هەرێمی سلێمانی، هەنگاوی یەكەم بۆ هەستانەوە

20/10/2020

عەبدولڕەزاق شەریف


ئەم سێ حیزبە حوكمڕانەی ئێستای كوردستان، پارتی، یەكێتی‌و گۆڕان... هاوپەیمانەكانی پێشوتریشیان لەگوتار‌و حوكمڕانیدا، كارێكیان بەم هەرێمی كوردستانە كردوە، وەك ئەڵێن با بەدەواری شڕی نەكردبێ.

ئەو ڕاستییەی كە هەرلایەنێك بەپێی سەنگی بەشدارییەكەیی‌و وەختی خەتاكەی خەتم ئەكرێ، هیچ لەو هێزی تاوانكارییە ناگۆڕێ‌و كەمناكاتەوە كە ئەوان بەرامبەری خەڵكوخوای ئەم دەڤەرە كردویانە، بەهەموو یاسایەكی مرۆیی، بەشەرعی‌و عەشایەری‌و هەتا شەواریعی، تاوانكار‌و هاوڕێكەی، بێدەنگبوەكان لەتاوان‌و ئەوەشی ڕوی تاوانبار سپی ئەكاتەوە، گشت وەكو یەك بەر نەفرەت ئەكەون، ئێمەومانانیش كە رۆژێك گەر بەوشەیەكیش بەرگریمان لەو تاوانكارانە كردبێت، گەر داوای لێبوردن نەكەین، پشكێكمان هەر بەردەكەوێ.

تێكچونی تەونی كۆمەڵایەتی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی كۆمەڵی كوردەواری لەقۆناغێكی هێندە مەترسیداردایە، ئیتر قسەگەلی فڵان سەركردە چەتەیە‌و فڵان حیزب خەتایەتی‌و فڵان بنەماڵە مافیان‌و..هتد، هیچ سودێكی نەماوە، جگەلەوەی بەنزین بەو ماڵە سوتاوەی كوردا ئەكات هیچیتر نابەخشێ، كاتێك دەرفەت هەبوو بۆ چاكسازی كەس لەخەمیدا نەبوو كەس نەیكرد، كاتێك دەرگایەك بۆ گۆڕانكاری لەكۆی پرۆسەی حوكمڕانیدا كرایەوە، دایانخست‌و تێپەڕی، كاتێكیش لافاوێكی جەماوەریی بۆ ڕاماڵینی كۆی حیزبەكان هەڵسا، پیاوەكانی هەردوو قۆناغی چاكسازی‌و گۆڕانكاری بەتاك‌و بەكۆمەڵ تەسلیمبون، بون بەبەربەست، دواجار هەموو پێكەوە گەل‌و نیشتیمان تاوانبارئەكەن‌و بەپرەنسیپی ئەو قوڕە ئەو تۆزەی لێ هەڵئەسێ لۆمەكە بەسەر هەمواندا، ئەبەخشنەوە.

ئێ خۆ ڕەنگە هەندێ كەسی بێئاگا لەنوسەری ئەم دێڕانە بڵێ ئەی خۆشت لەگەڵیان نەبوی؟ 
ناچار بڵێم: بەڵێ لەژێر تۆپ‌و تەیارەی بەعسدا، لەبەرگری لەجینۆسایدكردنی میلەتەكەم، لەگەڵ زۆرێك لەپیاوە جوامێرەكانی میلەتەكەمدا، لەیەك سەنگەردا بوم، هەندێ لەم جڕوجانەوەرانەشمان لەتەكدا بون، ئێستاش زەمەن بگەڕێتەوە هەر هەمان ڕێگەی زیندان‌و شاخ‌و پێشمەرگایەتی هەڵەبژێرمەوە، بەڵام خۆ نوسینەكانم ماون‌و خۆشبەختانە یەك لەقەسیدەكانم سرودێكە‌و ساڵی 1992، دوای ڕاپەڕین‌و لەسەرەتای یەكەم كابینەی حكومەتدا، نوسیومە كە بەگومانم لەمانەوەی ئەو پیاوە خائینانە لەسەر كورسی حوكمداری‌و هەر ئەوكات داوادەكەم تۆڵەی خیانەتكردن لەشەهید‌و ئەنفالكراوو قوربانیەكانیان لێبكەنەوە، لەسەر ئەو گوتارەش چ بەكاری سیاسی یان بەنوسین‌و كاری ئەدەبی، بەردەوامبوم.

بەڵام ئێستاو ئیتر گرێی چارەسەركردنی كێشەكان، لەگەستنیش دەرچوە، هیچ حیزب‌و حكومدارێ‌ گوێ بەئایندەی كوردو مەسەلە ڕەواكەی نادا، هیچیان لەخەمی تێكچونی شیرازەی كۆمەڵ‌و ئاشتی كۆمەڵایەتیدا نین، بەڵكو بەبەرنامە كار بۆ زیاتر تێكدان‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەكەن.

بەشبەحاڵی خۆم نزیكەی چل ساڵە  كاری سیاسی ئەكەم‌و بەلێكدانەوە‌و لێكۆڵینەوەی هەمو ئەو مێژوە، ئێستاو ئایندە، لەگەڵ دەستەیەك لەهاوڕێكانماندا، گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی تەنیا چارەسەر كۆبونەوەی هەر شار‌و شارۆچكەیەكە بەكۆمەڵ‌و بەجیاواز، لەژێر سایەی فۆڕمێك یان فۆرمی جیاجیادا، رەنگە پێمان بڵێن ئەوە پەرتبون‌و دابەشبونە، ڕاستە وایە!، بەڵام  ئەبێ‌ دەسەڵات لەم هەرێمەدا پەرت‌‌و دابەشبكەین، بەڵام گەر ئەوە ڕونەداو هەر بازنەیەك بەپڕۆژەیەكی خۆماڵی لەم قۆناغەدا خۆی نەگرێتەوە، هەتا هەتایە ئەم میلەتە شیرازەی كۆمەڵایەتی یەكناگرێتەوەو مەسەلە ڕەواكەشی كە سەدان ساڵە قوربانی بۆ ئەدا، لەدەستئەدات‌و ئایندەشی نارون‌و نادیار ئەبێت.

بۆ ئەوكارە پیرۆزەش پڕۆژەیەكی دەستوریی یاساییمان پێشنیازكردوە كە بەدەنگی خەڵك ئەتوانین سەرەتا بەجیاكردنەوەی هەرێمی سلێمانی، هەرێمی كوردستان بكەین بەدوو هەرێمی سەربەخۆ لەعێراقدا، ئەو هەرێمەی جیائەبێتەوە ئەتوانێ‌ خۆی‌و لەناو خۆیدا بەپشتیوانی خەڵكی پسپۆڕو شارەزا پڕۆژەی سیاسی، ئیداری‌و كۆمەڵایەتی بۆ هەستانەوەو ڕێكخستنەوەی تواناكانی میلەتەكەمان بەئەنجام بگەیەنێ‌، وەك نمونەیەكی تەندروستی حكومڕانی بكرێ‌ بەوانەیەك پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان چاوی لێبكەن‌و لەناوخۆی هەرێمی پارێزگای سلێمانیشدا بەبەرنامەی دابەشكردنی دەسەڵات‌و گەڕاندنەوە بۆ رای خەڵكی ناوچە جیاجیاكان، خەڵك لای خۆیەوە شیرازەی خۆی بگرێتەوە دەست‌و لەخاڵێكی سەرەتاوە دەستپێبكەن، وەك دەڵێن لەهەنگاوی یەكەمەوە بەتوانای خەڵك هەزاران میل بۆ پێشەوە بڕۆین‌و گرنگترین تێشوی ڕێگەكەشمان دروست‌و راستی هەنگاوی یەكەممانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی