تویتەرو فەیسبوک تره‌مپ لەدونیا دادەبڕن

09/01/2021

سالار مەحمود

تویتەرو فەیسبوک تره‌مپ لەدونیا دادەبڕن
کاتێک ئازادی لەسەرۆک بەهێزترە 

لەڕووداوێکی دەگمەنی مێژوویدا تویتەر، پێگەی سەرۆکی ماوە بەسەرچووی داخست!! بەپاساوی مەترسی لەسەر خراپ بەکارهێنان‌و هاندانی ترەمپ بۆ توندوتیژی. 

هێشتا ترامپ بەفەرمی‌و بەیاسا سەرۆکی گەورەترین وڵاتی دونیایە، لەفیسبوک‌و ئینستاگرامیشەوە ناتوانێ دەنگی بگەیەنێ بەجیهان.

بولبولە شینەکانی ترامپ بەیەکجاری بێدەنگکران، پێشتریش چەند جارێک جریوەکانی سڕاونەتەوە، لەلایەن پێگەی فەرمی تویتەرەوە، بەر لەتەواوبوونی ماوەکەی، میدیا تۆڵەی خۆیان لێکردەوە.

یەکێک لەخەسڵەتە سەیرەکانی ئەو، ناکۆکی‌و دژایەتی بوو لەگەڵ میدیاو پەیامنێراندا، چەندین بەریەککەوتنی هەبوو لەگەڵ رۆژنامەنوسە بەناوبانگەکان، لەکاتی پرێس کۆنفرانسەکانیدا، هێرشیدەکردەسەر کەناڵەکان‌و دەمکوتی دەکردن.

پێشئەوەی کورسی سەرۆکایەتی بەجێبهێڵێ؛ لەیەکەم هەنگاوی یاساییدا هەرسێ تویتەر بەیەکجاری‌و فیسبوک‌و ئینستاگرامیش بۆ ماوەی دوو هەفتە ترەمپیان سزاداو سڕیانەوە.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری فەیسبوک وتویەتی، پێمانوایە رێگەدان بەترامپ بەبەکارهێنانی خزمەتگوزاریەکانمان مەترسیەکی لەڕادەبەدەر گەورەیە.

ئاکام لەکێشمە کێشی نێوان میدیاو ترامپدا، میدیا بردیەوە، وەک چۆن لەنێوان دیموکرات‌و کۆماریەکاندا، دیموکراتەکان هەڵبژاردنیان بردەوە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی