بازرگانی مادەی هۆشبەر وەک بەشێک لەچالاکیە ئابوریەکانی حەشدی شەعبی

15/11/2020

هەڵۆ ساڵح

گروپە چەکدارە نا دەوڵەتەکان ڕێخراوەیەکی سەربازی میلیشیاین کە بەرەنگاری شەرعێتی دەوڵەت دەبنەوە لەبەکارهێنانی هێزداو مۆنۆپۆلێتی شەرعی دەوڵەت لاوازدەکەن بەسەر سێکتەرو ئەکتەرەکانی کۆمەڵگاوە، ئەم گروپە چەکدارانە بەزۆری لەبزوتنەوەی بەرهەڵستکاری‌و یاخیبوو پێکدێن‌و هەندێکجار میلیشیای پرۆ-حوکمین. 

بەهۆی ئەوەی کە گروپە چەکدارەکان خاوەندارێتی لەشەرعێتێکی نا-تەواوو باوەڕپێنەکراو دەکەن لەڕوی کۆمەڵناسی سیاسیەوە، بۆیە ناچارن بۆ دابینکردنی پێداویستیە ئابوریەکانیان بۆ تێرکردنی ئەندامانی ڕێكخراوە سەربازیەکان‌و بۆ هەڵسوڕانی کۆی چالاکی ڕێكخراوە سەربازیەکانیان پەنا ببەنەبەر ڕێگا نایاسایەکانی دەستکەوتنی داهات‌و سەرچاوەی ئابوری بۆ ئیدارەدانی ڕێكخراوە سەربازیەکانیان.

یەکێک لەو ڕێگایانەی کە گروپە چەکدارەکان دەیگرنەبەر بۆ دەستکەوتنی داهات بریتیە لە"بازرگانی مادەی هۆشبەر" کە لەمڕۆی جیهان بەربڵاوترین مادەی زیاندەرو شێوێنەرو داهات خڕکەرە، کە بەشێکی زۆر لەدانیشتوانی جیهان گیرۆدەی بەکارهێنانیەتی، گروپە چەکدارەکان وەک بەشێک لەسەرچاوەی داهاتیان بەخێرای دەست بۆ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەبن‌و دەیکەنە باشترین میکانیزمی داهات دەستخستن خۆیان.

گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لەپاش دەرکەوتنی ISIS لەساڵی ٢٠١٤ لەسەر شانۆی سیاسی عێراق بون بەبەشێک لەدەوڵەتی عێراق لەپاش ئەو ڕۆڵە گرنگەی گێڕایان لەپاراستنی هاوڵاتیان‌و بەشێک لەشارەکانی عێراق لەچەپۆکەکانی داعش ئەویش لەپاشئەوەی کە سیستانی فەتوایدا بۆ بەره‌نگاربونەوە داعش، لەپاش ڕوخانی خەلافەتی داعش لەعێراق‌و سوریا لەئێستادا حەشدی شەعبی ڕۆڵی لە"ڕزگارکەر"ەوە گۆڕاوە بۆ ڕۆڵێکی "تێکدەر، ترسێنەر، بێ-ئاسایشکردن"و لەئێستادا کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی عێراق دەکات لەڕوی سیاسی‌و سەربازی‌و ئابوریەوە.

حەشدی شەعبی یەکێک لەو میکانیزمانەی بەکاریدەهێنێت بۆ دەستکەوتنی داهات بریتیە لەبازرگانی مادەی هۆشبەر کە لەئێستادا بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق بوو بەدەوڵەتێکی شکستخواردوو failed state-و ناتوانێت مۆنۆپۆلێکی دەزگای بەسەر ڕەوشی ئاسایشی کۆمەڵایەتیەوە بکات، حەشدی شەعبی ئەم کەلێنەی پڕکردۆتەوەو تۆڕێک لەمادەی هۆشبەری ئاڵاندوە لەهۆشی دانیشتوانی عێراق‌و بەتایبەتی چینی گەنجان، لێرەدا حەشدی شەعبی دوو ئامانج دەپێکێت ئەویش لەلایەکەوە، لاوازکردنی ئیرادەی چینی گەنجان دورخستنەوەیان لەبزاوت‌و سیاسەتکردن‌و لەلایەکی دیکەوە، دەستکەوتنی داهاتی ئابوری زەبەلاح بۆ ڕێكخراوە سەربازیەکەی.

دەوڵەتی عێراق دوچاری لێشاوێکی نەوەستاو لەبازرگانی مادەی هۆشبەر بوەتەوە لەدەوڵەتانی دراوسێوە بەتایبەت لەوڵاتی ئێرانەوە ئەویش لەڕێگای خاڵە سنوریەکان‌و مەرزەکان‌و جۆگە سنوربڕەکان کە بوەتە هۆی "تێکدان‌و هەڕەشەکردن لەئاسایشی کۆمەڵایەتی-SOCIAL SECURITY THREAT"، بەگوێرەی ئەو داتاو زانیاریانەی دەست خانەی میدیای ئاسایشی عێراقی کەوتوە لە٩٠%ى ئەو مادانەی کە مامەڵەی پێوەدەکرێت لەشارەکانی باشوری عێراق حەشیش‌و کریستاڵن‌و لەسنوری ئێرانەوە هاوردە دەکرێت لەپارێزگاکانی میسان‌و کەرکوک‌و سەڵاحەدین‌و موسڵ‌و بەسرەو بەغداو چەندین شارو شارۆچکەی دیکە کە میلیشیا چەکدارەکان تێیدا بڵاوەیانکردوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەپاش دەرکەوتنی میلیشیا چەکدارەکان، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر گەیشۆتە ٤٠% لەزۆرێک لەپارێزگاکاندا کە ئەمەش مەترسیدارترین ڕێژەیە کە عێراق پێگەشتبێت کە بەجۆرێک ئاسایشی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی عێراق کەوتۆتە مەترسیەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی دەست ئاژانسی مۆنیتەری ئەمریکی کەوتوە، بەشێکی زۆری بازرگانی مادەی هۆشبەر لەمەرزەکانەوە دەکرێت بەهۆی ئەوەی کە تۆڕەکانی گەندەڵی لەو مەرزانەدا بەربڵاون‌و گروپە چەکدارەکان ئاسایشی زۆرێک لەمەرزەکانیان بەدەستە بەئاشکراو بەنهێنی، چ لەمەرزەکانی خواروی عێراق‌و چ لەمەرزەکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگای دیالە لەئێستادا کەوتۆتەبەر شەپۆلێکی گەورەی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر کە بەشێکی زۆری لەمەرزی پەروێزخانی سەر بەشارەوانی کەلارەوە هاوردە دەکرێت.

توێژی گەنجان لەژێر مەترسیەکی گەورەدان‌و توندوتیژیەکی زۆر لەگەنجان ئاڵاوەو بەشێکی زۆر لەگەنجانی ناوچەکانی باشورو ناوەڕاست‌و باکور لەژێر مەترسی لەناوچوندان کە وەک بەشێک لەدەرهاویشتەکانی داتەپینی دەوڵەتی عێراق‌و خراپی حوکمڕانی کوردستان لەڕوی دەزگاییەوە کە وایکردوە گەنجان بێکاربن‌و لەئەنجامی ئەو کەلێنە کاتیە سایکۆلۆجیەداو لەئەنجامی نەبونی هۆشیاری پەروەردەیدا پەنا دەبەنەبەر بەکارهێنانی مادە هۆشبه‌ره‌كان ئەمەش گەنجان لەمەودایەکی کاتیدا لەنێو دەبات‌و زۆرجار خێزان کۆتای پێدێنێت‌و کۆمەڵگا دەکاتە جێگایەکی مەترسیدار بۆ گروپەکان‌و خەڵکی کە ئەمەش دەرهاویشتەی تاوان‌و ڕاوڕوتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

دیاردەی بازرگانی مادەی هۆشبەرو بڵاوبونەوەی لەنێو دانیشتوانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق‌و بەپارێزگا کوردیەکانیشەوە پاڵ دەنێت بەکاتەوە بۆ مقاولە بازرگانیەکانی مادەی هۆشبەر کە بەئارەزوی خۆیان کار لەسەر قازانج‌و بڵاوکردنەوەی بکەن، گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کە ئێستا "ڕۆڵی دەوڵەتێک دەگێڕن لەنێو دەوڵەتی عێراق" خوازیارترین ڕێگه‌ بەلایانەوە بازرگانی مادەی هۆشبەرە کە ئەندامانی رێكخراوە سەربازیەکەیان پێ ئیدارە دەدەن لەڕوی داراییەوەو ئامانجە سیاسیەکانیش پێ دەپێکن لەنێو دەوڵەتی عێراق وەک بەشێک لەئەجێندای نهێنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەپشت گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی