بەڕێزان پارلەمانتارەکانی پاسەوانی پووش..!

27/10/2020

بێستون سابوراوى

بەڕێزان ئێوە دەزانن ناڕەزایی دەربڕێنتان دژ بە فەڕەنسا لەسەر چیە و چی قازانجێک بە گەلەکەتان دەگەیەنێت..؟

**ــ ئەگەر خۆتان بیرتان چووە بڕۆن پرسیار لە کیمیازەدەکانی هەڵەبجە و پاشماوەکانی ئەنفال و سەرمابردووەکانی کۆچ و ڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی کوردستان بکەن..! بزانن لەو ڕۆژگارەدا کام موسوڵمان؟ کام حیزبی ئیسلامی؟ کام وڵاتی ئیسلامی ؟ ناڕەزایی دەربڕی دژی بەعس ؟ کێ پێی وت ئەو هەموو موسولمانە بۆچی قەڵ و عام دەکەیت؟

**ــ لەناو ئەو هەموو موسوڵمانانەدا ، بە خزماتکارانی ماڵی كەعبە و زێدی موحەمەدی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) یشەوە کامیان وتیان بۆچی کوردە موسوڵمانەکان زیندەبەچاڵ و ئاوارەی زێد و نیشتیمانیان دەکەن.!؟

**ــ کەچی فەرەنسای ناموسوڵمان یەکەم وڵاتی دنیا بوو لەسەر کورد هاتە دەنگ و داوای پشتیوانی نێودەوڵەتی و بازنەی دژەفڕینی هێڵی 36ی کرد و دواتر بریتانیا و پاش هەمووانیش ئەمریکا ڕازی بوون و ئەوە یەکەم بناغەی چەسپیوی پارێزگاریکردن بوو لە سەر و ماڵ و شەرەفی کوردان کە ڕابەری ڕاستەقینەی ئەو پرۆسەیە فەرەنسا بوو..

**ــ هەر فەرەنساش بوو لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو (1994) یەکێتی و پارتی لەسەر یەک مێز کۆکردەوە و پرۆژەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانی خستە بەردەستیان و هەر خۆمان لە ناو خۆماندا بەهۆی ئاشکراکردنی نهێنی کارەکە بۆ تورکەکان ئەو هیوایەشمان لەگۆڕنرا کە فەرەنسا پلاندانەری بوو..

** ــ زۆر بێ وەفا و نمەک سوێر و بێمروەت دەرئەچین ئەگەر خەمخۆری و دڵسۆزیەکانی خاتوو دانیال و فرانسوا مێتێران و برنارد کۆشنەر و پشتیوانیەکانی حیزبی سۆسیالیستی فەرەنسی و حیزبە گەورەکانی تری فەرەنسا لەبیرکەین..

**ــ لەو ماوەی ڕابردوودا سەرۆک ئیمانۆیل ماکرۆن هاتە عێراق و ڕازی نەبوو بێتە هەولێر ، بەوەش ویستی ئاماژەیەک هەڵدات بۆ دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەت دەسەڵاتدارانی پارتی کە لە ئەدائی کاری حوکمڕانییان ڕازی نیە بەتایبەت لە بواری ئیدارەدانی ئابوری و بەرتەسککردنەوەی سنورەکانی ئازادی دەربڕین و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ ، ئایا ئێوە لەو بوارەدا چیتان کردووە و کام دڵسۆزیەتان بۆ خەڵک لەم دڵسۆزیەی سەرۆک ماکرۆن بایەخدارترە؟؟..

**ــ هەرچیەک لە فەرەنسا دەکرێت لە چوارچێوەی کارە هونەریەکاندا بەپێی دەستور و یاسا دەچێتە خانەی دەربڕینی ئازادیەوە ئەگەر ئەو ئازادیە سنوری پیرۆزیەکانیش ببەزێنێت..باشە بۆچی ئێوە لەبری ئەوەی بەرگری لە ئازادی دەربڕین بکەن لەم وڵاتەی خۆمان دەچن دەبنە پاسەوانی پوشی ئاغایەک کە تەنها مەبەستی ئەوەیە کورد بکات بەگژ دیموکراتیەتی فەرەنسی دا و لە بنەرەتیشدا دوژمنایەتیان بۆ فەرەنسا لەسەر پشتیوانی فەرەنسایە بۆ کورد...؟! بیرێکی وردی لێ بکەنەوە و بزانن بەم کارە ساویلکانەییەتان بوونەتە پاسەوانی پوشی چی دڕندەیکی کوردکوژ..؟! بێستون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتی (ی.ن.ک)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی