لەماوەی ١٧ ساڵی ڕابردودا ھەرگیز کورد بەمشێوەیەی ئێستا لەپارێزگای کەرکوک بێ دەسەڵات نەبوە، ئەگەرچی کورد زۆرینەی پارێزگاکەیە، بەڵام نەک ئیدارەی ناوچەکەی لەدەست نییە، بەڵکو لەژێر ھەڕەشەی تهعریبو شوناسی نەتەوەییدایە، لەدوای ڕوداوەکانی 16ى ئۆکتۆبەر کە دەرئەنجامی ڕیفراندۆمێکی ناوەخت بوو، کورد بەتەواوی لەدەسەڵاتی پارێزگاكه دورخرایەوەو عهرەبی سونی ناوچەکە چوە ھەرەمی دەسەڵات، ئەگەرچی کورد لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک زۆرینەیەو ھەموو دەسەڵاتێکی ھەیە، بەڵام بەھۆی دوبەرەکیو ناکۆکی کورد بەتایبەتیش نێوان پارتیو یەکێتی، دۆخەکەی بەئێستا گەیاندو تادێت کورد پەراوێزدەخرێتو زەویو زاری گوندنشینە کوردەکانیش ھەڕەشەی زیاتریان دەکەوێتەوەسەر.
ملنەدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوکو دانانی پارێزگارێکی کورد لەوشارە، ئەو حزبەی دوچاری کۆمەڵێ پرسیاری جۆراوجۆر کردۆتەوە، ئاخۆ بۆ پارتی ناوچەکانی نەینەواو شەنگالو زوممار بەداگیرکراو نازانێتو بەشداری ھەڵبژاردنی تێدادەکاتو پۆستی ئیداریی تێدا وەردەگرێت، بەڵام کەرکوک بەداگیرکراو ناودەباتو بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی دەکات؟؟ لەکاتێکدا ھەمان دۆخی ئیدارییو نەتەوەیی تێدایەو ھەمان چارەنوس چاوەڕێیان دەکات.
ئەگەرچی یەکێک لەخاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان پارتیو یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی ئەمجارەی حکومەت دانانی پارێزگارێکی کورد بوو لەکەرکوک، بەڵام دوای تێپەڕبونی زیاتر لەساڵێکو حەوت مانگ، ھیچ ھەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵە نەندراوەو پێدەچێ یەکێتیش لەوە تێگەیشتبێ کە ئیدی پارتی ڕێککەوتنەکانی تەنھا بۆ کاتکوشتنە.
لەسەرەتادا پارتی سەرجەم ئەو کاندیدانەی ڕەتکردهوە کە یەکێتی پێشنیازیکردن، تا دواجار لەکۆی ١٧ ناوی پێشنیازکراو، پارتی لەسەر (تەیب جەبار) وەک پارێزگار ڕازیبوو، بەڵام دواتر چونە دەرەوەی ھێزەکانی سوپای عێراقو حەشدی وەک مەرجێکی نوێ ھێنایە ناوباسو خواسەکانو دیسان ئاستەنگی دروستکردەوە، یەکێتیش بەحوکمی ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی کوردی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەست پارتییەوەیه، ناچارە ھەرچۆنێک بێت بێ پارتی نەچێتە ناو ئەو گەمە سیاسیە چارەنوسسازە.
وێڕای ئەوەی کورد لەناوچەکە لەژێر ھەڕەشەی سڕینەوەی ناسنامەدایەو لەدۆخێکی دەرونی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، لەئێستاشدا لەھەوڵێکی تری ئیقلیمیو ناوخۆیدایه، خەریکە پارێزگارێکی تورکمان بۆ شارەکە دادەندرێت کە مێژویەکی دورودرێژە تورکمانی ئەوشارە بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش دیسانەوە غروری سیاسی پارتیو ناکۆکیەکانی کورد لەشارەکە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ جێبەجێکردنی پیلانێکی لەوجۆرە کە بەزەرەری کورد تەواودەبێت.
لێرەدا چەند پارتی دیموکراتى كوردستان تاوانبارە کە خۆی لەمەسەلە گرنگەکانی کەرکوک دەدزێتەوە، بەم ئەندازەیەش بەرپرسیارێتی گەورەش دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی کە وەک حزبی یەکەمی شارەکە کە خاوەنی جەماوەرو دەنگدەرێکی زۆرە، چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخی شارەکە بدۆزێتەوە، چ بەڕێککەوتنی بێت لەگەڵ لایەنەکانی کەرکوک بەبێ پارتی، یان کشانەوەو ھەڵوێستوەرگرتنی لەحکومەتی ھەرێم، بەپاساوی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنامەکەی نێوانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێکھێننانی کابینەی حکومەت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی