(٣)
جارێکی‌تریش یادەوەریەكان ده‌مبه‌نه‌وه بۆ جەلەوە،
مێشکم ئەوەندە پرە لە جەنجاڵی رووداو بەسەرهاتەكانی ئه‌و گه‌ڕه‌که، که‌ئه‌وکات جیهانێکی سه‌یر و ژیان تیایدا یه‌کجار ساده بوو ، به‌ڵام پڕ له جوڵه‌و کاراکته‌ری جیاجیا بوو، بەجۆرێک خەریكە بەئاسانی نه‌توانم جیایانبکەمەوە، ڕوداوەکانی جەلەوە، هەموو بەیەکەوە وەکو هەنگ هێرش ده‌که‌ن بۆ سەر شانەکانی مێشكم، به‌ڵام زۆر گرانە بتوانم هەموو یادگارەكانی ئەورۆژگارە شەن و کەو بکەم هه‌ندێ له‌و چیرۆکانه بڵاوبكەمەوە (لا یكلف اللە نفسا إلا وسعها ) بۆیە بە دڵ داوای لێبوردن لە وانە دەكەم، كە نەمتوانیوە باسیان بكەم.
لەم زنجیرەدا ئەم چیرۆکە، كە یادەوەری و بەسەرهاتی كاك سالم-ە خۆی سه‌پاند و ناچار بووم باسی بکه‌م، هیوادارم ببێتە مسكی ختامی ئەم چیرۆكەی جەلەوە.
سالم نەجم کەریم محەمەد سەعید حاتم ،باپیرە گەورەی خەزنەداری فه‌رمانگه‌یه‌کی حکومی بوو لە سەردەمی عوسمانی‌دا، سالم لە ساڵی (١٩٣٩) لە جەلەوە لەدایك بووه، باوکی چەخماخساز بووە ،لە ساڵی (١٩٤٤) بەهۆی بزێوی و دەستێوەردانی سەرکێشانەی سالم لە کاری باوکی و لە کاتی دروست کردنی فیشەک بۆ چەکی تاپر، دەبێتە هۆی تەقینەوەی بارووتی بەردەستیان، بەمەش باوکی دەستبەجێ گیانله‌ده‌ست ده‌دا و خۆیشی بەسەختی بریندار دەبێت و دەستی راستی تا نیوەی مەچەکی دەقرتێت و چاوێکی کوێر و ئەوەیتریش بە خستی بریندار دەبێت،
بەم رووداوە ژیانی سالم ئه‌بێته کاره‌سات و بەدبەختی تا دووا چرکەی ژیانیشی لێینابێته‌وه ،كە بێ باوک و هه‌تیو دەکەوێت و ژیانی تاریک وتاڵ و داهاتووی نادیار و لیڵ ده‌بێت، بەڵام ئەم چەتون و سەرکێشە سه‌ره‌ڕای ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌ش بێ ئومێد نابێت و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ چاره‌نوس ئه‌کات و زەمەن بە شێوەیەک لە شێوەکان ھاوتەریب بە باری ناهەموواری خۆی ده‌گونجێنێت.
ماڵی سالم لە دوا کۆڵانی تەسکی قیرتاونەکراوی جەلەوە بوو، لە نێوان ماڵی دەروێش باوەخانی سۆفی و ماڵی باوەجانی كاكەیی بوو، بەرانبەریانیش ماڵی میر عەلی شیعەی دوانزە ئیمامی بوو، ماڵی نەنکیشم هه‌ر لەو خانووە کرێچی بوون و مامۆستا موحسنی خاڵیشم هه‌ر لەوێ لە دایکبووە،
لە مناڵیەوە سالم خاوەن کەسایەتی خۆی بووە ،بە متمانە بە خۆبوون نەیهێشتووە بێ هیوا و دەستەپاچە بێت، سه‌ره‌ڕای باری ناهه‌مواری بەشداری لە زۆربەی چالاکی و یاریەکانی گه‌ڕه‌ک لە هه‌ڵماتێن و مەلەوانی و زۆرانبازی وپاسکیلسواری٠٠٠٠هتد کردوە
جارێكیان برادەرەكانی ئەیبەن بۆ دزینی پرتەقال لە باخی قەسركە، بە هەموویان گیرفانەكانی چاكەتەكەی سالم پر دەكەن لە برتەقال و خۆیان هیچ هەڵناگرن ،لە گەرانەوەیان لە كوێچەباخ ،باخەوانەكە ئەیانبینێ سەیری گرفانەكانی چاكەتەكەی سالم دەكات پرە لە برتەقال ، دوای گلەیی و گازندە و لێستاندنەوەی پرتەقالەكان لە سالم باخەوانەکە دەروات ،سالم دەسدەكات بە گیرفانەكانیدا دوو برتەقال ماوەتەوە ،بانگی باخەوانە دەكات و دەڵێت ئەوە دوو پرتەقالیتریش ماوە ، وەرە بیبەوە ئێمە ماڵی حەرام ناخۆین!
سالم نەخوێندەوار بوو، بەڵام مێشکێکی زیرەک و یادەوەریەکی بە هێزی هەبوو، بەردەوام خۆی بە کارێکەوە خەریک كردووە، خوی به‌شتی سه‌یره‌وه ده‌گرت، له‌وانه ماوه‌یه‌ک دەفتەرێكی تایبەتی هه‌بوو رۆژی لە دایکبوون و مردنی خەڵکی جەلەوەی تیا دەنووسی ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌وار بوو مامۆستا موحسن ماوەیەکی زۆر ئەو ئەرکەی بۆ جێبەجێ دەکرد ،لە دوای مامۆستا موحسن کە خانەقی جێهێشت و پەیوەندی بە شۆرشەوەکرد بۆ ماوەیەک من کاره‌که‌م بۆ ڕایی ده‌کرد ، وای لێهاتبوو جاروبار خەڵکەكە بۆ دەرکردنی دەفتەر نفوس سودیان لەو دەفتەرەی سالم وەردەگرت، به‌لای سالمه‌وه گرنگ بوو کارێک بکات و خۆی پێوه سه‌رقاڵ بکات.
ئه‌و پیاوه وه‌ک بڵێی لەسروشتەوە حەزی چەک و چه‌خماخسازیشی له باوکیه‌وه بۆ مابوه‌وە، بە نهێنی بەردەوام خەریکی پاککردنەوە و چاککردنی چەک بوو، بەتایبەتی دەمانچە بە هەموو جۆرەکانیەوە، لە دوایدا خەریکی دروستکردنی دەمانچە بوو و سه‌ره‌نجام دەمانچەیەکی سادەی قەڵەمیشی دروستکرد.
له‌درێژه‌ی کاره‌کانیدا ماوەیەک كارمەندی عیادەی دكتۆر سامی بوو، ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ژیانی سالم زیاتر له فلیم ئه‌چێت تا به‌سه‌رهاتی راسته‌قینه، بە هۆی خەسڵەتە جوان و چاکەکانی لە پاکی و رەوشت بەرزی و دڵسۆزی، ئه‌و دكتۆرە وەکوو ھاوڕێ و کەسی خۆی تەماشای دەكرد.
لەو ماوەیەدا کە سالم بەردەستی دکتۆر دەکات، به‌وردی سەرنجی ده‌دات و گوێ لە قسەی نەخۆش و راسپاردەی دکتۆر بۆ نەخۆشه‌کان دەگرێ و ناوی دەرمانەكان لە بەردەكات، دوای ماوەیەك کاتێ نه‌خۆشه‌کان سەردانی دکتۆر سامی دەکه‌ن لە ژووری چاوەڕوانی سالم خۆی لێیان ئه‌کات به‌دکتۆر لە جیاتی دکتۆر پرسیاریان لێ ده‌کات و ته‌نانه‌ت چارەسەریان بۆ دیاری دەكات و پێیاندەڵێت برۆن ئەم دەرمانە بکڕن و به‌م شێوه‌یه بەکاری بێنن، پێشیان ده‌ڵێت: بۆ دەچن بۆ لای دکتۆر، ئه‌ویش هەمان دەرمانتان بۆ دەنووسێ و پارەتان لێوەردەگرێ، سه‌ره‌نجام وای لێدێت دکتۆر سامی هەست بەکەمی نەخۆش و كزبوونی ئیشی عیاده‌که‌ی دەکات، رۆژێک پرسیار لە سالم دەکات و ئەڵێت :ئەوەچییە ئەم ماوەیە نەخۆشمان کەمبۆتەوە.؟ئەویش دەڵێت خۆم به‌خۆڕای بەرێیان دەکەم و پێویست ناکات بێنه لای جەنابتان، دکتۆر سامیش ئەڵێت خۆش ئەبولئیستعلامات…خۆش دکتۆر ...!!، بۆ تۆ نایەی لە شوێنەكەی من دانیشیت و من لێرە بم ..!!؟؟ لە دواییدا ئامۆژگاری دەکات و مەترسی کارەکەی بۆ شیدەکاتەوە کە چەند نادروست و مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیه‌ک نابێت دووبارەی بکاتەوە، هەروەها پێ دەڵیت: ئەگەر وا بڕوات ئەکەونه سەر ساجی عەلی و چۆن کرێی عیادەکە و مەعاشی تۆ و خەرجی ماڵ و مناڵ دابین بكەین ؟؟
دوای چەند ساڵێک دکتۆر سامی له خانه‌قین نامێنێت و ئەگوازرێتەوە بۆ دیاله و سالم دەچێتە لای دکتۆر عه‌بدولباری لەویش فێری دەرزی لێدان دەبێت، دوای ماوەیەک ئەمیش دەروات، سه‌ره‌نجام سالم دەبێتە دکتۆری گەرەکی جەلەوە خۆی ده‌رمان و كەرەستەكانی تری چاره‌سه‌ری نەخۆش لەده‌رمانخانه‌کانی به‌غدا ده‌کڕێ و بە کەمێک پارەی زیادەوە بۆ نەخۆشه‌کانی ده‌نوسین، خه‌ڵکەکە بێجگە لە عیلاج و دەرمان بۆ دەرزی لێدانیش هەر ده‌چوونه لای ئەو، دەیانووت دکتۆر سالم زۆر دەستی سوکەو ژنانیش دەیانووت کاک سالم مه‌حرەمە.
دکتۆر عدنان مەهدی، ئێستاش دکتۆرێکی بەناوبانگی خانەقینە و خەڵکی جەلەوەیه ،سالم وایلێهات ئەیوت :عدنان لە کۆلیج و کتێب و به خوێندن بڕوانامەی پزیشکی وەرگرتوه، به‌ڵام من به عه‌مه‌لی لای دکتۆر سامی و د. عه‌بدولباری فێر بوومە ،دکتۆر عه‌دنانیش قسەی نەدەكرد و دڵی نەدەشکان و مراعاتی دەکرد.
لە درێژه‌ی سه‌رکێشیه‌کانیدا ساڵی (١٩٧٢)سالم و مامۆستا حەسەن محەمەد ساڵح، برای كاك ئسماعیل خەیات هونەرمەندی بەناوبانگ، که‌ئەمانیش ماڵیان لە جەلەوە بوو، بە دوو قۆڵی بە پاسیکلسواری لە جەلەوەوە بۆ سلێمانی و هەوڵێر رۆشتن و زیاتر لە دووحەفتەیان پێ چوو، نازانم تاکوێ رۆشتن به‌ڵام دوای ئەم سەفەرە سالم بە ته‌واوی به‌هیلاک چوو و چاوەکەی تریشی لە دەستدا، به‌ڵام هێنده به ئیراده‌و سه‌رکێش بوو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ کوێربوونیش ده‌جه‌نگاو دانی به‌وه‌دا نه‌ئه‌نا که کوێربووه، به‌هۆی ئەوەی شارەزای کۆڵان و رێگەكانی جەلەوە بوو وشوێنی ماڵەكانی دەزانی و دەنگەكانی دەناسییەوە خۆی وا پیشان دەدا کوێر نییه‌و وەكو جاران ئەبینێت و هیچ کێشه‌ی نییه.
دوای کوێربوونه‌که‌ی زۆربەی عەسران لە ماڵی خۆیانەوە بەبێ گۆچان و یارمەتی كەس، وردەوردە بۆ لای دوكانی سلێمان دەهات و بەدەم رێگاوە و به‌ده‌ستێکی قرتاوی نیو مەچەكیەوە رادێوكەی پێ‌بوو، بە دەستەكەی تریشی خەریكی مەوج و مەحەتە گۆرین بوو ،تا كەس هەست بەوه نه‌کات که نابینایه.
ئه‌وکات لە جەلەوە بزووتنەوەی سیاسی زرمەی دەهات و هەمە جۆر بوو ،پارتی و جه‌لالی و شیوعی بە هەردوو باڵەکەیەوە ،لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزی، لەدوایدا کۆمەڵە و یەکێتیش په‌یدابوون، هەندێ کەسی زۆر کەمیش بوون بە بەعسی، بەڵام بێ زیان بوون ، ئه‌توانم بڵێم پێش ئه‌وه‌ی خڕێی ناوزه‌نگ دۆڵی ئه‌حزاب بێت، جه‌له‌وه گەرەکی ئەحزاب بوو !!!
لە کۆتایی ساڵی(١٩٦٣) سەرکردەیەکی باڵای شۆرش به نهێنی لە بەمۆ و سەرتەك ،سەردانی شاری خانەقینی كرد بۆ سەرپەرشتی کاری رێکخستن، چەند شەوێک لە ماڵی خاڵم سه‌عدوڵا مایەوە ، ئەندامانی پارتی سەردانی دەكردن، ئەو کات من منداڵ بووم هەستم ئەکرد خەڵکی ناسراو و نە ناسراو هاتوچۆی ماڵی خاڵم دەکه‌ن، پرسیارم دەکرد، بەڵام وه‌ڵامی راست و دروستم دەستنەدەكەوت ،لە دوایدا بۆمان دەرکەوت ئەو میوانە کاک حلمی عەلی شەریف بوو .
دوای جیابونەوەی ساڵی(١٩٦٤) ئەندامانی پارتی بوون بە دوو بەشەوە،سالم وەکوو پارتی مایەوە ،زۆ ر جار لەگەڵ برادەرانی خەتی مەکتەبی سیاسی لە جەلەوە
لە مشتومردا بوو، بەڵام مام جه‌لالی خۆشدەوێست و ئەیووت: ئە گەر بە كفری نەزانن مه‌لا مستەفا وەکوو عو مەری کوری خەتاب وایە و مام جه‌لالیش وەکوو ئیمامی عەلی ،ئەوان خۆیان تەرخان کردبوو بۆ خزمەتی ئیسلام ئەمانیش خۆیان تەرخان کردووە بۆ کورد و کوردایەتی ،نابێت کورد دژی کورد بێت.
سەرەڕای جیاوازی سیاسی و فیکری بەیانی ئازاری ساڵی حەفتا رۆژێکی پیرۆز بوو بۆ کورد، به‌ڵام بۆ سالم له‌وه زیاتر رۆژی خۆدەرخستن و پیشاندانی دەمانچەکانی بوو، لە شەوی خوێندنەوەی بەیانەکە لە سەر بانی خۆیان تادرەنگانێ بە دەمانچەکه‌ی تەقەی خۆشی دەکرد.
لەو سەردەمەدا لە خانەقین شایی و هەڵپەرکێ بێ ئیزنی قایمقام قەدەغەبوو ،سالم بە چەند بیانوویەکەوە ئیزنی وەردەگرت و شایی و زەماوەندو هەڵپەرکێی به ده‌هۆڵ و زوڕنا سازدەکرد.
ئه‌م رۆحه کوردانه‌یه‌ی سالم هه‌ر به‌رده‌وام و پڕجۆش خرۆش بوو، دوای راپەرین په‌یوەندیمان بەردەوام بوو ، لەکاتی روخاندی رژێمی بەعس و رزگارکردنی خانەقینیش دەوری جوامێری خۆی نواند
لە ساڵی(٢٠٠٥) سالم هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنێكی قەیرە ده‌کات ،بەڵام سەد حەیف و مەخابن دوای ماوەكی كەم تووشی نەخۆشی خوێن دەبێت و لەزستانی ساڵی (٢٠٠٦)کۆتایی بە ژیانی دێت و بەرەو مەنزڵگای ئەبەدی ئۆغر دەکات وماڵئاوایی لە ئەڵوەن و باخەکان و لە جەلەوە دەکات ،خانه‌قین و جه‌له‌وه‌ش رۆڵه‌یه‌کی بەئەمەك و خۆنەویست و خزمەتگوزار وخۆشەوێست و سه‌رکێشی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
چیرۆکی ژیانی سالم بۆمن له‌و ڕوه‌وه گرنگ بوو که ئه‌و پیاوه له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی تاکۆتایی ژیانی جه‌نگ و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه بوو له‌گه‌ڵ روداو و کاره‌ساتی قورس و ناخۆش، به‌ڵام شانبه‌شانی دڵڕه‌قی ژیان و چاره‌نوس ئه‌و پیاوه ته‌سلیم نه‌بوو، نه‌یهێشت به‌ده‌سته‌پاچه‌یی بژیێت، بۆیه ئه‌ڵێم گه‌ر ئه‌و پیاوه قه‌ده‌ری ژیانی له جه‌له‌وه نه‌بوایه، بڵێی داهێنه‌ر و بلیمه‌تێکی به‌ناوبانگ ده‌ره‌چوبوایه؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی