دۆخێکی سایکۆلۆژی لەمرۆڤدا هەیە، ئەگەر مرۆڤ باخەڵو گەدەی! پڕ بوو کێشەی ئەو دوانەی نەبوو، ئەوا ڕاستەوخۆ دوو شتی دیکە بەرهەمدەهێنێت، ئەگەر مرۆڤ باخەڵی پڕبوو ئەوا هەمیشە قسەی زلو کەڵین کەڵینی بۆ دێت، ئەگەریش مرۆڤ گەدەی تێربوو ئەوا زوزوو ئارەزوی سێکسکردن دەکەوێتە مێشکییەوەو زوزوش مومارەسەی دەکات، ئێستا بەشێکی پەرلەمانتارەکانی کوردستان چونکە باخەڵیان پڕەو باخەڵیان گەرمە ببینن چۆن قسەی لەخۆیان گەورەتر فڕێدەدەنەناو میدیاکانەوە بێئەوەی خۆیان بزانن چی دەڵێن.
ئەم دەزگایەی کە پێیدەوترێت (پەرلەمانی کوردستان ــ بەرهەمی خوێنی شەهیدەکانمانەو ڕێزی لێدەگرم) لەچەند ساڵی ڕابردودا ئیشێکی نەکردوە مرۆڤ دڵی پێخۆش بکات، بەڵام لەئێستادا دەتوانێت بەیەک پڕۆژەیاسا زۆرترین شانازی بۆ خۆی بگێڕێتەوە ئەویش ئەوەیە؛ ئەو هێندە نەخوێندەوارو قسە نەزانەی پێیدەوترێت "پەرلەمانتار" بێدەنگ بکاتو نەهێڵێت لەخۆیانەوە بەرد فڕێبدەنە بنی گۆم، چونکە هەر قسەیەک ئەوانە فڕێی دەدەنەناو کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ دوبەرەکیو کێشە دروستدەکاتو لێکەوتەکەیشی بەچەندان عاقڵو ڕۆشنبیر چارەسەرنابێت.
دەرچواندنی یاسا بۆ بێدەنگکردنی مرۆڤ لەئاست کۆمەڵێک وجودی ناپیرۆزو بەپیرۆزکردنیان، جگەلەوەی بێدەنگکردنی تاکو دەستخستنە قوڕگی ئازادیو مافی ڕادەربڕینە، هیچی دیکە نییە. ئەگەر بڕیاربێت ئێمە پیرۆزی بۆ وجودەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بگێڕینەوە ئەوا پێویستە پێش هەرشتێک ئەو کەرامەتو پیرۆزییە لێسەندراوو داگیرکراوە بۆ مرۆڤی کورد بگێڕینەوە کە دەمێک ساڵە بەرپرسانی کورد لێیانی سەندۆتەوەو (خواوەند) پێش هەرشتێک پیرۆزیکردونو ڕێزی لێناونو دەفەرموێت "لقد
کرمنا بني آدم".
ئەوانەی کە بەراوردی کاربەدەستانی کورد دەکەن لەگەڵ (ماندێلا، یان غاندی)، دڵنیام فیلمی (ڕێگای ئازادی)ی ماندێلایان نەبینیوە. ماندێلا لەزیندانیشدا ڕێککەوتن ناکاتو داوادەکات بچن سەرەتا لەگەڵ گەل ڕێککەوتن بکەنو دواتر بێنەوە بۆلای ئەو، ئەگەر پەرلەمانتاری کورد لەم مەشهەدەی ڕوانیبێت دەزانێت هەڵەیکردوە لەبەراوردی دوو کارەکتەری جیاواز کە 27 ساڵ دەسەڵاتی بەخشییە گەلەکەی، نەک ئەم کاربەدەستانەی کورد کە بەیاسایەکی مەتاتی خۆویست دەسەڵات لە(گەل) دەسێننەوە بۆ کۆمەڵێک کەسی نادڵسۆزی دور لەخەمی گەل.
باشترین پیرۆزکردنێک پەرلەمان ئەنجامی بداتو بەیاسا جێبەجێی بکات ئەوەیە؛ پیرۆزی بۆ کەرامەتو شعوری ئەم میللەتی کوردە بگێڕێتەوە باچیتر پەرلەمانتاری بێئاگا سەرەڕای نەبونیو خراپی ژیانو بێتاقەتی هاوڵاتیان هێندە ماندویان نەکاتو هێندە یاری بەشعوری ئەو میللەتە نەکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی