ئایا گۆڕان لەحکومەت دەکشێتەوە؟

07/01/2021

دییە عەلی

باسوخواسی مانەوەو کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتدا؛ باسی گەرمی ناوخۆیی گۆڕانە.

بزوتنەوەی گۆڕان کە ئێستا بەچوار وەزیرو دەیان بریکاری وەزیرو بەرێوەبەری گشتی‌و ڕاوێژکار لەکابینەی نۆی حکومەتی هەرێمدا بەشدارە؛ ئایا هەروا سانایە بکشێتەوە؟ بەتایبەتی لەم زەمەنی پۆپۆلیستییەدا؛ کەچیتر شەقامی بەدەستەوە نییەو کاریزمایەکی وەک نەوشیروان مستەفا نەماوە ئاراستەی جەماوەر بکات‌و بیرکەرەوەیەکی گەورەشیان نییە؛ بتوانێ موعجیزە بخولقێنێ. 

پرسیارە جدییەکە ئەوەیە یٔایا گۆڕان لەکابینەی نۆی حکومەت دەکشێتەوە؟ ئەگەر کشایەوە دەتوانێت چی بکات؟ ئەگەر بەردەوامبێ چی دەستدەکەوێ؟ 

ئەمانە ئەو پرسیارە جەوهەرییانەیە کەرۆژانە رووبەڕووی سەرکردایەتی‌و هەڵسوڕاوانی ئەو حزبە دەکرێتەوە؛ لەلایەن هیچ کەسێکیشەوە وەڵامێکی قەناعەتپێکەر نادرێتەوە؛ واتە پرسیارەکە بەبێ وەڵام دەمێنێتەوە؛ من لەم وتارەدا دەمەوێ وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانە شرۆڤە بکەم؛ بەهیوام بتوانم تاڕادەیەکی هەقی خۆی پێبدەم. 

لەچەند رۆژی پێشوودا؛ عەدنان عوسمان؛ سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی و وتەبێژی گۆڕان لەتویتێکدا دەڵێ؛ مانگ و نیوێکی تر دوو ساڵ تێئەپەڕێت بەسەر رێکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان؛ لەوکاتەوە تائێستا لەکۆی ۱۲ بڕگەی' لەسەر ئاستی کوردستان' هیچ خاڵێکیان جێبەجێنەکراوەو هەنگاویشی بۆ نەنراوە، وەیا بەنیوەو ناچڵی کاری لەسەر کراوە، بەشەکانی تریش یاهەموی یا زۆرینەی جێبەجێ نەکراون! ‏سەردەمی موراجەعاتە. 

پێشتریش؛ بەهۆی هەڵوێستی پەرلەمانتارانی گۆڕان لە بەغدا و شەش پەرلەمانتاری کوردستانی گۆڕان باسوخواسی رێکەوتن و کشانەوەو پێداچونەوە هاتە ناوەوە؛ هەر ئەوکات ئومێد خۆشناو؛ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان داوای لەسەرکردایەتی حزبەکەیکرد؛ پێداچوونەوە بکەن بەرێکەوتنیان لەگەڵ گۆڕان. 

لەلایەکی ترەوە کەم نین ئەو دەنگە ناوخۆییانەی لەناو گۆڕاندا داوای کشانەوە لەحکومەت دەکەن؛ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر گۆڕان کشایەوە دەتوانێ جارێکی تر شەقام ئاراستە بکا؟ ئایا متمانەی خەڵک بەدەست دەهێنێتەوە؟ بەسەرەنجدان لەبۆچوون‌و کۆمێنتی هاوڵاتیان بەباشی لەوە دەگەی کەچیتر گۆڕان نەدەتوانێ متمانەی هاوڵاتیان بگێڕێتەوەو نەدەشتوانێ شەقام ئاراستە بکات؛ لەمکاتەدا کشانەوەیەکی بێ بەرنامە نزیکی دەکاتەوە لەخۆکوشتنێکی لەسەرخۆ؛ چونکە خەڵکیش وای دەخوێنێتەوە کەکشانەوەی گۆڕان گەمەیەکی هەڵبژاردنەو بۆ گەوجاندنی خەڵکە؛ بەتایبەتی لەئێستادا کەهەڵبژاردنی عێراق نزیکەوە هەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان؛ کەوتونەتە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە. 

هەرچەندە ئەو رۆژەی گۆڕان بەشداری لەحکومەتدا کردووە؛ پارتی هەر ئەو رۆژە حسابی کشانەوەی گۆڕانی کردووە؛ ئەلتەرناتیڤی بۆ داناوە. 

پێشتریش لەچەند کۆبونەوەیەکی جڤاتی نیشتیمانی و گشتیدا؛ وەزیرەکانی گۆڕان ئامادەبوون وەڵامی پرسیاری ئەندامانی جڤات بدەنەوە؛ لەوێش وتویانە؛ بەڵێ مەسرور بارزانی؛ نیەت‌و بەرنامەی چاکسازی هەیەو ئالنگاریشی زۆرە؛ بەڵام تائێستا ئێمە بێئومێدنەبوین لێی‌و بەردەوامیش کاری خۆمان دەکەین‌و هیچ کێشەیەکمان بۆ دروستنەبووە؛ کەواتە بەشێوەیەکی گشتی تیمی گۆڕان لەحکومەتی هەرێم هێشتا نەگەیشتونەتە ئەوەی باسی کشانەوە بکەن؛ بەڵام ئیتیجاهێکی گۆڕان کەوادەردەکەوێ لەدەرەوەی گۆڕان ئاراستە بکرێن؛ بەسەرکردایەتی یوسف محەمەد بەردەوام باسوخواسی کشانەوە دەکەن‌و وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکەن. 

هەرچی باڵەکەی تریشە؛ بەسەرکردایەتی عومەری سەید عەلی؛ رێکخەری گشتی گۆڕان پێیانوایە ئەگەر کارێ بکرێ؛ ئەوە لەحکومەتدا دەکرێ‌و چیتر گۆڕان ئەو متمانەیەی جارانی نەماوە لەناو خەڵکدا؛ بۆیە گرنگە قورسایی خۆمان بخەینە ناو حکومەت‌وهەموو هەوڵمان بۆ ئەوەبێ لەحکومەتدا چاکسازی بکەین‌و خزمەتی خەڵک بکەین و لەوێوە متمانە بگێڕینەوە بۆ سیاسەت‌و بۆ خەڵکیش؛ نەک بەئۆپۆزسیۆن؛ کەدڵنیاین جگە لەهات‌و هاوار هیچمان پێناکرێ و خەڵکیش وەڕس بووە لەهاتوهاواری بێ کردار. 

ئەوەی تائێستا هەیە؛ ئاراستەی دووەم؛ کە ئاراستەی حکومەتە بەهێزترین‌و ئەگەر مانەوەیان لەحکومەتدا؛ زۆر بەهێزترە وەک لەکشانەوە؛ بەڵام هێشتا روون نییە؛ ئایا ئەم دوو ئاراستەیە دابەشکردنی رۆڵە لەناو گۆڕاندا؛ یان جارێکی تر دابەشبوونەوەیەکی ترەو؛ باڵێکی تریان لێجیادەبێتەوە؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە