گیران و تۆقاندن بەس نییە؟!

19/11/2020

ئارێز عەبدوڵڵا

رۆژ دوای رۆژ ئازادیی ڕا دەڕبڕین و مافی ئازادی لە کوردستان بەرتەسك دەکرێنەوە و فشاری دەسەڵات بۆ سەر رۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی و خوازیارانی مافەکان زێتر دەبێ.
ئەو دیاردە مەترسیدارە نەك هەر تەنیا لێرە هەستی پێ دەکرێ، بگرە گەیشتۆتە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و لای دۆستەکانی هەرێمیش بۆتە جێگای پرسیار و مایەی بەدواداچوون. بۆیە ئەگەر دەسەڵات بە مەبەستی بەرگری لەخۆکردن ئەو رێکارە چەوتەی گرتۆتەبەر ئەوا لە لایەکی دی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە بێهێز دەکا و لەسەر ئاستی ناوخۆییش دەبێ بزانێ هەرگیز رژێمەکان بەکپ کردنەوەی دەنگی ناڕەزای و ئازادیخوازی تا سەر لە داڕمان و هەڵوەشانەوە پارێزراو نەبوونە.

ماوەیەکە خەباتگێڕانی مەدەنی و رۆژنامەنوسانی ئازا و ئازادی وەك مامۆستا بەدەل بەرواری و شێروان شێروانی، هیمن مامەند، شەهرام نامق، هەڵۆ سامی، سەمیرە محەمەد ئەمین... گیراون یان راوەدوو دەنرێن!... تومەتیان بۆ هەڵدەبەسترێ و گیراوەکان ناڕەوا ئازاد ناکرێن!
بەردەوام بوون لەسەر ئەو رێکارانە جگە لە زیاتر ناوزڕاندنی هەرێم و دامودەزگاکانی و چاوسورکردنەوەیەکی بێ مانا هیچی تری لێ شین نابێ. پێویستە لە جیاتی پەنابردن بۆ تۆقاندن و گرتن و راوەدونان. دەسەڵاتداران رەخنە و پێشنیار و داخوازیەکانی ئەو جۆرە کەسانە لەبەر چاو بگرن، چونکە ئەوانە رۆڵەی هەرە دڵسۆزی ئەم ولاتەن و دەیانەوێ لە چوارچێوەی دیموکراسی و لە سایەی ئازادیی دەربڕین خزمەت بکەن،   ئەگەر کەسێکیش بەو ناوە یاسا شکینی کردبێ با تومەت یان تاوانەکەی ئاشکرا بکرێ، نەك چاوی خەڵکی پێ بشکێنن.

ئیتر بەسە، کاتی ئەوە هاتووە (شێروان شێروانی، بەدەل بەرواری، شڤان سەعید و تەحسین یاسین و ئەیوب بەحرکەی هەموو گیراوەکانی دی ) ئازاد بکرێن و حکومەت خۆی لەگەڵ دروشمەکانی ئازادی و دیمۆکراسی راست بکاتەوە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی