کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوان کەوتن و مانەوەدا، هێندەی کەوتووە، هێندە
دەرفەتی مانەوەی نەماوە. گەر لەم گەڕی دووەمی پەلاماردانی ئێرانیشدا نەبێ، ئەوا هێندە
لاواز و بێهێزکراوە کە بە تەوژمێکی جۆریی بەرهەڵستی ناوخۆیی، ئەگەری ڕووخانی زۆرە.
دەی، ئەگەر جەنگ کۆتایی هات و ڕژێم مایەوە؟
ئێران لەم گەڕی دووهەمی جەنگەدا زۆرێک توانای مانەوە و بەرگەگرتنی لە
دەست داوە. خۆ ئەگەر لە دوای ئەو زیانە گەورە و مەزنانەی کە لە ئەنجامی گەڕی دووەمی
جەنگەوە پێی کەوت، بشمێنێتەوە، ئەوا ئەو لەشە ماندووەی دوای جەنگی ئەم جارە بەرگەی
ناڕەزایەتی دیکە ناگرێ. بۆ مانەوەش دەبێ لە جاران ستەمکارتر، دڕەندەتر خۆی نیشانی ئێرانییەکان
بدات. دەبێ بۆ مانەوەی خۆی وەکو پشیلەی ئاخنراو لە گۆشەیەکی داخراو، زۆر بە توندی هەوڵی
مانەوە و دەربازبوون بدات.
وەک ئاشکراشە، ستەمکردن و سەرگرتنی پڕۆسەی ستەمکردنیش پێدراوی خۆی هەیە.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئاخۆ ڕژێمی ئێستای ئێران پێدراوەکانی ستەمکردنی پێ ماوە؟ وەڵامەکە
بێگومان نەخێرە! بۆچی؟
چونکە زۆرێک لەو ئێرانییانەی کە پاڵپشتی ڕژێمن، بەکرێگیراو و کوێلەی مووچەن.
کەسێکیش ئامادەیە لە پێناو مووچە بەرگری لە ڕژێمێک بکات، تا ئەو شوێنەی ڕژێمەکە بەهێز
و ڕاوەستاو بێ. دەنا، گەر ئەو ڕژێمە لە لێواری ڕووخاندا بێ، ئەوا زۆر ئاسانتر هەڵئەگەڕێنەوە
و دەچنە بەرەی بەهێزەوە، دژ بە ڕژێمێکی بێهێز کە نەتوانێ بەرگری لە خۆی بکات، چ جای
لە دار و دەستە و تاقمی بازنەی سێ و چواری دەوری ناوەندی دەسەڵات.
ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بەرگری کردن لە ڕژێمەکە، خودی ناوەندی دەسەڵات و
بازنەی یەک و دووی دەوری ئەو ناوەندە و باوەڕداران بە ڕێبازی شیعەگەرا و تاوانباران
لە ڕشتنی خوێنی خەڵکی ئێراندان. ئەمانەش بۆ خۆیان کەمینەی ڕەهانن لە چاو ناڕازییەکانی
کۆمەڵگای ئێران.
هەموو ئەمانەیش کە باسمان کرد، لە ئەگەری مانەوەی ئەم ڕژێمە دوای کۆتایی
هاتنی جەنگ، بە هەڵکردنی ئاڵای سپی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا پێشبینی کراوە.
بەڵام ئەوەی کە مەترسیدارتر و پێشبینینەکراوە، بەردەوامی جەنگە تا کۆتایی
و ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە ئیسلامیە شیعەگەرا یەیە.
باوەڕی شیعە و درێژەدان بە جەنگ!
شیعەی ئێران باوەڕدارن بەو تیوریانەی لە سەری ڕێککەوتوون. ئەوان هێندەی
کار بۆ کۆتایی چیرۆکە ئایینییەکە دەکەن، هێندە کار بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانی ئێستا و
ئایندەی وڵات و دونیا ناکەن. ئەو باوەڕەی شیعە زۆر جیاوازە لە باوەڕی سوننە.
سوننەکان هەم ژیانی ئەمڕۆ بە خەیاڵ و پووچ و وەهم ئەزانن، هەم مردنی تاکە
باوەڕدارەکان بە ڕێگە کورتەکەی گەیشتن بە بەهەشتی بەڵێن پێدراو ئەزانن. ئەوان پێیان
وایە مردن لە پێناو ئایین و خودا ڕێگەی ڕاستەکەیە و باشترین مەرگیش شەهادەتە؛ دەنا
ژیان پووچ و ئەزموونێکی خوداییە. ئەم پڕۆسەیە، چ بە کۆمەڵ بکرێ و چ بە تاک، کێشەی نیە.
گرنگ جیهاد و شەهادەتە.
بەڵام ئەفسانەکە لای شیعەکان بە جۆرێکی دیکەیە. چیرۆکی ژیان لای ئەوان
هێشتا دەستی پێ نەکردووە و زۆر بە باوڕێکی بەرزەوە چاوەڕوانن. بەو پێیەی شیعەگەرا لە
ئێراندا باوەڕیان بە گەڕانەوەی ئیمامی دوانزەهەمە، کە بە ئیمامی چاوەڕوانکراو ناسراوە
(محمد کوڕی حەسەنی مەهدی)یە.
ئەوان پێیان وایە کە ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیب یەکەم ئیمام بووە و ئەم
پڕۆسەیە بەردەوام دەبێ تا دوانزەهەمین ئیمام، کە هێشتا دەرنەکەوتووە. ئەوان پێیان وایە
ئیمام مەهدی نەمردووە، بەڵام چووەتە دۆخی شاراوەیی و کاتی دەرکەوتنیشی بەستراوەتەوە
بە هەندێ دۆخەوە کە هەمیشە سەرانی شیعە لە وتارە ئایینیەکانیاندا پێشبینی دەکەن کە
ئەو کاتە نزیک بووبێتەوە.
بەوەی کە گەندەڵی سەرتاپا دونیای گرتووە، مرۆڤەکان لە سەر زەوی زیاتر
لە هەر کاتێک پێویستیان بە دادپەروەرییە و دەسەڵاتی ستەمکار و خۆسەپێن سەرتاسەری دونیای
گرتووە. لە هەمووشیان گرنگتر بۆ گەڕانەوەی مەهدی، پەیدابوونی خەڵکی دڵسۆزە لە دەوری
ئیمامی مەهدیدا، کە شیعەی ئێران لە زۆر بۆنەدا خۆیان بەو گرووپە دەناسێنن و هەمیشە
بەو بیرۆکەیە خۆیان ڕێکدەخەن، وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەو ئەرکەی کە هاتنەوەی ئیمام
مەهدی داوای دەکات.
هەر بەو پێیەی کە گەڕانەوەی ئیمامی مەهدی بەستراوەتەوە بە وەها دۆخێک
و ئەرکی مەهدیش لە یەکخستنی مرۆڤایەتی لە ژێر چەترێکدا و بەرپاکردنی دادپەروەری چڕە.
شیعەکان لە چەند ساڵی کۆتاییدا هەمیشە ئاماژە بە نزیک بوونەوەی ئەو وادەیە
دەدەن و هەندێک جاریش دوورتر دەڕۆن کە مادام ئێمە تاکە پاڵپشتی ڕاستەقینەی ئیمامی مەهدین،
دەکرێ لە تارانەوە دەربکەوێت. هەر بۆیەش هەندێک جار، بۆ گاڵتەجاڕی خەڵکی ئێران، لە
شێوەی توانج ئاماژە بە شەقامە پان و پۆڕەکانی تاران دەکرێ، لە شێوەی ئەو شەقام و گۆڕەپانەی
دەوری مزگەوتی جامکاران لە تاران، کە گوایە بۆ گەڕانەوەی ئیمامی مەهدی تەرخان کراوە،
تا تووشی قەرەباڵخی هاتووچۆی ناو تاران نەبێت!
باوەڕ و ئەفسانەی شیعەگەرا و جەنگی تەکنەلۆژیا!
باوەڕ و ئەفسانەی شیعەگەرا و جەنگی تەکنەلۆژیا!
ئەگەرچی پێویست بە شیکردنەوە و بیانووهێنانەوە ناکات لە گرنگی تەکنەلۆژیای
نوێ، زیرەکی دەستکرد و مانگە دەستکردەکان لەم جەنگەدا، بەڵام باوەڕی ئایینی ئەتوانێ
چاوپۆشی لە هەموو ئەمانە بکات و دەست بۆ هەموو حەماقەتەکان ببات؛ بەو پێیەی ئەفسانە
ئایینییەکە کۆتایی چیرۆکەکەی بۆ دیاری کردوون.
تۆ تەماشا، هەتا ئەمڕۆش ئیسلامگەرا بە سوننە و شیعەوە دلخۆشی خۆیان بە
کۆتایی ئیسرائیل دەدەنەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل ڕۆژ بە ڕۆژ باڵادەستتر و فراوانتر و
بەهێزتر دەبێت. ئەگەر عەرەب لە ١٩٤٨دا لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکبکەوتایە، ئێستا وڵاتی فەلەستین
لە ئیسرائیل گەورەتر بوو و بەشێک لە ئۆرشەلیم-قودسیشی لەگەڵدا بوو. خۆ ئەگەر لە
١٩٦٧ یان ١٩٧٢ هەمان کاری بکرابایە، ئێستا دوو وڵاتی دراوسێ لەو دەڤەرەدا بوونیان دەبوو
لە جێی ئیسرائیلێکی بەهێز.
بەڵام هەمیشە ئەفسانەی ئایین ئەم ئاشتی و ئازادی و ئارامییەی لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست شێواندووە. ئەفسانەی شیعەگەراش، لە جێی ئەوەی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و پێگە
جیۆپۆلەتیکییە بەهێزەی بخاتە خزمەتی ئاشتی و ئاوەدانی سنوور و خەڵکی وڵاتەکەی خۆی،
فراوانکردنی ناکۆکی و جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات؛ بەست بە خەونی گەڕانەوەی مەهدی و
لە ناوچوونی ئیسرائیل وەکو ڕاستییەکی بەڵێنپێدراوی ئایینی، بە سەر نابەرابەری ئامێرەکانی
جەنگ و توانا زانستییەکان.
ئایا ئێران لە دوا هەناسەیدا پەنجە بە کام دوگمەدا دەنێ؟
باوەڕی قووڵ بە داهاتوویەکی نادیار، بە بێ بەڵگە و ئامار و پێدراوی سەلماندن،
ئەتوانێ هەنگاوی کوێرانە و وێرانکارانە و نامرۆڤانە پێ بنێ. تۆ بیر لەو کەسە خۆکوژانە
بکەرەوە کە ڕێگەیان بە خۆیان دەدات لە شوێنێکی گشتی و پڕ لە مرۆڤی بێچەک و سڤیلدا خۆیان
بتەقێننەوە. ئەمەش لە پێناو بەرپاکردنی ترس و تۆقاندنی ئایینی و گەیشتن بە حۆرییەکانی
بەهەشتە.
بۆ شیعەی باوەڕداریش هەر وەهایە. کاتێک ئەو باوەڕی ڕەهای هەبێ کە مەهدی
چاوەڕوانکراو دەگەڕێتەوە و کاتی گەڕانەوەشی نزیکە، چ باکێتی بەوەی پەنجە بنێ بە هەر
دوگمەیەکی کاولکاریدا؟
هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆی جەنگ، وا دەردەکەوێ کە توانا جەنگییەکانی ئێران چیدی
هێندە نیە بتوانێ ئازار بە ئیسرائیل بگەیێنێ. بەڵام ئەوەی دەستی پێ دەگات، دوژمنە ناڕاستەوخۆکانی
ئێرانن. ڕوونتر بڵێم: دوژمنە بێپێیەکان و نزیکەکانی ئێرانن، بەو پێیەی ئیسرائیل و
ئەمریکا لە پادار و باڵدارەکانن.
هەر بۆیە زۆر بە دوور نازانرێ کە ئێران لە دواساتەکانی مێژووی خۆیدا دەست
بۆ وێرانکاری ببات. دوور نیە هەموو قینی شەڕانگێزی خۆی بە تەواوی وڵاتانی کەنداودا
نەڕێژێ.
لەو نێوەندەشدا، کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی ئامانجێکی
دیکەی ئێرانە. هەرچەندە هەرێم لە هەوڵی بێوچانە لە خۆ بە دوور گرتن لەم جەنگەدا، بەڵام
لێدانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕاستەوخۆکانیان، لە ئێران و وەڵام و تۆڵەسەندنەوەکانی
ئێران لە هەرێم، بە هیچ لۆژیکێک وێک نایەنەوە. مەگەر تەنها ئاماژەیەک بێ بۆ ڕقی قووڵی
ئێران لە هەرێم و لە کورد بە گشتی و هیچی دیکە. دەنا زۆر لۆژیکیتر بوو لەم قۆناغەی
جەنگدا، ئێران لە تۆڵەی هەر لێدانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە وڵاتانی کەنداوی بدایە،
نەک هەرێم.
ماوەتەوە بڵێم: هیوادارین ئێران لە دوا هەناسەکانیدا، شەلم کوێرم ناپارێزم،
پەنجە نەنێت بە دوگمەی ئەو مووشەکانەدا کە ڕوو لە شارەکانی هەرێم بکەن؛ چونکە ئەکرێ
لە کۆتاییدا کورد کاڵەک خۆر بێ و بەڵام کورد تا ئەمڕۆش دەستی بۆ بێستانەکەی ئێران
نەبردووە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی