نزیک بە سەدەیەک پێش ئێستا فایەق بێکەسی شاعیری بەهەڵوێست و نیشتیمان پەرەوەری کورد، کە خۆی ساڵانێك لەنێو کۆڕی سیاسی و ئەدەبی و نەتەوایەتی کوردا بووە،
لە چوار دێڕدا پێناسەیەکی زۆر وردی کورد دەکات و هۆکاری شکست و سەرنەکەوتنی لە مێژینەی کوردی لەم چوار نیوە دێڕەدا خستۆتە ڕوو.
کە بێ گومان ئەمەشی لەواقعی کورد خۆیەوە بینیوە و نوسیویەتی، ئەگەر نا ئەو بێ گومان دڵگران و زوویر بووە لەو واقع و دۆخەی کورد کە بینیوویەتی و تێیدا بووە بە درێژایی مێژوو.
فایەق بێکەسی شاعیر لە هۆنراوەکەیدا دەڵێت:
کورد ئەبەد ناگات بە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەناویەک بۆیە وا بێ لانەیە
میلەتێکن بۆ نەمانی یەک هەوڵ ئەدەن
داخەکەم ورد و درشتی شێت و شەیدای عانەیە.
ڕەنگە شاعیر و نوسەرێکی دیکە نەبووبێت،
هێندەی فایەق بێکەس" لەکەمترین چوار نیوەدێڕی شیعریدا پێناسەیەکی زۆر وردی گەلی کورد بکات و زۆر باش واقع و حاڵی کورد بخوێنێتەوە و بەیانی بکات،
بەوەی کە ئەم شاعیرە هۆکاری نەگەیشتنی کوردی بە خەون و سەربەخۆی و خولانەوەی لەدەوری بازنەیەکدا، بۆ خودی کورد خۆی بگەڕێنێتەوە، کە میللەتێکن نۆکەرایەتی بێگانە دەکەن و لەناو خۆیشیاندا دوودڵ و پیسن و هەوڵی لەناوبردنی یەکتر دەدەن، جگە لەوەش لە پێناو پارەدا هەموو شتێک دەکەن و شێت و شەیدای عانەن.
دەبێت شاعیرێکی نیشتیمان پەرەوەر چ ئازارێکی چەشتبێ بەنوسینی ئەم دێڕانە؟ کە میللەتەکەی سەرەڕای هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خەونەکانییان، بەڵام بەهۆی نۆکەرایەتی کردن بۆ بێگانە و دووژمنایەتی کردن لەنێوان خۆیاندا، هەموو هەوڵ و خەونەکانیان لەبار بردراون.
ئەم شعرە لە ئێستا و ئایندەدا، زیاتر لە هەر شعرێکی دیکە ئامادەیی هەیە لەنێو دنیای ئێمەدا، بەوەی کورد لەڕابردوودا بەم جۆرە بووە و ئێستاش بەم جۆرەیە و ئایندەش هەر بەم جۆرە دەبێت.
کە ئەمە خاڵی شکست و لەدەستدانی هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکانی کورد بووە، کە لەنێو خۆدا خۆخۆر و ناتەباو دووژمن بووین و لەگەڵ ئەوەشدا نۆکەرایەتی بێ گانە و نەیارەکانی وڵات و نیشتیمان مان کردووە، هەر وەک ئێستای دنیای ئێمە کە هەموو مان زۆر بە ڕوونی ئەم حەقیقەتە لەنێو حیزب و سیاسی کورد دا دەبینین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی