كێ بوون ئەوانەی حەزیان بە سەركەوتنی تڕەمپ دەكرد!

08/01/2021

لوقمان حاجی قادر

پێش پاڵاوتنی دۆناڵد تڕەمپ لە لایەن كۆمارییەكانەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، چەند دەنگێكی دیاری ناڕازی لە ناو ئەو حزبە بەرزبوونەوە و بە ڕوونی گوتیان كە بەربژێركردنی تڕەمپ بۆ ئەو پۆستە یەكێك لە هەڵە كوشندەكانی حزبەكەیان، دوای چوار ساڵ لە حوكمڕانی ترەمپ ئەو گوتەی ئەوان هاتەدی و ترەمپ كارێكی بە دیموكراسی ئەمریكا كرد كە با بە دەواری شڕی نەكردووە.
تڕەمپ وەك هەندێك لە كەسایەتییە نێرگزییەكانی مێژووی دەوڵەتداری وەك فاشیزم و نازیزم، بە پەیژەی دیموكراسیدا سەركەوت، كە گەیشتە سەربان، پەیژەكەی فڕیدایە خوارەوە و وویستی تێكوپێكی بشكێنێت، بەڵام ئەو كەرەستانەی پەیژەكەی لێ دروستكرابوو، لە گوڕ و تینی بازووی ترەمپ و هەوادارانی بەهێزتربوون.

لەو چوار ساڵەی فەرمانڕەوایی بەدەستەوە بوو، هەموو ئەوانەی كردن كە سەرۆكەكانی پێش خۆی زاتی ئەوەیان نەبوو پەنای بۆ بەرن؛ گوتاری پۆپۆلیستی و شەعبەویەتی گەیاندە چڵەپۆپە، جیاكاری خستە نێو ڕیزەكانی گەلی ئەمریكاوە، برەووی بە هەستی دوژمنكارانەی دژ بە بیانییەكاندا، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی خستە مەزادخانەی زەرەر و قازانجەوە، هاوپەیمانەكانی جێهێشتن و بۆشاییەكی سیاسی گەورەی لە ناوچە گەرمەكانی جیهاندا جێهێشت كە هێزە مەزهەبگەرا و نەتەوەگەرا توندڕەووەكان بە خراپترین شێوە پڕیان كردەوە، هەموو ئەوانەی لە ئیدارەكەی دوورخستنەوە كە لەگەڵ سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیدا ناكۆك و ناتەبا بوون، لە بری دامەزراوە فەرمییەكانی وڵات، سۆشیال میدیا و تویتەری كردنە سەرچاوەی بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەكان…هتد، هەموو ئەو سیاسەتانەشی چوونە خزمەت كەس و لایەن و دەسەڵاتە ستەمكارەكانی جیهانەوە، ئەوانەی هاوشێوەی خۆی بوون و باوەڕیان بە یاسای دارستان هەیە و بازاری دەمارگیری كوێرانەیان بۆ گەرم دەكرد.

لەو چوارساڵەدا زۆرێك لە بەهاو پرەنسیپە دەستوری و یاساییە كارپێكراوەكانی لەبەریەك هەڵوەشاندن و شان و شكۆیەكی بۆ ئەمریكا نەهێشتەوە، بەشێوەیەك سیستەم دیموكراسی و حوكمڕانی ئەمریكای كردە گاڵتەجاڕی یار و نەیار، تەنانەت لە زۆرێك لەو ڕێككەوتننامانەش كشایەوە كە بەرجەستەی بەرژەوەندی گشتی جیهان و هەسارەی گۆی زەوی دەكەن.
جیهان لە بەرامبەر دیاردەی ترەمپ و تڕەمپیزمدا بوونە دوو بەرەوە؛ كەمینەیەكی ئازادیخواز و زۆرینەیەكی دەسەڵاتخواز، ئەم دوو ڕەووتە چاویان لە كەوتن و سەركەوتنی تڕەمپیزم بوو، هەردوولا بە تاسەوە ڕۆژیان دەژماردن تا كۆتایی ئەو شانۆگەرییە چارەنووسسازە ببینن؛ نەیارەكان نزایان لێدەكرد و یارەكانیش بۆی دەپاڕانەوە.

ئەوانەی لە ناوە و دەرەوەی ئەمریكا لە قوڵایی دڵەوە حەزیان بە سەركەوتن و بەردەوامبوونی تڕەمپ دەكرد زۆرینە بوون، هەموویان لە تانوپۆی چەماوەی ستەمكاری و دەمارگیری كوێرانەدا یەكانگیربوون، هەموو كەس و لایەن و دەسەڵاتە ئاینگەرا و مەزهەبگەرا و نەتەوەگەرا توندڕەووەكان لەو پێڕە بوون، بە تایبەتیش ئیسلامی سیاسی ڕۆژهەڵاتی دەسەڵاتخواز كە پەروەردەكراو و گۆشكراوی میتۆدێكی نەقڵی نائەقڵانی مێژوویی توندڕەوە، هەروەها پۆتینیزم و ئەردۆغانیزم و دەسەڵاتە ستەمكارەكەی چین و زۆر سیستەم و دەسەڵاتی دیكەی تاكگەرا و دەسەڵاتخوازی ستەمكارانەی ئەم جیهانە هەواداری سەرسەختی دیاردەی ترەمپیزم بوون.

هەموو ئەو هەوادارانەی ترەمپ دوور و نزیك خەونیان بە سەركەوتنییەوە دەبینی، ئاواتەخوازبوون بتوانێت كەلتوری دیموكراسی 70 ساڵەی ئەمریكا تێكوپێك بشكێنێت، ئومێدەواربوون بە چاوی سەری خۆیان مەرگی دیموكراسی و بیری ئازاد لە ئەمریكا و دواتریش لە هەموو جیهان ببینن، تامەزرۆ بوون میراتی دیموكراسی ئەمریكا وەك گۆشتی خێر بەسەر ویلایەتەكانیدا دابەش بكرێت، ئەوجا بێن و تانە و تەشەر لە خودی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ بدەن و بڵێن ئەو بیرۆكەیە بە كەڵكی حوكمڕانی جیهان نایەت و هەموو بەڵاو نەگبەتییەكانی مرۆڤایەتیشی بەشاندا هەڵبواسن.
بە تەماشاكردنێكی ووردی هەڵویستی هەوادارانی تڕەمپ، چ وەك تاك یان لایەن یان حزب یان دەوڵەت، كە ڕۆژانە لە میدیا جۆراوجۆرەكانییانەوە بازاڕیان بۆ گەرم دەكرد، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە هێشتا دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و مەدەنییەت و شارستانییەتی هەسارەی زەوی لە مەترسییەكی گەورەدایە، هێشتا مرۆڤایەتی پاڵێوراوە لە هەر ئان و ساتێكدا بگەڕێتەوە بۆ پیادەكردنی ڕێساكانی دارستان و ژیانیش بگەرێتەوە سەردەمە تاریكەكانی ناوەڕاست و چاخی بەردین. 

خۆشبەختانە گەلی ئەمریكا هەڵەكەی خۆی ڕاست كردەوە، شكستیان بە ترەمپ و تڕەمپیزم هێنا، بەمەش زۆر كەس و لایەن و حزب و دەسەڵات تازیەبار بوون، هەوادار و سەوداسەرانی ئازادی و مەدەنییەت و مافەكانی مرۆڤیش لە هەموو جیهاندا ئاهێكیان هاتەوەبەر، بەوەی بەرەی چاكەخوازی و ژیاندۆستی بەردەوامی بە ڕەووڕەووی مێژوویی خۆی دەدات و بیری كۆنەپارێزی و ستەمكاری و دەسەڵاتخوازی لەگۆڕدەنێنن و بەیداخ و ئاڵای فەلسەفەی مرۆڤدۆستیش دەشەكێتەوە و ناكەوێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی