چەند تێبینیەكی خێرا لەسەر ڕاپۆرتی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن

18/11/2020

اسماعیل خورماڵی

بەركەوتەی حیزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتووی (2021)
لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
قسەكردن و شیكاری لەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی كارێكی ئاسان نیە و پێویستی بەلەبەرچاو گرتنی چەندین ڕەهەند و فاكتەری جیاواز هەیە تا بتوانرێت باسەكە نزیك بێت لە میتۆدی زانستی و واقعەوە، ئەمەش وادەكات هەر توێژینە وە ڕاپۆرت و وتارێك لەو بارەیەوە ڕووبەڕووی چەندین خاڵی لاواز ببێتەوە. سەرەڕای دەستخۆشیم لە بەڕێزیان كە هەوڵ و ماندوو بوونیان لەو بوارەدا بەخەرج داوە، لێرەدا بەپێویستی دەزانم چەند تێبینیەكی خێرا بخەمەڕوو تا زیاتر خزمەت بە بابەتەكە و بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بكات و دەوڵەمەندی بكات.

یەكەم: هەر لەسەرەتاوە ڕاپۆرتەكە پشتی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2018 بەستووە، كە ئەوە وا دەكات سەرلەبەری ئەنجامەكان ناڕاست دەربكەون، چونكە لەناو خودی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەكۆی (9) ئەندام (4) ئەندامی ئەنجومەنەكە ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوە و پەسەندیان نەكردوو، زۆرترین گزیكاری و ساختەكاری لەڕۆژی دەنگداندا ئەنجام درا. بۆیە هەرگیز ناكرێت بۆ بابەتێكی ئاوها هەستیار ئەو پرۆسەیە بكرێتە پێوەر.

دووەم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2018 لە كەشێكی زۆر نالەباری سیاسیدا ئەنجامدرا كە دابەشبوونێكی زۆر خراپ لەناوسەرجەم حیزبەكاندا هەبوو. جگە لەو ڕوداوانەی كە لەو ماوەیەدا روویدا و كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر دەنگدەران هەبوو و بۆیە ژمارەیەكی زۆری دەنگدەران كەزیاتر بوو لە (500.000) دەنگدەر بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كرد كە زیاترە لە 25% ڕێژەی دەنگدەران و بڕی (11) كورسیە لەكۆی (44) كورسی، تاكە هەڵبژاردن بوو كە كەمترین ڕێژەی دەنگدەران بەشدار بوون.

سێهەم: لە هەڵبژاردنەكانی پێشتردا دەنگ و سەنگی حیزبەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە بەڕێژەیەكی مەعقول، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا هەموو پێوەرەكان گۆڕان و گۆڕانكاری گەورە ڕویدا، كە ئەمەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت و لەڕووی زانستیەوە ناشێت بكرێتە پێوەر.
چوارەم: خشتەی ژمارەكان بەتایبەت دابەشبوونی بازنەكان ورد نین و هەڵەی تێدایە.

پێنجەم: هەرچەند ئاماژە بە سیستمی كۆن (نوێنەرایەتی ڕێژەیی) و سیستمی نوێ (زۆرینەی یەك دەنگی نەگوازراوە) كراوە، بەڵام لە شیكاریەكەی ڕاپۆرتەكە لەسەر بنەمای سیستمی ڕێژەیی كورسیەكان دابەشكراوە، ئەگەرچی دوای خشتەكان شتی گشتی باسكراوە چۆن دەبێ، كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە فاكتەری زۆر هەن ئەو بابەتە بەئاراستەیەكی تردا ببەن. بەنمونە حیزبێك لە بازنەیەك بەپێی ئەو خشتەیەی خراوەتە ڕوو دوو یان سێ كورسی بەركەوتووە چونكە ڕێژەكەی ئەوەندەیە، بەڵام ئەگەری زۆرە ئەو دەنگانە بەشێوەیەكی ناهاوسەنگ دابەش بن و تەنها كاندیدی یەكەم ڕێژەیەكی زۆری دەنگەكان ببات و ببێتە هۆی دەرنەچوونی كاندیدی دووهەم و سیهەمی هەمان پارت، ئەمە ناكرێت بەسانایی بەڕی بكرێت.

شەشەم: ئەگەرچی لەهەر بازنەیەكی چواری تەنها بەدەستهێنانی 25% دەنگەكان و لە بازنەی سیانی 33%ی دەنگەكان بەتەواوی زەمانەتی دەرچوونی كاندید دەكات، بەڵام بەپێی حاڵەتەكان ئەگەری هەیە بە 10%ی دەنگەكانیش كاندیدێك سەر بكەوێت، چونكە ئەگەر هەیە كاندیدێك 50% و زیاتری دەنگەكان ببات، كە لەڕاپۆرتەكەدا وتراوە فاكتەری تر كاریگەری هەیە بەڵام زەرور بوو ئەو باسە بكرایە و بەرچاو ڕوونی و نمونەی تر بخرایەتەڕوولەپێناو هۆشیاری خوێنەر.

حەوتەم: لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە و زۆر هۆكاری تریش ڕاپۆرت و شیكاری لەم بابەتە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ساردكردنەوەی دەنگدەر هەر لە ئێستاوە و جۆرێك لە ڕەشبینی لا دروست دەكات، بەتایبەت لایەنگرانی پارتە بچوكەكان و پارتەكانی دەرەوەی دەسەڵات كە ئەمەش لە كۆتاییدا بایكۆتی دەنگدانی لای لایەنگرانی ئەو لایەنانە لێدەكەوێتەوە و بەزیانی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسی كۆتایی دێت.

هەشتەم: بەگشتی لە سیستمی (زۆرینەی یەك دەنگی نەگوازراوە) كە بازنەكان یان تاكە كاندیدێك یان چەند كاندیدێك (كە لەعێراق 3 یان 4) كاندید سەردەكەون، حیزبەكان پەنا بۆ هاوپەیمانێتی دەبەن و كەمترین ژمارەی هاوپەیمانێتی بوونی دەبێت و لەزۆربەی وڵاتان تەنها دوو بەرە بەشداری دەكەن و كێبركێ دەكەن و ئەوانی تر لە پەراوێزدا دەبن و ئەگەری بردنی كورسیان لاوازە، ئەمەش خاڵێكی گرنگەو دەبوایە ئاماژەی پێبكرایە.

لەكۆتاییدا/
سەرەڕای دەستخۆشی لەهەر بەڕێز و دەزگا و دامەزراوەیەك كە لەم بوارەدا خزمەتێك پێشكەش دەكات، بەڵام گرنگە بابەتەكان بە ئاراستەیەك بێت زیاتر هۆشیاری دەنگدەر زیاد بكات و شیكاریەكانیش لەسەر بنەمای زانستی بن و پێوەری هەمەچەشنە و ئەگەرە زۆرەكان ڕوون بكاتەوە و بەئاراستەی هاندان بێت بۆ برەودان بە ڕۆشنبیری هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی. لەوەش گرنگتر لەم كارانەدا ڕەچاوكردنی بێلایەنیە و بەشێوەیەك نەبێت كە خزمەت بە لایەك و بەرەیەك بكات دژی لایەكی تر و بەرەیەكی تر

اسماعیل حمەعلی خورماڵی
بڕیاردەری ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە