'برا گەورە' و چاودێریكردنی زانیاری

20/10/2020

شوان ئادەم

چاودێرییکردنی زانیارییە تایبەتییەکان؛ لەرێگەی لاساییکردنەوەی مۆدێلی «براگەورە» و گەڕاندنەوەی سانسۆری پێشوەخت و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ساختە و تۆقێنەر یاخود ھەڵکوتانەسەر ماڵی رەخنەگران و بێسەروشوێنکردنیان، درێژکراوەی مۆدێلێکی پۆلیسی دیکتاتۆرییە کە ئامانج لێی یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگە و نەھێشتنی جیاوازیی ھزریی و لغاوکردنی مافی زانین و سنوردارکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییە.

وەرچەرخان لەدیکتاتۆرییەتی حزبی بەعسی عەرەبیی عێراقییەوە بۆ دیموکراسییەتی حزبی نەتەوەیی کوردی عێراق؛ ناونیشانی ئەو قۆناغە راگوزەرە بوو کە کوردانی تورکیا و سوریا و ئێران تەماھی دووبارەکردنەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو ئەزموونە نوێیەیان دەکرد. ئەزموونێک کە بەداخەوە نە توانی پایەکانی دیکتاتۆرییەتی رابردوو بڕمێنێت، نە توانیشی رەنگی نوێی دیموکراسیی لەسەر پایەکان بنەخشێنێت، تەنانەت ھێشتا «بێدەنگبە؛ دار و دیوار گوێی ھەیە» لەگوێی گەورە و بچووکدا دەزرنگێتەوە!

ئەو مۆدێلە فەرمانڕەواییەی حەفتاساڵ لەمەوپێش جۆرج ئۆرێل لەرۆمانی ١٩٨٤دا پێشبینییکردبوو؛ ئێستا بەئاشکرا رەنگ و رووخساری راستەقینەی لەنێو ھەموو کایە و کەرتەکاندا دەرکەوتوون. لەھەر کۆمەڵگەیەکیشدا، یاخیبوونی کارەکتەرێکی بێزارکراو لەسیستمێکی تۆتالیتاری؛ بەبێ چاودێرییکردنی ٢٤ کاژێری دەستەڵاتی فەرمانڕەوا تێناپەڕێت. ھەربۆیە لەساتەوەختی بڵاوبوونەوەی چاپی ئینگلیزیی ئەو رۆمانەوە تاوەکو ئێستا؛ براگەورە (Big Brother) بووەتە دەستەواژەیەکی باو بۆ گوزارشتکردن لەھەر ھەوڵێک کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ چاودێرییکردنی بەکۆمەڵ بدرێت.

لەتوێژینەوەیەکییدا کە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکرایەوە، دانێل جەی پاوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە «برا گەورە» دەتوانێت چاودێریی ئێمە بکات. بەتایبەت لەم سەردەمە ئاڵۆزە دیجیتاڵییەی ئەمڕۆدا مەترسییەکان بۆ زۆرینەی خەڵک بریتیین لەبەزاندنی تایبەتمەندێتی (Privacy)، چاودێرییکردن (surveillance)، خراپ بەکارھێنانی داتاکان لەلایەن حکومەتەوە. لێرەشدا، «برا گەورە» وەک میتافۆڕێکی گریمانەیی ئاگادارکردنەوە بۆ چارەنووسی ئەو تەکنۆلۆژیا ھاوچەرخانە بەکارھاتووە، کە حکومەت بۆ ھێشتنەوەی دەستەڵاتی خۆی و کۆنترۆڵکردنی خەڵک سوودیان لێدەبینێت. ئەگەرچی دۆسییەکانی پەیوەست بەخراپ بەکارھێنانی داتا و چاودێرییکردن؛ لەئەدەبیاتی ئەکادیمیی و ئامرازەکانی راگەیاندنی جەماوەرییدا تازە نین، بەڵام ھەڕەشەیەکی ھەنوکەیی گەورەن. تەکنۆلۆژیا بەجۆرێک گەشەیسەندووە، ئێستا دیدگاکانی جۆرج ئۆرێل بۆ مۆدیلە تۆتالیتارییەکەی «برا گەورە»؛ لەخەیاڵەوە بوونەتە راستی. پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا؛ بەربەستەکانی پەیوەست بەکۆکردنەوە و چارەسەرکردنی داتاکانی ملیۆنان کەسی لەکاتی راستەقینەی ئێستادا سڕیوەتەوە (Power, ٢٠١٦).

رۆژ لەدوای رۆژ تێکشکاندنی بەربەستەکانی بەردەم زانیارییە تایبەتییەکان؛ دەبنە مەترسییەکی راستەقینە. ئێستا بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید_١٩ەوە؛ تاڕادەیەکی زۆر دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنە جیاوازەکانی مۆبایلی زیرەک لەزۆر وڵاتدا بووەتە ناچاری. کۆکردنەوەی داتاکانیش لەرێی ئەو ئەپڵیکەشنانەوە، ئەگەر بۆ ھەر شتێکی دیکەی جیاواز لە مەبەستی زانستیی و پزیشکیی بەکاربھێنرێت، ئەوا دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر مەترسییدار تایبەتمەندێتیی کەسەکان روبەڕوی ھەڕەشە بکاتەوە. ھەتائێستاش خەڵک لەرێی جوڵەکانی جەستەی و دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ چاودێریی دەکرێن. ئێستا و بۆیەکەمجار؛ زانیارییە پزیشکییەکانی ھەر کەسێک دەشێت بۆ کۆمپانیا نەناسراوەکان بنێرێن. لەو رێگەیەوە؛ دەتوانن لەنەخۆشییەکانی شەکرە و بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن یاخود ھەر کەسێک بە چشتێک ھەستیاریی ھەبێت دڵنیاببنەوە کە ئەوەش دەکرێت خراپ بەکاربھێنرێن، بەتایبەت لەو شوێنانەدا کە دیموکراسی لاوازە و خاوەن سیستمێکی دادوەریی بەھێز و سەربەخۆ نین.

ئەو وتووێژانە بەشێوەیەکی کردەیی لەناوەڕاستی نەوەدەکانەوە دەستیانپێکرد، کاتێک گابرێل بەیمان وەک توێژەرێکی زانکۆی حەیفا لەئیسرائیل دوای زنجیرە توێژینەوەیەکی چڕوپڕ؛ بۆی دەرکەوت کە ٩٠%ی ئەوانەی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا دادەمەزرێن، لەرێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییان پێوەکردوون. ئەوەش پاش خوێندنەوەیەکی وردی ئەو بابەتانەی کەسەکان خوێندویانەتەوە و ئەو ڤیدیۆیانەی کە بینویانن و چۆنییەتی گوزارشت لێکردنیان و جۆری ئەو پەیامانەی لەگەڵ خۆشەویستەکانیاندا ئاڵوگۆڕیان کردوون؛ بەھۆیەوە توێژەران توانیویانە وێنەیەکی وردیان لەسەر ئەو شتانە دەستکەوێت کە بەمێشکی گەنجەکاندا ھاتوون. زانینی ئەو جۆرە زانیاریانەش رێگەخۆشکەر بوون لەوەی کە بەچشێوەیک قەناعەتیان پێبھێنن و کاریگەریی بیرکردنەوەی توندڕەوانەیان لەسەر دابنێن. جۆن'ی جیھادی؛ یەکێک بوو لەئەندامانی داعش لەبەریتانیا، بەڤیدیۆکانی سەربڕین لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوبانگی دەرکرد(Shekhar, ٢٠٢٠).

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ یەکێکن لەو پەنجەرانەی لەرێییەوە چاودێریی زانیارییە تایبەتییەکانی کەسەکان دەکرێت و دواتریش دەتوانرێت بیروبۆچوونیان بەجۆرێک بگۆڕدرێت کە نەناسرێنەوە. بەتێپەڕبوونی کات، دوانگەی دیکەی ئەوتۆ پەیدادەبن کە ئاسانکاریی بۆ دەستوەردانە نێو ژیان و پانتایی تایبەتیی کەسەکان دەکات. ئێستا زانیارییە نھێنییەکان کەوتوونەتە دەستێکی ھەڵە و نەناسراو، ئەوەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ھەموو ھاوڵاتیانی وڵاتە دیموکراسییەکان دروستکردووە.

لەو چاودێرییکردن و خراپ بەکارھێنانەی زانیارییەکاندا؛ حکومەتە دیکتاتۆرییەکانیش لەکێبرکێی زووتر دەستخستنی تەکنۆلۆژیای نوێدان بۆ چاودێرییکردن و دەستەمۆکردنی ھاوڵاتیانیان تاوەکو رێگە لەھەر دەنگێکی نەشاز بگرن کە بەئاوازی باوی فەرمانڕەوایی ئەوان ھەڵناپەڕێت. لەو رووەوە؛ خەریکە ھەرێمی کوردستانیش ھەمان رێچکەی حکومەتە ترساوەکان دەگرێتەبەر!