چین لەم جەنگەدا چیکردووە بۆ ئێران ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف

با بەشێکی کەمی ئەوەت پێ بڵێم کەچین چیکردووە بۆ ئێران،هەرکاتێکیش ئەو ڕاستیە دەبینیت ئەوە تێدەگەیت،شەڕی ئێران و ئەمریکا تەنها شەڕی تاران و واشنتۆن نییە، بەڵکو شەڕێکە بۆ هاوسەنگکردنی هێز لەناوچەکە و جیهان، لەئێستاوە بۆ چەند دەیەیی داهاتوو، بۆ داننان بەفرەجەمسەری و ڕەتکردنەوەی تاک جەمسەری لەلایەن ئەمریکاوە.

لە ساڵی ٢٠٢٤، پێش ئەوەی ئەم جەنگە دەستپێبکات، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ، بە نهێنی مانگی دەستکردی چاودێری لە کۆمپانیایەکی چینی بە ناوی EarthEye کڕی. ناسنامەی مانگەکە TE-01B بوو. نرخەکەی ٣٦.٦ ملیۆن دۆلار بووە. بەجۆرێک ئەم مانگە پێشکەشکراوە،ڕاستەوخۆ لەئاسمان بووە و کۆنترۆڵی مانگەکە دراوە بەدەستی ئێران.ئەم مانگە بەجۆرێک پێشکەوتووە، کە جوڵەی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەو گۆڕانکارییەکانی ژێرخانی لەکاتی ڕاستەوخۆدا ببینێت.

ئێران ئەو بنکە و ناوەندە سەربازیانەی لەناوچەی کەنداو و  دەوروبەری خۆی کاتێک موشەک باران دەکرد و چەند فڕۆکەیەکی سوتەمەنیشی لەیەکێک لەبنکەکانی سعودییە تێکشکاند بەموشەک هەر لەڕێی وێنە پێدراوەکانی ئەو مانگەوە بووە کەبەناوی "چاوی ئاسمان " داوێتی کردۆتە ئامانج.

هەروەها چین کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل ستەیشنەکانی ناوخۆی ئێرانیان بۆ کۆنترۆڵی مانگەکان تێکدا، ئێران هێشتا دەیتوانی کۆنترۆڵی مانگەکەی بەدەستەوە بگرێت، چونکە ستەیشنە پشتیوانەکان لە دەرەوەی ئێران بوون و دەست پێیان نەدەگەیشت.ئەمە ڕێککەوتن نییە ،  ئەمە «ئەندازیاری»یەکی ستراتیژییە.واتە بەیجینگ دەستی ئێرانی گەیاندووە بەو ستەیشنانەی کە لەلایەن کۆمپانیای Empisat چینییەوە کۆنترۆڵی مانگە دەستکردەکانی بەیجینگی لەدەستە. ئەمە جوڵەی یەکەمی چین بوو: بێدەنگ، پاک، بێ شوێنەپەنجە، بەڵام زۆر کاریگەر.

بۆیە کاتێک چین ئەو توانا بێ هاوتایە بە لایەنێک دەدات،کە دووژمنەکەی لەئاسمانەوە ببینێت ، بێگومان هاوکێشەی شەڕ دەگۆڕێت و ئەوکاتیش تێدەگەیت چۆن توانراوە ڕێ لەمیکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بگیرێت بۆ سنووردارکردنی تواناکانی ئێران و ئەو وڵاتە زۆر پشتگیری تر هەیە لەپشتی پەردەوە وەریدەگرێت کە پێوێستێتی بۆ بەردەوامبوون لەو شەڕە.

دواجار وێنە شاراوەکە پێمان دەڵێت ، چین دیپلۆماسییانە و ستراتیژییانە دەباتەوە و پێویست ناکات تەنانەت یەک گوللـەش بتەقێنێ و ئێرانیش وەک فشار وەها لە ئەمریکا دەکات هەم تاڵاوی دۆڕاوی پێبنۆشێت،هەم پێگەی لاواز بکات لەناوچەکە،هەتا ئەم ساتە،کە هیچ ڕێککەوتنێک بە ئاکام نەگەیشتووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی