لەنێوان ڕێککەوتنی (ئەمریکا ــ سعودیە) و (تورکیا ــ هەولێر)دا

27/11/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لەساڵی 1973ەوە ئەمریکا و سعودیە ڕێککەوتنێکی نەوتی لەنێوانیاندا هەیە، ئەمریکا بازاڕەکانی جیهان بۆ نەوتی سعودیە فەراهەم دەکات و سیستمە سیاسیە سوڵتانییەکەی سعودیە دەپارێزێت، لەبەرامبەردا سعودیەش بەدۆلار و دراوی ئەمریکییەوە مامەڵە بکات و وەک دراوێکی جیهانی و بەهێز لەناوچەکەدا بیناسێنێت و دەرفەت بۆ جوڵە بازرگانی و سیاسییەکانی ئەمریکا بکاتەوە و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەبێت لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەم دواییانەش سعودیە چەند جوڵەیەکی کرد وەک شەوە ئاهەنگەکانی جەددە و کردنەوەی یانەی شەوانەی حەڵاڵ و توانای ژنان بۆ شۆڤێری هەموویان پاداشتی سعودیەیە بۆ ئەمریکا تاکو لەتیرۆری (خاشوقچی)دا بێدەنگی بکات و کەیسەکە دابپۆشرێت. بە کرداریش ئەم سیناریۆیە سەریگرت و سعودیە و (شا محەمەد بن سەلمان) بەبێ هیچ ترسێک لەکەیسەکە ڕزگاریان بوو، سەرەڕای ئەوەش میدیاکانی جیهان باسیان لەوەکردووە دەسەڵاتی سعودیە بەڕێگای نهێنی لەگەڵ کوڕەکانی خاشوقچی ڕێککەوتنیان کردووەو ئەمریکاش ئەمە دەزانێت.

هەموو ئەوانەی سەرەوە و پرسی دەرکردنی قەتەر لەڕێکخراوی هاریکاری کەنداو و کرانەوەی ئیسرائیل و ڕێککەوتنی جولەکە و چەند وڵاتێکی عەرەبی بەم دواییانە....هتد، دەستی سعودیەی لەپشت بووە لەپێناو بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ سعودیە. ئەگەر ئەمریکا لەهەموو ئەو پۆخڵەواتی و خراپەکاری و سیستمە داخراوە سوڵتانییەی سعودیە بێدەنگ نەبوایە، ئەوا هەرگیز سعودیەش ئامادەیی نەدەبوو هەنگاوی گەورەی وەها لەخزمەت ئەمریکا بنێت کە ئەمریکا بێدەنگ بکات لەهەر خراپەکارییەک دەسەڵاتدارانی سعودیە پێیهەڵدەستن.

بەنزیکەیی لەساڵی 2013یشەوە تورکیا و هەولێر ڕێککەوتنێکی نەوتی (50) ساڵیان ئیمزاکردووە، ئەم ڕێککەوتنەی تورکیا و هەولێر زۆر جیاوازو نایەکسانە بەڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و سعودیە. لەڕێککەوتنی تورکیا و هەولێردا نەک دەرفەتی گەشەی زیاتر نادات بەهەموو باشووری کوردستان و بازاڕی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان فەراهەم ناکات و کوردستان لەهەر هەڕەشەو جەنگێک ناپارێزێت بەڵکو تورکیا بەبردنی نەوتی هەرێم دەستی ناوەتە بینەقاقای هاوڵاتیانی هەرێم و لەجێگای بەرگریش لەهەرێم نیوەی باشووری داگیرکردووە، ئەوەیشی تورکیا بەرگری لێدەکات کورد نییە، بەڵکو تاکە هێزێکی موتیعی سەربە تورکیایەو هەرچی تورکیا بییەوێت ئەو بۆی جێبەجێ دەکات لەپێناو مانەوەی خۆی.

ڕێککەوتنی ئەمریکا و سعودیە دوای نزیکەی پێنج دەیە هێشتا لەخزمەت سعودیە و دەسەڵاتە داخراوەکەیەتی، لەهەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەی بەهاری عەرەبیشدا، سعودیە بێترس لێیدەرچوو. بەڵام ڕێککەوتنەکەی تورکیا و هەولێر پێش هەر شتێک دژی کوردو گەشەی سیاسی و حکومەتەکەی باشووری کوردستانە. ئێستا کە دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم خراپ بووە ئەوە تەنها بەغدا نییە سزای هەرێم دەدات، بەڵکو ئەوە تورکیایە داهاتی نەوتی هەرێم بۆخۆی بەتاڵان دەبات و کەسیش نییە ئەم خراپەکارییە ڕابگرێت.

ڕێککەوتنی نەوتی نێوان تورکیا و هەولێر، لەهەر کات و زەمەنێکدا واژوو کرابێت ڕێککەوتنێکی زۆر خراپ و شاراوەیە، ئەم ڕێککەوتنە تەنها ڕێککەوتنە کە نەوت بەرامبەر پارەیەکی کەم، ئەگینا دەتوانرا وەک هەر ڕێککەوتنێکی دیکە لەپاڵ وەرگرتنی پارەدا مەرجی دیکە جێگیربکرایە وەک نەبەزاندنی سنورەکانی هەرێم لەلایەن تورکیاوە و هاوکاریکردنی هەرێم لەهەرکاتێکدا کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی نەخوازراو دەبێتەوەو پاراستنی بەرژەوەندی هەردوولا لەناوچەکەدا، بەڵام ئەمە نەکراو ئێستا لێکەوتەکەی ئەوەیە ناتوانرێت بەئاسانی لەم ڕێککەوتنە پاشەکشێ بکرێت و هەڵبووەشێنرێتەوە، تاکو ئەم ڕێککەوتنەش بەردەوام بێت ئەگەری لاوازکردن و تاڵانبردنی نەوتی هەرێم هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی