جەواڵدڕەکان

23/11/2020

عەبدولرەزاق شەریف

ئەوەی ئێستا لەپارێزگاکانی سلێمانی‌و هەڵەبجە ئەگوزەرێ، دەسەڵاتێکی ڕەهای بنەماڵەو کەسایەتیە سیاسیەکانی هەرسێ حزبی حوکمڕانە، لەڕوی دارایی‌و ئابورییەوە کۆمەڵێ کۆمپانیای بواری جیاجیای پارە پەیاکردنی ناشەرعی‌و ناقانونی پێیانەوە هەڵواسراوو گرێدراون، ئاوێتەیەکن هاوڵاتی نازانێ‌و ناتوانێ پیاوی پارەدار، لەسیاسی‌و حاکم، حوکمدارێتی لەبازرگان‌و هەموشیان لەمناڵی بنەماڵە سیاسییەکان هاوێر بکات.

لەڕوی هێزی چەکدارەوە، بۆ پارێزگاریکردنی خۆیان‌و هەڕەشەو خۆسەپاندن، دەیان دەستەو تاقم‌و گروپی سەر بەخۆیانیان لەدەزگاکانی هەرێم (وەزارەتەکانی پێشمەرگە، ناوخۆ، نەوت‌و دارایی، سەرۆکایەتی هەرێم‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و ئەنجومەنی ئاسایش)دا هەیە، لەعێراقیش لە(سەرۆکایەتی کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دیفاع، وەزارەتی داخلی‌و مەجلیسی ئەمنی وەتەنی) لەمەفرەزەی حیمایەوە بۆ فەوج‌و لیوا هەیانە، سەرباری هەموو ئەوانەش کۆمپانیاکانی پڕچەکی سیکیوریتی تایبەت بەنەوەکانیان داناوە، تێکەڵەیەکن کەس نییە بتوانێ ناوی تفەنگچیەکان‌و سەردارەکانیان‌و تەنانەت جلوبەرگەکانیشیان لێکجیابکاتەوە.

لەڕوی دەسەڵاتەکانی (قەزایی، تەنفیزی‌و تەشریعی)، دەیان ساڵەو بەکاوەخۆ هەموو جومگەکانیان لەکارگوزارێکی قوتابخانەیەکەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان، ڕاوێژکار، وەزیر، حاکم‌و پەرلەمانتارەکان، تۆڕێکی دەربارو خوازەڵۆک‌و دەسندەخۆریان چنیوە، تەونێکن هێندە ئاڵۆز، قورسە لەناو ماڵەکانیشیاندا، ئاشپەزو دەرگاوان بەگفت‌و ڕەفتار لەحاکم‌و وەزیرو پەرلەمانتارەکە جیابکرێنەوەو بناسرێنەوە.

لەڕوی بوارەکانی ژیانی فەرهەنگی (میدیا، ئەدەب‌و هونەر، وەرزش‌و...هتد)، دەیان (کەناڵ‌و دامەزراوە، سەدان ڕێکخراو، یانەو تیپ ...هتد) یان بۆ تێکدان‌و شێواندن‌و سوکایەتی  بەمێژوو، شکۆو شوهرەتی ئێستاو ڕابردومان لەگەڕدایە، بەشێوەیەک مرۆڤی کورد، گومان لەڕابردوی باوو باپیرانی خۆی ئەکات‌و پرسیاری هەقیقەتی ڕەگەزی ناودارەکانی کۆمەڵی کوردەواری بۆ وەڵامنادرێتەوە.

هەموو ئەو دارو دەستەو دەسەڵاتە ڕەهایانە، کەس‌و بنەماڵە سیاسیانەی هەرێمی کوردستان قۆرخیانکردوەو بەهێشویی لەگەڵ تۆڕە لێکچوەکان پیادەی ئەکەن، بێ دەزگای لێپرسینەوەو بێ پابەندبونی بەرپرسیارێتی دەستوری‌و یاساییە، بێ بەرپرسیارێتی شەرعی‌و ئەخلاقیە.

لەهیچ شوێنێکی سەر تۆپی ئەم زەوییەدا، نە ئێستاو نە لەڕابردوشدا، دەسەڵاتی هاوشێوە بەبێ بەرپرسیارێتی نەبوەو نییە، گەلۆ ئێمە بەتەماو تەمەناو بەنیازی چی لەگەڵ ئەمانەدا بژین؟ تا کەیی‌و بۆ کوێ دێوجامەی سەرچۆپی ئەم شین‌و شاییە بەدەست جەواڵدڕەکانەوە بشەکێتەوە!؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی