۱٦ی ئۆکتۆبەر؛ چی خیانەتەو کێ خائینە؟

16/10/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

یەکەم/ پارتی لەهەر پرسێکدا بچێتە پەرلەمان دەڵێن ترسمان نییەو زۆرینەی پەرلەمانین، باشە خێرە لەڕووداوی ۱٦ی ئۆکتۆبەردا ئەم زۆرینە پەرلەمانییە ناخەنەگەڕو پرسەکە نابەنە پەرلەمان ؟ ئەگەر پارتی دڵنیابوایە ئەوەی کەرکوک خیانەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە دەمێک بوو لەپەرلەمانەوە کۆبوونەوەی بۆ ئەنجام درابوو. خێرە پارتی دانیشتنی پەرلەمانی بۆ لێوەرگرتنەوەی حەسانەی پەرلەمانی لەپەرلەمانتارێک ڕێکدەخات بەڵام بۆ خیانەتێکی وەک خەرکوک ڕێکی ناخات؟!
دووەم/ تاکو ئێستا تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوسەرۆکان و سەرکردایەتی یەکێتی داوای ئەوە دەکات ئەم پرسە ببرێتە پەرلەمان و (لاهور شێخ جەنگی) تەحەدا دەکات، ئەگەر پارتی وەڵامێکی بەڵگەداری بۆ لاهور شێخ جەنگی هەیە وەک ئەوەی یەکێتی بۆ ۳۱ی ئابی پارتی هەیەتی فەرموون پیشانی بدەن. پارتی ئەگەر بەڵگەی هەبوایە لەسەر خیانەتی یەکێتی ئەوا هەرگیز فەرمووی نەدەویست لەپیشاندانی بەڵگەکانی و دەمێک بوو ئاشکرای کردبوو، بەڵام چونکە سیناریۆکانی مایەپوچە جگە لە درۆ و تۆمەت هیچیتری بەدەستەوە نییە.
سێیەم/ تاکی وشیار دەبێت بپرسێت: کەرکوک بەکێ فرۆشراوە؟ یان خیانەت چۆنەو خیانەتکار کێیە؟
ئەی مەگەر ئەوەی دوێنێ پارتی ئیمزای ڕێککەوتنی شەنگالی لەگەڵ کرد هەر ئەو عێراقە نییە تاکو ئێستا مەسعود بارزانی خانەنشینییەکەی لێ وەردەگرێت؟ ئەوەی کەرکوک خیانەتە یان دەست تێکەڵکردن لەگەڵ داعش؟ یان فرۆشتنی هەولێرو دهۆک بەتورکیا؟ بەپێی دەستور عێراق بۆی هەیە سوپا بنێرێتە هەولێرو دهۆک و سلێمانیش، ئەی تورکیا بەچی بەڵگەو بیانوویەک هاتۆتە هەولێرو دهۆک، ئەگەر خیانەت و خۆفرۆشی و خاکفرۆشی نەبێت؟ دژایەتی هێزە ڕەسەنەکانی خۆرئاوا ئەگەر فرمانی عوسمانلییەکان نەبێت ئەدی چییە؟ 
چوارەم/ لەسێ ساڵەی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلالدا بارزانی نامەیەک بۆ بەڕێزان (قوباد تاڵەبانی)و (بافڵ تاڵەبانی) دەنێرێت و بە "برازا" ناویان دەبات، ئەگەرچی من دەزانم ئەم نامەیە مەرامی سیاسی و عورفی سیاسی و دیماکۆچیەتە! بەڵام خۆهەر دوێنێ و ۱٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردووبوو ئەم کوڕانە بەخاکفرۆش ناودەبران؟! ئەمە نیشانەی ئەوەیە پارتی "ڕاستی وەک داسە". 
پێنجەم/ کێشەی پارتی ئەوەیە لە گوتاردا شتێکەو لەکرداردا شتێکیتر. لەگوتاردا دژە بەعێراق بەڵام لەکرداردا چۆتەوە بەغداو شەڕی سەرۆککۆمار و وەزیرو پۆست دەکات و موچەی زۆری لەبەغدا دەوێت و بەقوڵایی ستراتیژی ناوی دەبات و ... هتد. سوێند بەهەرچی پیرۆزییە ڕاستترین سوێنێک بۆ یەکێتی خاکی عێراق خوراوە، سوێندخواردنی نوێنەرانی پارتییە لەبەغدا.
شەشەم/ هەموو کورد دەزانێت ڕاکردن و تێقوچاندن و خیانەت ئیشی کێیە و کێ دایهێناوە، ڤیدیۆکانی شەنگال و کەرکوکمان بینی سەربازەکانی پارتی چۆن ڕایانکرد. شەهیدەکانی یەکێتیشمان بینی هێنرایەوە بۆ کەس و کاریان.
حەوتەم/ مەسعود بارزانی لەوتارێکدا دەڵێت "ئامادەم خۆم بێمە کەرکوک و شەڕ بکەم"، کەرکوک وای بەسەر هات و بارزانی نەهاتە کەرکوک و شەڕی نەکردو لەپۆستەکەیشی دوورخرایەوە،  ئەمە باشترین بەڵگەیە قسەکانیتریشیان هیچی بناغەی دروستی نییە.
هەشتەم/ لەدوای سێ ساڵ، ئەمڕۆ کە یادی شانزەی ئۆکتۆبەرمان کردەوە، بەغدای موفلیس! موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووەو دابەش دەکرێت، ئەستەمە مرۆڤی ژیر بڕوا بەو هوتاف و قەوانە کۆنە سواوانەی پارتی بکات ئەگەر بەدزی و ئاشکرایش جارێکیتر دژی عێراق بێت.
نۆیەم/ هەموو داخی پارتی ئەوەیە پیلانەکەی تورکیا (ڕیفراندۆم) کە پارتی جێبەجێی دەکرد سەری نەگرت و پارتی شەرمەزاری لای تورکیا بوو. لەکاتێکدا ڕیفراندۆمی یەکەم شکستیهێنا لەهەمان کاتدا پارتی ئەو خەونەیشی نەهاتەدی ڕیفراندۆمی دووەم بکات و هەرێمی کوردستان بخرێتەسەر دەوڵەتی تورکیا و ئیدی هەرچی خۆیان و ئەردۆغان دەیانەوێت جێبەجێی بکەن و کەرکوک لەیەکێتی بسێننەوەو بیدەنەوە تورکیا، بۆیە تاکو پارتی ماوە بەم ئازارەوە دەتلێتەوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی