بەڕاست هەرێمێکی دی؟

11/01/2021

ئارێز عەبدوڵڵا

دوای قوربانییەکی زۆرو مێژوییەکی پڕ لەخەبات‌و چەرمەسەری تا توانیمان قەوارەی هەرێمی کوردستان وەدەستبێنین، بەڵام ئێستا گوێم لەهەندێ دەنگ دەبێ کە باسی جیاکردنەوەی سلێمانی یاخود دروستکردنی هەرێمێکی دی دەکەن، دەزانم دروستبونی ئەو دەنگانە لەخۆڕانییە، بەڵام ئایا بەڕاستی جیاکردنەوەی سلێمانی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتیی‌و سلێمانی بەتایبەتییە؟ 

لەڕابردودا ئێمە تامی دوو ئیدارەییمان تاقیکردۆتەوە‌و دەستکەوتەکانی یەک ئیدارەییشمان بینیون، ئایا دەکرێ لەبەر کەموکورتیەکانی دەسەڵات‌و گەندەڵی ئێمە ئەو دەسکەوتانەی تێکەڵکردنەوەی هەردوو ئیدارەکە نادیدە بگرین؟

کاتێک بیر لەبابەتی جیاکردنەوەی سلێمانی دەکەمەوە چەندین پرسیار بەمێشکمدا گوزەردەکەن:

ـ ئایا دروستکردنی هەرێمێکی تر دەرمانە بۆ چاردەسەرکردنی هەموو ئەو کێشەوگرفتانەی لەسایەی سیستمێکی سەقەت ڕوبەڕوی گەلی کوردستان بونەتەوە؟
ـ ئایا ئەگەر سلێمانی بوو بەهەرێم، ڕاستەوخۆ گەندەڵی‌و نادەدپەروەری لەو هەرێمە کۆتایی پێدێت؟

ـ ئایا لەسایەی بەهەرێمبوونی سلێمانی خەڵکی هەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕاستەوخۆ دەچنە ناو قۆناغێکی پڕ لەبەختەوەری‌و خۆشگوزەرانی؟

ـ ئایا سیستەمی سیاسی لەکوردستان بەگشتی‌و لەهەرێمی سلێمانیش بەتایبەتی پێش دەکەوێ؟

ـ ئایا ئازادی دەربڕین‌و ڕاگەیاندن‌و دیموکراسی گەشە دەکەن؟
ئەگەر بەیەک وشە وەڵامبدەمەوە، دەڵێم:  نەخێر، بەپێچەوانەشەوە:

ـ گەندەڵی لەهەردوو هەرێمەکە زیاتر تەشەنە دەکا.
ـ سیستەمی حوکمڕانی هەردوو هەرێمەکە خراپتر دەبن.
ـ لەجیاتی هەنگاونان بەرەو پێشخستنی سیستمی سیاسی‌و گەشەپێدانی دیموکراسی لەهەردوو هەرێمەکە دیکاتۆریەت دروستدەبێت.

جگە لەوانەش کۆمەڵێ ئەگەری تر هەیە دەبێ لەبه‌رچاو بگیرێن:
ـ شێوازی پەیوەندیی لەنێوان هەردوو هەرێمەکە!
ـ ناکۆکی‌و ململانێ لەنێوان هەردوو هەرێمەکە!
ـ بێهێزبوونی پێگەی گەلی کورستان بەقەوارەکەیەوە!
ـ بێ ئومێدبوون لەجێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)و گێڕانەوەی کەرکوک‌و ناوچەکانی دی!
ـ نەمانی سەرنجی دەرەوە لەسەر هەرێمی کوردستان‌و کەمبوونەوەی هاوپەیمان‌و دۆستەکانمان!

بەڕاستی سەیرە، لەکاتێکدا ئێمە دەرفەتێکمان لەپێشە بۆ ئەوەی بەخەباتی سیاسی‌و مەدەنی سیستمە حوکمڕانیەکەمان ڕاستەڕێ بکەینەوەو هەرێمەکەمان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بەهێزبکەین‌و لەبەر پشو کورتی بێین پڕۆژەی کاردانەوە پێشکەشبکەین‌و لەسەر سینیەکی زێڕین گەرەنتی دەیان ساڵى تری دەسەڵات پێشکەش بەوانە بکرێ کە ڕۆژی هەرێمی کوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاندوەو ئامادەش نین ڕیفۆڕمێکی ڕیشەیی‌و بنەڕەتی بکەن!

ئەی ئەوانەی دەتانەوێ سلێمانی جیابکەنەوە، ئەرێ ئێوە ڕەحمێکیش بەخەڵکی هەولێرو دەهۆک ناکەن؟ 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی