێوەیەدا مادەی ١٤٠ تەنها بڕگەیەکی تەکنیکیی ناو دەقێکی یاسایی نەبوو، بەڵکو رۆحی دەستوور و دیارترین و زەقترین مادەی ناو پەیمانە نوێیەکە بوو، ئەو مادەیەی کە لە کاتی نووسینەوەیدا زۆرترین مشتومڕی هزری و سیاسیی لەسەر کرا، چونکە پێوانەی راستەقینەی یەکبوون و شەراکەتی عێراقی نوێ بوو. ئەم مادەیە تاقیگەی ئەو پرسیارە بوو کە ئایا عێراقی دوای بەعس لەگەڵ رابردوودا پچڕاوە، یان تەنها روخساری گۆڕیوە؟ ئەگەر دادپەروەریی گوازتنەوە نەتوانێت برینی ئەنفال و تەعریب ساڕێژ بکات، ئەوا گوازتنەوەکە خۆی گوازتنەوەیەکی درۆینەیە، گوازتنەوەی دەسەڵاتە لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی دیکە، نەک گوازتنەوە لە ستەمەوە بۆ داد.
 پێشێلکردنی بەردەوامی مادەی ١٤٠ بە درێژایی زیاتر لە دوو دەیە، دواخستنێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە کە بە زمانی دواخستن دەربڕاوە. لێرەدا کات خۆی دەبێتە چەک، ئەو ماوەیەی دەستوور دیاری کردبوو تێپەڕێنراو، ئەو کاتەی دەبوو بۆ چارەسەر بێت، کرایە کاتی چەسپاندنی واقیعی سەپێنراو. ئەمە لە رووی دەروونییەوە پەیامێکی روون دەداتە هۆشیاریی بەکۆمەڵی کورد ئەویش ئەوەیە: ناوەند هەرگیز وەک هاوبەشێکی یەکسان سەیری کوردی نەکردووە و، نایشیکات، بەڵکو فیدراڵیزمی وەک ئاگربەستێکی کاتی قبووڵ کردووە، تا ئەو کاتەی هاوسەنگیی هێز بە لای خۆیدا دەشکێتەوە. جیاوازیی نێوان فیدراڵیزم وەک پەیمان و فیدراڵیزم وەک ئاگربەست، جیاوازیی نێوان دوو بوونناسیی سیاسییە، لە یەکەمیاندا ئەویدی بوونێکی هاوتایە و، لە دووەمیاندا ئەویدی کێشەیەکی هەڵپەسێردراوە کە چاوەڕێی ساتی گونجاو دەکات بۆ ئەوەی بە هێز یەکلا بکرێتەوە. هەر بۆیە داواکاریی جێبەجێکردنی دەستوور بەبێ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، بەتاڵکردنەوەی دەستوورە لە ناوەڕۆکە ئەخلاقی و مێژووییەکەی، جەستەیەکە کە رۆحی لێ دەرهێنراوە و، دواتر داوا دەکرێت وەک زیندوو رێزی لێ بگیرێت.
  لە هەر سیستەمێکی فیدراڵیی تەندروستدا، دادگای باڵای دەستووری لایەنی سێیەمە کە لە نێوان ناوەند و هەرێمەکاندا دەوەستێت، پاسەوانی بێلایەنی هاوسەنگییە، نەک درێژکراوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. مۆنتێسکیۆ پێش دوو سەدە و نیو گوتبووی کە ئازادی بوونی نییە ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن جیا نەکرێتەوە. بەڵام دادگای فیدراڵیی عێراق لە دوو رەهەندی قووڵەوە تووشی داڕمانی شەرعییەت بووە. رەهەندی یەکەم پێوەندیی بە بنچینەی بوونییەوە هەیە: ئەم دامەزراوەیە لە دەرەوەی رێوشوێن و پێکهاتەی تەواوی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ و رێککەوتنی فیدراڵی پێکهێنراوە و، ئەو یاسایەی کە دەستوور خۆی بۆ پێکهێنانی داوای کردبوو، هەرگیز بەو کۆدەنگییەی کە پەیمانە فیدراڵییەکە دەیخواست دەرنەچووە، واتە دادگاکە لە ئەسڵدا لە بۆشاییەکی دەستووریدا لەدایک بووە و، دامەزراوەیەک کە شەرعییەتی بوونی خۆی کەموکووڕە، ناتوانێت شەرعییەت ببەخشێتە بڕیارەکانی. رەهەندی دووەم پێوەندیی بە کارکردنییەوە هەیە، لە بری ئەوەی نوێنەرایەتیی بێلایەنیی یاسا بکات، بۆتە ئامراز و بووکەڵەیەکی سیاسی بە دەست هەژموونی مەزهەبگەرایی سیاسیی شیعەی عێراقەوە. کاتێک دەسەڵاتی دادوەری دەبێتە پاسەوانی بەرژەوەندییە تائیفی و ناوەندگەراکان، بێگومان دادگا وەک سەرچاوەی دادپەروەری کار ناکات، بەڵکو دەبێتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی بڕیاری سیاسی لە بەرگی یاساییداو، دادوەر دەبێتە وەرگێڕی ئیرادەی دەسەڵات بۆ زمانی مادە و بڕگە.
  سەپاندنی بڕیارە چارەنووسسازەکان بەسەر نەتەوەیەکی سەرەکیدا لە رێگای زۆرینەی ئەندامانی دادگاوە، شێوەیەکە لە ستەمکاریی زۆرینە، ئەو ستەمەی کە تۆکڤیل لە سەدەی نۆزدەدا وەک مەترسیدارترین نەخۆشیی دیموکراسی ناساندی و، جۆن ستیوارت میل وەک ستەمێکی قووڵتر لە ستەمی تاکەکەس وەسفی کرد، چونکە بە ناوی خەڵکەوە دەکرێت و، بە دەنگی ژمارە خۆی رەوا دەکات. فیدراڵیزم بە تەواوی بۆ ئەوە داهێنرا کە چارەنووسی نەتەوەکان نەبێتە قوربانیی هاوکێشەی ژمارەیی و، وەک ئەوەی ئارێند لایپهارت لە تیۆری دیموکراسیی هاوبەشیدا دەریخستووە، لە کۆمەڵگا دابەشبووەکاندا حوکمی زۆرینە بەبێ مافی ڤیتۆی دوولایەنە، دیموکراسی نییە، بەڵکو زاڵبوونێکی هەمیشەیی زۆرینەیە بەسەر کەمینەدا کە پۆشاکی هەڵبژاردنی لەبەر کردووە. ژمارە دەتوانێت حکومەت پێک بهێنێت، بەڵام ناتوانێت نەتەوەیەک هەڵبوەشێنێتەوە و، ئەو کاتەی ژمارە دەکرێتە پێوەری چارەنووسی نەتەوەیەک، فیدراڵیزم لە پەیمانی بوونەکانەوە دەگۆڕێت بۆ دەزگای توانەوە.
  کەواتە مانەوەی نوێنەرانی پێکهاتەیەکی ستەملێکراوی وەک کورد لە ناو دامەزراوەیەکدا کە بڕیارەکانی پێشوەختە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان دادەڕێژرێن، شێوەیەکە لە شەرعییەتدانی خۆبەخشانە بە ستەم. ئێتیەن دۆ لابۆسی لە سەدەی شازدە نهێنیی ستەمکاریی لەوەدا دۆزییەوە کە ستەمکار هێزی خۆی لە ملکەچیی خۆبەخشانەی ئەوانەوە وەردەگرێت کە ستەمیان لێ دەکرێت و، ئەگەر ئەوان دەست لە پاڵپشتیکردنی هەڵبگرن، وەک پەیکەرێک کە بنکەکەی لە ژێر دەکێشرێتەوە دەڕووخێت. بوونی نوێنەرانی کورد لە حکومەتی عێراق و بە تایبەتی لە ناو دادگای فیدراڵیدا، کاتێک تەنها رازاندنەوەیەکی رواڵەتییە، گەورەترین خزمەتی بە پرۆژەی ناوەندگەرایی کردووە، چونکە وێنەیەکی ساختەی بەشداری نیشانی جیهان دەدات، لە کاتێکدا بڕیارەکان دژی مافی بوونی کورد دەردەچن. لێرەدا ئامادەبوون دەبێتە شێوەیەک لە ونبوون، جەستە لە ناو دامەزراوەکەدایە، بەڵام ئیرادە لێی دوورخراوەتەوە و، ئیمزای کورد لە پەراوێزی بڕیارێکدا دادەنرێت کە بوونی کورد دەسڕێتەوە. بە واتایەکی روونتر، نابێت کورد ببێتە ئەو دەستەی کە رووی دادگایەک سپی دەکاتەوە کە بە ئەقڵیەتی زۆرینە و کەمینە بڕیار بەسەر نەتەوەیەکدا دەسەپێنێت، چونکە ئەوەی رووی ستەم سپی دەکاتەوە، هاوبەشی ستەمەکەیە، هەرچەندە خۆی قوربانییەکەی بێت. نەتەوە بە ژمارە ناپێورێت و، مافی بوون نە دەخرێتە دەنگدانەوە و نە بە زۆرینە هەڵدەوەشێتەوە.
  پرسیارە ئەقڵانییەکە لێرەدا رووبەڕووی حکومەتی هەرێم و هەردوو هێزی سەرەکی، پارتی و یەکێتی، دەبێتەوە، چۆن دەکرێت سیستەمێک قبووڵ بکرێت کە بە ناوی زۆرینەوە هەموو بڕیارێک بەسەر نەتەوەیەکدا بسەپێنێت؟ ئەقڵانییەتی سیاسی دەخوازێت سەرکردایەتیی کورد دوو هەنگاوی هاوتەریب بگرێتە بەر. هەنگاوی یەکەم دیپلۆماسییە، دەبێت لە دەرگای تەواوی ئەو هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیانە بدات کە ئەمڕۆ لە پێناو وەهمی سەقامگیریدا پشتیوانی لە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز دەکەن و، راستیی ئەوەیان بۆ روون بکاتەوە کە ناوەندگەرایی لە عێراقدا سەرچاوەی تەقینەوەیە، نەک سەقامگیری. سەدەیەک لە مێژووی ئەم دەوڵەتە بەڵگەی ئەم راستییەیە: هەر جارێک ناوەند بەهێز بووە، کورد سەرکوت کراوە و، هەر جارێک کورد سەرکوت کراوە، دەوڵەت خۆی بەرەو داڕمان چووە. سەقامگیرییەک کە لەسەر خنکاندنی نەتەوەیەک بونیاد بنرێت، بێدەنگییەکی کاتییە پێش تەقینەوە، نەک ئاشتی. هەنگاوی دووەم دامەزراوەییە و، لێرەدا هیچ نێوەندێک نییە: یان کورد بە یەکجاری ماڵئاوایی لەو دادگایە دەکات و نوێنەرەکانی دەکشێنێتەوە، تاوەکو رووی راستەقینەی تاکڕەوییەکەی بۆ هەمووان ئاشکرا ببێت و، دامەزراوەکە بە رووتی لە بەردەم جیهاندا بوەستێت، یان دەبێت دادگایەکی باڵای وەها بونیاد بنرێت کە کورد تێیدا مافی ڤیتۆی هەبێت لە هەموو پرسە نەتەوەیی و دەستوورییەکاندا. ئەوەی لە دەرەوەی ئەم دوو رێگایەدا بمێنێتەوە، خۆی دەخاتە ناو ئاشێکەوە کە تەنها بۆ هاڕینی ئەو دانراوە، چونکە کوردێک کە لە ناو ئەو دادگایەدا مافی ڤیتۆی نییە، گرگان خواردوو دەکرێت و دەیکەنە ئاردی ناو دڕک، ئاردێک کە نە کۆ دەکرێتەوە و نە دەبێتە نان. ئەوەی نە دەتوانێت رێگری بکات و نە دەکشێتەوە، تەنها شایەتێکی بێدەنگە بەسەر سڕینەوەی خۆیدا.
  ئەگەر بەغدا وا تێبگات کە لاوازییە ناوخۆییەکانی کوردستان رێگا خۆش دەکەن بۆ گەڕانەوەی چەکی قورس و زرێپۆشەکانی بۆ ناو خاکی هەرێم، ئەوا لە خوێندنەوەی دەروونناسیی کۆمەڵگای کوردیدا تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە. لە کۆمەڵناسیی مێژووییدا، گەندەڵی دیاردەیەکی جیهانی و هاوڕێی کۆنی مرۆڤایەتییە، هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ئەمڕۆ و، هیچ کیانێکی سیاسی، چ دەوڵەت بێت و چ هەرێم، لێی بەدەر نییە. بوونی گەندەڵی لە ناو هەر کیانێکدا پێویستی بە رەخنە و چاکسازیی ناوخۆیی هەیە و، رەخنە لێرەدا ئەرکی ئەخلاقیی هەر کەسایەتییەکە کە ماڵەکەی خۆی خۆشدەوێت. بەڵام تێکەڵکردنی رەخنەی ناوخۆیی لە گەندەڵی لەگەڵ تەسلیمبوونی نیشتمانی، هەڵەیەکی فەلسەفیی کوشندەیە، چونکە ئاستی کارگێڕی و ئاستی بوون تێکەڵ دەکات. ئەوەی رەخنە لە ماڵەکەی خۆی دەگرێت، دەیەوێت ماڵەکە چاک بکات، نەک کلیلەکەی بداتە دەستی ئەوەی دەیەوێت بیڕووخێنێت. رەخنە لە ناوەوە سەر بە کایەی چاکسازییە و، تەسلیمبوون بە دەرەوە سەر بە کایەی نەمانە و، ئەوەی ئەم دوو کایەیە لێک جیا ناکاتەوە، نە لە رەخنە تێگەیشتووە و نە لە نیشتمان.
  قەیرانی کارگێڕی یان گەندەڵیی ناوخۆیی هەرگیز بەو واتایە نییە کە کۆمەڵگایەک ماڵی خۆی و کەرامەتی وجودیی خۆی، کە بە خوێنی دەیان هەزار شەهید ئاودراوە، بخاتە بەردەستی دەسەڵاتێکی دەرەکی کە هەمان ئەقڵیەتی فاشی و سڕینەوەگەرای بەعسی هەڵگرتووە و، تەنها ناسنامەیەکی مەزهەبیی نوێی لەبەر کردووە. ئەقڵیەتی سڕینەوە ناسنامە دەگۆڕێت، بەڵام سروشت ناگۆڕێت، دوێنێ بە ناوی نەتەوەی عەرەبەوە بوو و، ئەمڕۆ بە ناوی مەزهەب و سەروەری و دەستوورەوەیە. ئەزموونی مێژوویی و هاوکێشە واقیعییەکان سەلماندوویانە کە هێنانی زرێپۆش بۆ ناو خاکی کوردستان پرۆسەیەکی ئاسان نییە. کورد بە گشتی و، حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی، لە ساتی هەڕەشەی وجودیدا دەچنە دۆخی بەرەنگاریی توندەوە و، رێگا نادەن بەبێ پێکدادانێکی سەخت و بەرگرییەکی قورس هیچ هێزێکی داگیرکەر و سەپێنەر پێ بخاتە ناو خاکی هەرێمەوە. ئەم راستییە لە یادەوەریی نزیکی جەنگیشدا نووسراوەتەوە: کاتێک پارتی لە شەڕی پردێدا، دوای ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧، ناوی تانکی ئەبرامزی خستە ناو مێژووی بەرەنگارییەوە، سەرکردە عێراقییەکان ئەو وانەیەیان فەرامۆش نەکردووە و، نایانەوێت جارێکی دیکە چەکێکی دیکەیان ببێتە نیشانەی شکست لە یادەوەریی بەرەنگاریی کورددا. ئاخر مێژوو خۆی تەسلیم ناکات.
  لێرەدایە کە بەرەنگاری لە ئاستی سیاسەتەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی بوونناسی. بەرەنگاری بۆ نەتەوەیەک کە تەواوی مێژووەکەی لە ململانێدا بووە دژی سڕینەوە، هەڵبژاردنێکی کاتی نییە کە لە ژوورێکی دانوستاندا بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵکو شێوازی بوونیەتی. سپینۆزا دەڵێت هەر بوونێک بە پێی توانای خۆی هەوڵ دەدات لە بوونی خۆیدا بەردەوام بێت و، ئەم هەوڵە جەوهەری خودی بوونەکەیە، نەک سیفەتێکی لاوەکی. نەتەوەیەکیش کە بە ئەنفال و هەڵەبجە و کۆڕەو و راگوازتنی بەزۆرەملێدا تێپەڕیوە، ئەم هەوڵەی لە سیاسەتەوە وەرنەگرتووە، بەڵکو لە خوێنی خۆیەوە وەریگرتووە. کاتێک ستەم پۆشاکی دەستوور لەبەر دەکات، بەرەنگاری دەبێت پۆشاکەکە دابماڵێت و، کاتێک دادگا دەبێتە کارگەی بڕیاری سیاسی، بەرەنگاری دەبێت ناوی راستەقینەی شتەکان بگەڕێنێتەوە، ستەم ستەمە، هەرچەندە بە زمانی یاسا قسە بکات و، داگیرکاری هەر داگیرکارییە، هەرچەندە بە ناوی سەروەرییەوە بێت. لە دوایین شیکردنەوەدا، بەرگری لە خاک و کەرامەت غەریزەی مانەوەی نەتەوەیەکە کە فێر بووە مێژوو بەخشین نییە، بەڵکو بەدەستهێنانە و، نەتەوەیەک کە خۆی بە دەستەوە نەدات، مێژووش خۆی بە دەستی ستەمکارانەوە نادات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی