یادی ٨٤ـساڵەی لەدایکبوونی حسێن عارف

21/11/2020

شاڵاو حەبیبە

شەوێکی بێکارەبای ساڵی ٢٠٠٣ یان زووتر، لە کاتێکدا باران خڕەخڕ لە خێمەکەمانی دەدا لە بنەسڵاوە، لە بن جێوە گوێم لە ڕادیۆ دەگرت. باسی کابرایەکی دەکرد بە سواری کەرێکەوە خۆی دەکات بە ماڵێکدا. گوێم لێ خۆش کردبوو لەگەڵی بڕۆم. سەرنجڕاکێش دیار بوو. بۆ سەردەمێک کە کوردستان‌تیڤی تەنیا دارستانی نیشان دەدا، یان کوندەپەپوویەک کە لە پڕ ئاوڕی دەدایەوە، وەک دیارییەک وا بوو، کەچی ئەمە تەنیا ڕیکلام بوو بۆ شەوانی دواتر. نە زانیم ڕادیۆکە کوێیە، نە کاتی بەرنامەکە حاڵی بووم، بەڵام ئەوەی بەشێک بوو لە ڕۆمانی «شار»ـی مامۆستا حسێن عارف، هەمیشە لە یادمدا مایەوە.

حسێن عارف، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی بەناوی کورد، ٢١ـی ١١ـی ١٩٣٦ لە دایک بووە. کوڕی وەستا عارف و حەبیبەی کچی مەلا ئەحمەدی چاییی کوڕی مەلا محەمەدی چایییە. بە دوو پشتی مەلاچایییەوە، شانازیی ئەوەیان هەیە کە ئەوان چایییان هێناوەتە سلێمانی و خەڵکی سلێمانییان بە چاینۆشین ئاشنا کردووە. ئەو خانووەی تێیدا چاوی بە ژین هەڵێناوە، ساڵان و ساڵانی دواتر، دەبێتە ئاشێکی هاڕینی دانەوێڵە. شوێن: لای مەیدانی ماستفرۆشەکانی گەڕەکی چوارباخ. عارف ئەمڕۆ پێی نایە ٨٤ـساڵەی تەمەنییەوە.

حەڤدە ساڵ دوای شەوەکەی بنەسڵاوە، سەرئەنجام ڕۆمانی "شار"م لە زستانێکی تردا خوێندەوە. من هەموو ڕستەکانی ئەم ڕۆمانەم بە چێژەوە خوێندووەتەوە، لە ناوەکەیەوە بگرە تا دەستپێک و چنین و کۆتایییەکەی. پێوەند بە ناونیشان و نێوەڕۆکەوە، دەستپێکی شارەکەی حسێن عارف باشتر لە دووشارەکەی دیکنزە. هەرچەند ئەوەی دیکنز نێودارتر بێت و زۆرێکیش ئەزبەریان بێت، بەڵام دیکنز زۆر گشتگیر و واتایی دەست پێ دەکات و عارف بە ڕووداوێکی بەلەز دەڕواتە چیرۆکەکەوە و خۆی لە پەخشاننووسین و واتاگەرایی دەپارێزێت.

شارەکەی حسێن عارف نموونەیە بۆ جۆرێک لە ڕۆمان کە من حەز دەکەم بە کوردی و دەربارەی کورد و شوێنەکەی، بیخوێنمەوە. لە ٨٦ـدا بەرگی یەکەمی بڵاو کراوەتەوە و نووسەر ویستوویەتی سلێمانیی کۆن وێنە بکێشێت و بۆ ئەمەیش چنینەکەی ئاوێتە بە ڕووداوە مێژوویییەکانی سلێمانی و عێراق کردووە. بۆ نموونە لافاوە گەورەکەی سلێمانی، هەژاریی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، هاتنی تەلەڤزیۆن لە سەرەتای پەنجاکاندا، کوژرانی ئەختەری هاوسەری ڕەشۆڵ لە خۆپیشاندانێکدا و بە تایبەت گەڕانەوەی تەرمی شێخ مەحموود، لەو ڕووداوە مێژوویییانەن زۆر سرووشتی لە ڕۆمانەکەدا بەکار هێنراونەتەوە و خوێنەر پێی وا نابێت دەستکرد بن. هەمان شێواز لە ڕۆمانی "گابۆڕ"ـی سەیدقادر هیدایەتیدا لە مەڕ گۆڤارەکەوە دەبینین. بێگومانیش لە جیهاندا نموونەی ڕۆماننووسی وا زۆرن، کە پێشهاتە خەیاڵکردەکانیان بە تەنیشت ڕووداوێکی ڕاستینەوە ڕوو بدات و هیچ دەستکارییەکی ڕووداوە ڕاستینەکە نەکەن، بەڵکوو ڕووداوە خەیاڵکردەکانی خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن، ڕەنگە نموونەیەکی باش بۆ ئێستا، ئەی.ئێڵ دۆکتۆرۆف بێت.

کارەکتەری سابیری حەمماڵ، لە ڕۆمانی "شار"ـدا، هێندە باش داڕێژراوە و هێندە خاوەنتایبەتمەندیی بەهێزە، دەمخاتەوە بیری ئابلۆمۆڤی گنچارۆڤ. ئەگەر کەسێک هەردوو ڕۆمانەکەی خوێندبێتەوە، ئەوا بە ئابلۆمۆڤی گنچارۆڤی بەراورد دەکات. گنچارۆڤ لە هەزار و هەشتسەدەکاندا ژیاوە. هەردوو کارەکتەر، سابیر و ئابلۆمۆڤ نموونەی دوو ئینسانی هەتا بڵێیت تەنبەڵوتەوەززەلن. تاقەتی هیچ کارێکیان نییە، مەگەر ئەوەی خەریک بێت بمرن و هێز بدەنە خۆیان بڵێن برسیمانە. جیاوازیی ئەم دوو کارەکتەرە ئەوەیە ئابلۆمۆڤ تەنبەڵێکی دەوڵەمەندە و سابیر هەژارێکە. ئەمڕۆ لە دنیادا ئابلۆمۆڤیزم- بۆ ئەوپەڕی پلەی تەنبەڵێتی- هەیە و دەبوو بۆ ئێمەیش سابیریزم هەبوایە. بە تایبەت لەم دنیای قسەزۆرفڕێدان و ئیشهەرگیزنەکردنەماندا.

بەشی یەکەمی ڕۆمانی "شار" گێڕانەوەیەکی گشتگیرە لە ڕووداوەکانی نێو شار و پێوەستکردنەوەیان بە مێژووی شارەکەوە، بەڵام بەشی دووەم کە حسێن عارف دوای سێزدە ساڵ گەڕاوەتەوە لای و تێ هەڵچووەتەوە، سەلمێنەری توانای ڕۆماننووسە لە ئاراستەگۆڕینی گێڕانەوە و دەروونپشکنیی کارەکتەرەکانیدا. بۆیە دەرفەتی ئەوەی لە ڕەخنەگر سەندووەتەوە پێی بگوترێت تەنیا دەگێڕیتەوە. لە بەشی دووەمدا عارف بە گۆڕینی ڕاوی و بچووککردنەوەی شوێنی ڕووداوەکان، باشتر دەچێتە دەروونی کارەکتەرەکانی و ڕوونتر بیرکردنەوە و دەغدەغەکانیان نیشانی خوێنەر دەدات. بەشی دووەم دەکرێت بە دیوە سیاسییەکەی ڕۆمانی شار و بەشی یەکەم بە دیوە کۆمەڵایەتییەکەی ناو ببەین.

حسێن عارف، نە پەخشاننووسێکی هەرزانە، نە ڕووداوخولقێنێکی بێناوەڕۆک، نە سووریالینووس و نەیش عەجیبوغەریبنووسە، بەڵکوو نموونەیە بۆ ڕۆماننووسێکی ڕێئال، کە ڕۆ دەچێتە ڕووداوەکانی نەتەوەکەیەوە و لەو ئاقارەدا ئەدەبیات دەخولقێنێت. "شار" نموونەیەکی هەرەباش بۆ نیشاندانی ڕۆمانی کوردییە. پاشبینیی ئەوە دەکەم کە دەبوو دوای ڕۆمانی "شار" نووسەرانی ئێمە زیاتر لە نووسینی ئەم چەشنەڕۆمانە نزیک کەوتبانەوە، لێ مخابن ئەدەبیاتی گێڕانەوەی ئێمە بەرەو ئاقارێک ڕۆیشت، کە هەستی خۆییبوونت نەداتێ.

حسێن عارف لە ١٩٥٩ـدا کتێبێکی سیودوولاپەڕەییی بە ناوی "لە کۆڕی خەباتدا" چاپ و بڵاو کردەوە. پێم وایە یەکەم کتێبی. لە ٢٠٠٣ یان زووتردا، من، ناویم بیست، لە ٢٠٠٩ـدا بە تەلەڤزیۆنی کوردساتی ڕاگەیاند لە پێنج و شەشی سەرەتایییەوە دەستی کردووە بە کتێبخوێندنەوە و بەڵام دواتر تۆزێک بە ناڕوونی قسە دەکات و زۆر لەوە دەچێت لەو ساڵانەی دەوروبەری ٢٠٠٩ــوە بە هۆی چاوییەوە لە خوێندنەوە دابڕابێت. دوو ساڵ دواتر، لە ٢٠١١ـدا، وەک هاوڕێیانی غەزەلنووس بانگهێشتمان کرد بۆ یەکێک لە دانیشتنەکانی کتێبفرۆشیی غەزەلنووس و هات بە بێدەنگی دانیشت. هیچی نەگوت. گوێی گرت و دوایی بە ڕستەیەک گوتی: "دەستەکانتان خۆش بێت. بەداخەوە ناتوانم زۆر قسە بکەم، بەڵام کێشەی سەردەمی ئێمە نەبوونی ڕەخنە بوو و ئێوە کارێکی زۆر باش دەکەن." من وام دەزانی عارف کابرایەکی خڕکەڵانەی بچکۆلەیە، بەڵام کاتێک بە پلیکانەکانی غەزەلنووسدا سەر کەوت و ڕۆی، تەماشام کرد باڵابەرزیشە.

عارف زیاد لە دە ساڵە هەواڵی نەخۆشکەوتن و لەماڵ-کەوتنەکەی بەرباسە و لەمێژیشە وازی لە نووسینی ئەدەبی هێناوە. کەسیش داهاتوو نازانێت ڕەنگە لە پڕ بە ڕۆمان و چیرۆکەوە دەربکەوێتەوە و ڕەنگیشە هەرگیز. بەڵام لە کاتێکدا هەولێری-گوتەنی خۆی لە ماڵێ پەستاوە، هێشتا جارجار دەبیستین بە قەولی ڕەووف بێگەرد لەم چەم و ئەو چەمدا سەرەحاڵە و دەخواتەوە. نۆش. دە ساڵیش دەبێت تاقەهەواڵی- لای من- بەس ئەمەیە. جاربەجارێکیش لە ڕێی وێنەکانییەوە یان بە چاکەتوپانتۆڵێکی قاوەیییەوە کە بە پەلە بۆ میوانییەک بەبێ کراڤات کردوویەتییە بەری، یان بە دەستێک جلی خەتخەتی ماڵەوە کە کابرایەک چووە بۆ ئەوەی ڕەسمی لەگەڵدا بگرێت، دەیبینین. گرنگ ڕۆماننووسەکەی ئێمە لە ڕێی کتێبەکانییەوە خەریکە بە بێدەنگی شارەکەی خۆی خۆش دەوێت. هەر وەک چۆن ئەمڕۆیش بە بێدەنگی بوو بە ٨٤ ساڵ. ماوەتەوە بڵێم سوپاس بۆ ئەو هەموو چایە. کەواتە بێهۆ نییە کە چای شیرینی نووسیوە. منیش زۆر چا دەخۆمەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی